ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئێستاکە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاری هونەری سەخت و دژوارە

هونەرمەند جەمیل مەفاخری، دەرهێنەری ناسراوی كورد پێی وایە بەرهەمی سینەما لە باشووری كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام پێویستە هونەرمەندان وا بیر بكەنەوە كە بەرهەمەكانیان بینەری دەرەوەش سەیری بكەن.

جەمیل مەفاخری، دەرهێنەری ناسراوی كورد خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و تائێستا چەندین كاری لە چەند درامایەكدا كردووە ئەوانیش (كارەگا، رۆژگارێ لە گەڕەك، زریان، پڕۆفیشاڵ) هەروەها دوو دۆكیومێنتاری لەسەر ئاوارەكانی كورد كردووە، لەگەڵ چەندین كورتەفیلم و فیلمی درێژ.
جەمیل مەفاخری لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (هەولێر) رایگەیاند، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دۆخی هونەر بە گشتی و سینەماش بەتایبەت لەسەر ئاستی جیهاندا زۆر لاواز بووە؛ نەخاسمە بۆ ئەو بەرهەمانەی لەڕووی داراییەوە پێویستیان بە سەرفكردنی پارەیە، هەروەها لەڕووی روئیا و خولیای هونەرمەندانیشەوە هەمان حاڵەتە بۆ نموونە هونەرمەندێك دەبینێت لە كۆمەڵگەكەیدا دەیان كێشەی جۆراوجۆر هەیە ئیدی ناتوانێت بیر بكاتەوە و رووداوێك دروست بكات، چونكە ئەوانیش دووچاری ئەو كێشانە دەبن كە روو دەدەن.
ناوبراو ئاماژەی بە دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد و وتی "ئێستا لە رۆژهەڵات ئەو پاڵپشتیانە نییە كە بمانەوێت بەرهەمێکی هونەریی باش دروست بكەین، بۆیە ئەو هونەرانەی بینەری تایبەتییان هەیە زیاتر روویان لە ئاڵۆزی كردووە".
مەفاخری روونی كردەوە "ئێستا خۆم خەریكی ئیشێكم كە بمەوێت بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ بیكەم، بۆیە دەمەوێت باخێكم بفرۆشم بۆی، چونكە چەندین ساڵە ئیشم نەكردووە، لای ئێمەش راستە حكومەت پاڵپشتی سینەما دەكات، بەڵام ئیشەكە تاكەكەسیشە، واتە كەسێك نوێنەری حكومەتە، ئەو هونەرمەند هەڵدەبژێرێت، بۆیە ئەو كارە هونەرییانەی دەبرێنە دەرەوەی وڵات و دەنگدانەوەیان هەیە زۆر كەمن".
زۆرجار دەوترێت لە ڕووی سیاسییەوە كورد هێشتا لە قۆناغی خۆدروستكردندایە، بە وتەی ئەو دەرهێنەرە، لە ڕووی هونەریشەوە هێشتا كورد لە قۆناغی گواستنەوەدایە و وتی "یەكێك لەو گرفتە گەورانەی كورد هەیەتی لە قۆناغێكی راگواستنداین، واتە لە قۆناغی شاخەوە بۆ شارین، كۆمەڵگەی ئێمە هێشتا نەیتوانیوە ئەو مەدەنییەتە بخولقێنێت كە ئێمە بتوانین بەرهەمهێنمانمان هەبێت لەهەموو رووەكانەوە".
بەبۆچوونی بەشێك لە هاوڵاتیان، ئاستی بەرهەمی هونەریی لەئێران و رۆژهەڵات بەراورد لە هەرێمی كوردستان باشترە، بەو پێیەی كۆماری ئێران پاڵپشتە بە هونەر و كلتوری فارس كە كلتورێكی دەوڵەمەندن.
وەك جەمیل باسی كرد، فارسەكان بەهۆی پشتیوانی حكوومەتەوە توانیویانە و بواریان هەبووە پێشكەوتنێك و ژینگەیەكی باش بۆ خۆیان بخولقێنن، رۆژهەڵاتیش توانیویانە سوود لەو ئەزموونە باشەی فارسەكان وەربگرن، بەڵام بە بۆنی كوردەواری.
ماوەی چەند ساڵێكە لە باشووری كوردستان بەرهەمی سینەمایی و دەهێنرێن و فیستیڤاڵی كورتە فیلمی سینەمایی بەرهەم دەهێنرێن و توانیویانە بینەری باش بۆ خۆیان كۆبكەنەوە.
مەفاخری دەڵێت، سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری و شاری سنەی وەك پایتەختی موزیك هەڵبژێردراوە كە ئەمە بۆ بواری هونەر و كلتوری كوردی گرنگن لەڕووی ئەدەبیات و شیعر و تازەگەریی چیرۆك.
ئەو دەرهێنەرە بە هەندێك كلتوری باشوور سەرسامە و وتی "من لە نەوەدەكانەوە هاتووچۆی باشوری كوردستان دەكەم لە خواردن و هەموو شت ورد دەبمەوە ئاستەكان بەرز دەبنەوە، لە سینەماشدا ئاستەكە بەرز دەبێتەوە و لە رووی تەكنیكی سینەماشەوە ئاستەكەی بەرز دەبێتەوە، بەڵام كێشەی باشور ئەوەیە تەنها چاویان لە بینەری باشورە، بۆیە دەبێت بیركردنەوەیان فراوانتر و گەورەتر بێت و هەوڵ بدەین لەسەر ئاستی جیهان بەرهەمەكانیان نیشان بدرێت".
ناوبراو وتی "بەرهەمەكانی ئەم ماوەیەی رابردووی سینەماش جێی دڵخۆشین بەتایبەتیش سازكردنی فیستیڤاڵە هونەرییەكان هەست دەكرێت كارەكان بەرەو جیهانی دەڕۆن".
ئەم هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ زنجیرە درامایەك بۆ مانگی رەمەزانی داهاتوو كە 40 ئەڵقە لەخۆ دەگرێت و كۆمەڵێك ئەكتەری بەناوبانگی شارەكانی هەولێر و سلێمانی بەشداری تێدا دەكەن.

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 07 نیسان 2022 12:40