تەمموز 24, 2021

دوای (74) ساڵ تەمەن هێشتا دڵی بۆ هونەر لێدەدات و پرۆژەی هەیە!

خانمە هونەرمەندی بە ئەزموون (بەدیعە دارتاش)ـە، لە ئێستادا (74) ساڵ تەمەنیەتی، بە تەنها و لە نێو تەنیاییەكی پڕ لە جوانی ماڵێكدا بۆنی گوڵ و رەیحانەو مێخەك لێی دەبارێ و، كتێب بۆتە باشتریین و هاودەمتریین دۆستی، لە ژیانێكی سادە و ساكاردا هێشتاكە ئومێدەكانی لە بەهارێكی سەوزدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو ژنە جوامێرەی شانۆی كوردی، هەتا ئێستاكەشی لەگەڵدابێت، پێنوسەكەی بۆ نووسینەوەی بیرۆكەی كاری تازەی هونەری دەخاتە سەر پەرەی كاغەز و ناوەستێ لە سەر وەستان!،

لە لێدوانێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" باسی ناوەرۆكی كتێبەكەی و هەروەها چەند باس و خواستێكی هونەرییمان بەیەكەوە هێنایە بەرباس.
لە دەستپێكی قسەكانی دا لەبارەی ئەوەی كە دەگوترێ ئایا یەكەم ئافرەتی كورد بووە چووە بۆ سەر تەختەی شانۆ ؟ لەوەڵامدا گوتی :"بەڵێ من یەكەم ئافرەتی كوردم لە كوردستان چوم بۆ سەر تەختەی شانۆ، ئەم مێژووە نەك لە سەر ئاستی هه‌رێمی كوردستانی خۆمانە، بەڵكو من لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش كاتێك چووم بۆ سنە بۆ فیستڤاڵێكی شانۆیی، خەڵاتی ئەوەیان پێ بەخشم، كە من یەكەمین ئافرەتی كوردم لە رۆژهەڵات و هه‌رێمی كوردستان چوومەتە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكان و كاری هونەرییم ئەنجامداوە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا ئەو خانمە هونەرمەندە ئەوەشی گوت : " بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم كاتێك بۆ خوێندنی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان چومە بەغداد، تەنها چەند هونەرمەندێكی پیاو لەوێ بوون بۆ خوێندن، ئەوانیش (مامۆستا ئەحمەد سالار)ـو هونەرمەندانی كۆچكردوو (تەڵعەت سامان و فەرهاد شەریف)ـیش، جگە لەوانە ئەو سەردەمە كەسی دیكە لە كورد لەوێ نەبوون!".
لە بارەی نووسینی بیرۆكەی سیناریۆك بۆ درامایەكەی تەلەفزیۆنی خانمە هونەرمەند (بەدیعە دارتاش) گوتی: "من دوای (74) ساڵ تەمەن هێشتا لێدانی دڵم لە ئاستی گەنجێكی خوێن گەرمدایە!،
لە ئێستادا سیناریۆیەكم نووسیووە لە بارەی خانمێكی خواناسی گەورە ئەویش (رابیعەی عەدەوی)ـیە، دەمەوێ بیكەم بە فیلمێكی جوان، چونكە من زۆر سەرسامم بەژیانی عاریفانەو خواناسی ئەو خانمە، دەمەوێ ئەو كارە بكەم بەیەكێك لە وێستگە جوانەكانی ژیانم، هەرچەندە من هەموو كارێكی هونەرییم بە جوانی هێناوەتە بوون، بەڵام ئەوەیان یەكێكە لە ئاواتە بەدی نەهاتووەكانم!، ئومێدم وایە ئەو ئاواتەم لە رێگەی یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی دراما، یاخوود لە نێو ئەو هەموو كەناڵە، تەله‌فزیۆنێك ئەو بەرهەمەم لە ئامێز بگرێت!".
لە بارەی نووسین و دوایین كتێبی خۆی مامۆستا (بەدیعە) ئەوەشی گوت : "دوایین كتێبم لە ژێر ناوی (یادەوەرییەكانم لە رۆژە سەختەكاندا) ئەم كتێبە باسی سەربوردەی ژیانی خۆمی لە ئامێز گرتووە، بەر لەوەی بچم بۆ قوتابخانەو ئەوەی لە هزرمدا مابووبێت لەم كتێبەدا باسم كردووە، قۆناغ بە قۆناغ، بەتایبەتی ئەو سەختییەی من وەك یەكەم ئافرەتی كورد، دیارە زەحمەتییەكانی ژیانی من ئەوەندە زۆرن كە رەنگە كتێبێكی لەو شێوەیەش فریام نەكەوێ هەموویم باسكردبێ!، بەڵام مشتێكم لەم خەرمانە گەنگەشە كردووەو بڵاوم كردەوە، ئەگەرچی هێشتا زۆر بابەت ماوە بیان خەمە سەر رووپەری لاپەرەكانم و بە شێوەی كتێب بە چاپی بگەینم!".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler