ئایار 07, 2021

لە زۆرینەی دامودەزگا تەندروستییەکان پرۆژەی سیستەمی چاودێری تەندروستی کارا دەکرێت

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

 

بەمەبەستی بەرەو پێشبردن و چاکسازی کردن لە کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامار و زانیاری دروست، وەزارەتی تەندروستی كار بۆ كاراكردنەوەی سیستەمەكە دەكات.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە چاودێری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، و تیمی پرۆژەی سیستەمی چاودێری تەندروستی KRG-HIS و تیمی وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی ڕۆما - تۆر ڤێرگاتا لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو، باس لە بەرەو پێشبردن و چاکسازی کردن لە کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامار و زانیاری دروست بەلایەنی پەیوەندی دارکرا، كە تێیدا ئامانج لە پرۆژەكە بەرەو پێشبردن و چاکسازی کردنە لە کەرتی تەندروستی وكاراكردنەوەی پرۆژەكەیە.
ئەم پرۆژەیە بە هەماهەنگی و هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت و بڕیاردرا بە کاراکردنەوەی پرۆژەکە لەو سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکانەی کە سیستەمەکەی تێدایە و لە هەمانکاتیشدا فراوانکردن و کردنەوەی سەنتەر و بنکەی زیاتر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و دابینکردنی تیمی تایبەت و پێداویستتیەکانیان بەمەبەستی تۆمارکردن و زانیاری وردی چاودێری نەخۆشان و هاووڵاتیان .
لە كۆبونەوەكەدا تیمی وەزارەتی تەندروستی ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک و بەرەوپێشبردن و سەرکەوتنی پرۆژەکە.
لەلایەن خۆشیانەوە تیمی زانکۆی ڕۆما و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا جەختیانکردەوە لە پاڵپشتی تەواوی پرۆژەکە و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا کە لەبابەتی ڤاکسین و ڤاکسین فیزا هاوکارو هەماهەنگبن.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ساڵی 2015، ئیتاڵیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگیانكرد بۆ دروستكردن و دەستپێكی سیستمەێكی، تەندروستی. وە پرۆژەكە لە ساڵی 2018 كەوتە بواری جێبەجێكردن.
ئەم پرۆژەیە سەروەتێكی بەنرخە بۆ سیستەمی تەندروستی، چونكە دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیان كە بارودۆخی تەندروستی بەشێوەیەكی، ستاندارتە پزیشكییەكان لە سەرەوە بۆ خوارەوە چاودێری دەكرێت.
هاوكات دۆزینەوەی ئامار و داتا پزیشكییەكان زۆر ئاسان دەكات و تۆمارەكان بە ئاسانیی بەردەست دەبن.
هەروەها مەبەستی سەرەكی سیستەمی تەندروستی بەدەستگەیشتن و زانیاری دروستە لەسەر ئاستی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەكان و سەنتەر و بنكە تەندروستییەكان دەربارەی هەریەك لە (دەستنیشانكردنی نەخۆشی، وردەكاری نەخۆشییەكان، بارودۆخی دایك و منداڵ، لەدایكبوون و مردن).
پێشتر ئەم سیستەمە لە 60 نەخۆشخانە و بنكە و سەنتەرەكان كاری پێكراوە، لە هەرسەنتەرێكیش دووكەس ڕاهێنراون بۆكارپێكردنی سیستەمەكە.
ئەم سیستەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ گۆڕانكاری سیستەمی تەندروستی و كاریگەری دەبێت لە هەر گۆڕانكارییەك.

 

© 2017 Hawler