ئایار 07, 2021

میزەچركە چییە وكێ توشی دەبێت؟

ئەژین عەبدوڵڵا - هەولێر

 

میزەچركە، کێشەیەکە لەو کێشانەی تووشی پیاوان دەبێت، کە لە ئاکامدا ڕێرەوی میزەڕۆ لە بەشێکی چووکی فراوان دەبێ و وادەکات دوای میزکردن کەمێک یاخود چۆڕێک میز لەناو میزەڕۆدا بمێنێتەوە بەمەش تووشی حاڵەتەکە دەبێت .

د. یادگار عەبدولجەبار شوانی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکی پیاوان و لاوازی سێکسی و چاندنی گورچیلە، ئاماژە بەوەدەكات كە، ئەم حاڵەتی تووش بوونە %99 نەخۆشی نییە، بەڵام حاڵەتێکی بێزارکەرە کە تووشی زۆربەی پیاوان دەبێت و وادەکات بۆ چوون بۆ میزکردنێکی ئاسایی کاتێکی زۆریان پیویست بێت، زۆر کەس دەلێن ئەمە نەخۆشییە یان نا لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە بە هەموو شێوەیەک نەخۆشی نییە، تەنیا فراوان بوونی بەشێکی میزەڕۆیە .
د. یادگار عەبدولجەبار شوانی ڕوونیدەكاتەوە كە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە پێویست بە هیچ جۆرە دەرمانێک ناکات، تەنها لەڕێی مەساجکردنی میزەڕۆوە چارەسەر دەکرێت، بەشێوەیەک لەنێوان " کۆم و گوون" لەبەشی خوارەوەی میزەڕۆ مەساجی بکە تا دەگاتە بەشی پێشەوەی میزەڕۆ بۆ ماوەی 10 چرکە هەر کاتێک چوویت بۆ میزکردن، بەم شێوەیە تا چەند مانگێک بەردەوام بە چارەسەری کێشەکەت دەکەیت .
ئەو پزیشكە پسپۆڕەیە هۆشیاری ئەوەش دەدات، لە هەندێک حاڵەتی نەخوازراودا، ئەگەر لەگەڵ میزکردن ئازارت هەبوو، بۆ چارەسەر پێویستە سەردانی پزیشکی شارەزا بکەیت، پچونكە زیشکەکەش ڕێکاری تەندروستی و لەڕێی ئامێری سۆنەرەوە کێشەکەت دیاری دەکات و بەگوێرەی حاڵەتەکە چارەسەری گونجاو دادەنێت.

 

© 2017 Hawler