تشرینی یەکەم 15, 2021

ئه‌سرا به‌ هونه‌ره‌كه‌ی كه‌لار ڕه‌نگڕێژ ده‌كات

ئەسرا عەدنان نەریمان، كچه‌ شێوه‌كارێكی به‌ توانا و به‌هره‌مه‌ندی خەڵکی كه‌لاره‌؛ ئه‌سرا ماوه‌ی ساڵێكه‌ ده‌ستی به‌ كاری شێوه‌كاری كردووه‌، به‌ڵام به‌هره‌ و توانا هونه‌ریه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هی ساڵێك بێت، تابلۆ هونه‌ریه‌كانی ئه‌سرا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵیت كه‌ گه‌نجی كه‌لاریش شان به‌شانی ناوچه‌كانی تری هه‌رێم ده‌توانن به‌هره‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و جێپه‌نجه‌یان له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌ریه‌كاندا دیار بێت.

سه‌باره‌ت حه‌ز و ئاره‌زووه‌ هونه‌ره‌یه‌كه‌ی ئه‌سرا به‌و جۆره‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر دوا:
ھونەری شێوەکاری خولیایەکی مناڵیم بووە و ھەر لەوکاتەوە وێنەم کێشاوە، بەڵام وەک فێربوون بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ماوه‌ی ساڵێكه‌ دەستم پێکردووە، لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار لەلای مامۆستا سەردار نۆڕێ.
ئه‌سرا هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر یه‌كه‌م كاری هونه‌ری خۆی گوتی:
یەکەم چالاکیم تابلۆیەکی (ستیل لایڤ) بوو کە مانگی دووی ئەم ساڵ (2021) دروستم کردووە، نزیکەی دوو مانگی خایاند.
ئه‌سرا باسی له‌ شێوازی كار كردن و ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ كرد كه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كات و تابلۆیان پێ ده‌نه‌خشێنیت.
بۆ ھەر شێواز و تابلۆیەک کەرەستەی جیاواز پێویستن، من لە یەکەم و دووەم تابلۆمدا کە ئیشی ھێڵکاری بوون قەڵەمی تۆناتم بەکارھێناوە، لەگەڵ پەڕەیەکی تاڕادەیەک زبر.
بۆ کاری تابلۆی سێه‌مم کە تابلۆی (لوسیڤەر)ە قەڵەمی خەشەبم بەکارھێناوە کە نزیکەی زیاتر لە ھەشتا ڕەنگی تێدا بەکار ھاتووە لەسەر کاغەزی نەرم.
بۆ تابلۆی چوارەم کە تابلۆی (ستاری نایت)ی ڤانکوخە قەڵەمی (پاستیل)م بەکارھێناوە، کە ئەویش زیاتر لە پەنجا ڕەنگم بەکار ھێناوە.
ئه‌سرا بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر باس له‌ ستایڵی كاركردن و ڕیچكه‌ی هونه‌ری خۆی ده‌كات.
زیاتر ھەوڵم داوە ستایلێکی تایبەتم ھەبێ بەتایبەتی لە دانانی ڕەنگەکان، تابلۆکان ھیچکات کۆپیی فۆتۆکە نەبوون، بەڵکو ئەو شێوازە بوون کە من ئەمەوێت.
كچه‌ شۆخی شێوه‌كاری كه‌لار زیاتر دواو گووتی:
ئەمەوێ تابلۆیەکی ڤانکوخ بنەخشێنم، ھەروەھا بەردەوام بم لە ڕاھێنان لەسەر فیگەرەکان.
ئه‌سرا باس له‌ كه‌شی هونه‌ری كه‌لار ده‌كات و، نیگه‌رانه‌ له‌و كه‌شه‌ هونه‌ریه‌ی ئێستا.
بزاڤی ھونەر نەک تەنیا لە کەلار، بەڵکو لە ھەموو کوردستان بەداخەوە زۆر سسته‌، بەگشتی گرینگی بە ھونەر نادرێت، ئەم چالاکی و پێشانگایانە کە لەم ساڵانەی دواییدا به‌ڕێوه ده‌چن، بە خۆشحاڵیه‌وه‌ گەنج ھان دەدەن بۆ زیاتر گرینگیدان بە ھونەر؛ کە ئەمەش مایەی دڵخۆشیە.
کەلار شارۆچکەیەکی بچووک و داخراوە، ئاستی تێگه‌یشتن بۆ ھونەر زۆر لاوازه‌، بۆیە تێڕوانینیان بۆ ھونەر و ھونەرمەندان نیە، لە کۆتاییدا بە هونه‌ر گرینگ نابینن. ھێشتا ئێمەومانان و، ئەو کەمە ھونەرمەندەی لە شارەکەدا ھەیە، چ لە بەشی موزیک بن یان شێوەکاری ھەوڵمانداوە بەردەوام ڕووحێکی ھونەری بپرژێنینە شارەکە...
ئەوەش ھەمیشە جێی خۆشحاڵیە کە ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی ھونەری شارەکە باشتر دەبێت، ھونەرمەندی زیاتر و ھونەردۆست زیاتر درووست دەبن.
ئه‌سرا له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردودا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شێوه‌كاری هاوڕێی پیشانگایه‌كیان كرده‌وه‌؛ له‌سه‌ر ئه‌و چالاكیه‌ به‌و جۆره‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر دوا:
پێشانگایه‌كه‌ له‌ ژێر ناوی (ڕه‌نگه‌كان ده‌ستی یه‌كتر ده‌گرن)دا به‌ڕێوه‌ چوو، بۆ یادی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری گه‌نجانی كه‌لار و ڕێكخراوی مناڵپارێزی كوردستان بوو، له‌و پێشانگایه‌دا (19) شێوه‌كار به‌شدار بووین، به‌ سه‌رپه‌رشتیی مامۆستای هونه‌رمه‌ند (سه‌ردار نۆڕێ).
ئه‌و چالاكیه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی له‌ گه‌رمیان هه‌بوو، جوڵه‌یه‌كی باشی دروست كردووه‌، به‌ هیواین بتوانین به‌رده‌وام بین.
ئه‌سرا، شێوه‌كاری كه‌لاری له‌و پێشانگایه‌دا به‌ چوار تابلۆ به‌شداری كردووه‌ و، هه‌ر تابۆیه‌ی به‌ شێواز و كه‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆر دروست كردووه‌.

 

ئا : لاپەڕەی هونەر

 

© 2017 Hawler