ئەیلول 27, 2021

هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌، گۆڕێكی وون بوو

عه‌بدالی دینێ چیا مه‌گۆ حه‌می چیانه‌
چاڤی ڕه‌ش و به‌له‌ك دنیا عه‌له‌مێ
خودێ زانی چه‌ند به‌لانه‌
ئاخ ئای لمن....

جێگای داخه‌ كه‌سمان نازانین گۆڕی گه‌وره‌ پیاوێكی وه‌ك حه‌سه‌ن جه‌زراوی له‌ كوێیه‌، كورد نه به‌ زیندوویی ‌قه‌دری گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی ده‌گرێت نه‌ به‌ مرووی شوێنه‌وارو گۆڕیان ڕێز لێده‌گرێت. حه‌سه‌ن جه‌زراوی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی كورد، به‌ هه‌ژاری ژیاو، له‌كاتی كۆچه‌كه‌شیدا كه‌س نه‌یزانی له‌ كوێ نێژراوه‌..كه‌ ده‌بوو له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانه‌وه‌ ڕوومان له‌ زاخۆ كردبایه‌و، به‌شداری مه‌راسیمی ناشتنی جه‌زراوی بووباین، دوای سی ساڵ له‌ ئازادیمان وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌ولی نه‌دا گڵكۆی جه‌زراوی له‌ زاخۆ بدۆزێته‌وه‌، خه‌مساردین له‌ به‌رامبه‌ر كه‌لتورو، مێژوو،ڕابردوومان، ووی ڕیزین له‌ به‌رامبه‌ر هونه‌رمه‌ندوو داهێنه‌رو گه‌وره‌ پیاوانمان . ئای له‌ چ ڕۆژێكی ڕه‌ش داین.....
حه‌سه‌ن جه‌زراوی (حه‌سه‌ن فه‌تاح ئه‌حمد)، خه‌ڵكی جه‌زیره‌و بۆتانه‌، له‌ ساڵی (1917) له‌ شاری جه‌زیره‌ له‌ دایك بووه‌. هه‌ندێك رای تریش هه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ له‌ (1918) له‌ دایك بووه‌.
حه‌سه‌ن جه‌زراوی دوو براو خوشكێكی هه‌بووه‌ برایه‌كانی به‌ناوی (محی الدین، چاچان) بوون، خوشكه‌كه‌شی ناوی (ئایا) بووه‌.
باوكی حه‌سه‌ن جه‌زراوی گۆرانیبێژێكی ده‌نگخۆشی ناوچه‌ی جه‌زیره‌و بۆتان بووه‌. حه‌سه‌ن جه‌زراوی كوڕی به‌شێكی زۆر له‌و لاوك و گۆرانی بێژانه‌ له‌ باوكیه‌وه‌ فێربووه‌. به‌شێك له‌و لاوك و سترانانه‌ی كه‌ له‌ باوكیه‌وه‌ فێریان بووه‌ تۆماری كردوون و پاراستونی، جه‌زراوی به‌شێكی زۆر له‌ سترلان و لاوكی كورده‌واری تۆمار كردوه‌و پاراستووه‌ .بۆ نمونه‌ لاوكه‌كانی (مه‌تران عیسا، ساڵحۆ، عه‌بدالی، خونیس، ئه‌حمه‌دی مالا موسا....هتد) له‌و لاوكانه‌ن كه‌ له‌ناو دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكدا جێگایان كردبۆوه‌، كه‌ به‌شێكیان داستان و چیرۆكی پاڵه‌وانێتین.
دوای له‌ دایك بوونی حه‌سه‌ن جه‌زراوی، باوكی به‌ره‌و زاخۆ ماڵ ده‌گوازیته‌وه‌و له‌وێ نیشته‌ جێده‌بن و، له‌ ته‌مه‌نی منداڵی دایكی به‌ناوی (شه‌مسا حه‌مید) كۆچی دوایی ده‌كات، له‌به‌ر په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی باوكی ژنێكی تر ده‌خوازێت به‌ ناو (حه‌لیمه‌) .
حه‌سه‌ن جه‌زراوی له‌ ته‌مه‌نی له‌ ده‌ساڵیه‌وه‌ چاوه‌كانی به‌ره‌و كز بوون ده‌چن و كاتێك ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی (18) ساڵی به‌یه‌كجاری ڕووناكی له‌ چاویدا نامێنێت و نابینا ده‌بێت.
جه‌زراوی له‌ ساڵی (1941) به‌و لااوه‌ ده‌چێته‌ شاری (به‌غدا) به‌ ته‌نها ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و، هه‌فته‌ی رۆژێكیش له‌ ئیزگه‌ی (به‌غدا) ئاهه‌نگ و به‌رنامه‌ی ده‌بێت و گۆرانی تۆمار ده‌كات. هه‌ر له‌وێ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ په‌یدا ده‌كات و گۆررانیان له‌گه‌ڵ ده‌ڵێت وه‌ك ( مریه‌م خان، مه‌حه‌مه‌د عارف جه‌زیری، ئه‌ڵماس خان)
له‌گه‌ڵ مه‌حه‌مه‌د عارف جه‌زیری په‌یوه‌ندیه‌كی دێرینی ده‌بێت و پێكه‌وه‌ له‌ زاخۆ گۆرانی و لاوكیان گووتوه‌و، گه‌شت و گه‌ڕانی هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌.
له‌ ساڵی (1961) جه‌زراوی له‌ به‌غدا هاوسورگیری ده‌كات و دوو كچ و كوڕێكی ده‌بێت به‌ناوه‌كانی (ئه‌مساڵ، فه‌له‌ح، سوندس).
له‌ سالانی شه‌سته‌كان جه‌زراوی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (عه‌لی مه‌ردان) ده‌چنه‌ ئێران و میوانی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك) ده‌بن. له‌ ڕێگه‌ی (زیره‌ك) ه‌وه‌ له‌ ڕادیۆی كرامانشان چه‌ندین به‌سته‌و گۆرانی تۆمار ده‌كه‌ن.
جه‌زراوی له‌ (1975) خانه‌نشین ده‌بێت و تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت و دواتر غه‌ریبی كوردستان وای لێده‌كات و به‌ ماڵه‌وه‌ بێته‌وه‌ (زاخۆ)، رۆژ به‌ رۆژ باری ته‌ندروستی خراپ ده‌بێت و له‌ رۆژی (9-7-1983) به‌ په‌له‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌یگه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی زاخۆ، دوای پشكنین ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ردوو گورچیله‌ی وه‌ستاوه‌، له‌هه‌مان رۆژ حه‌سه‌ن جه‌زراوی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند كۆچی دوایی ده‌كات و له‌ گۆڕستانی (زاخۆ) به‌خاك ده‌سپێردرێت.
جه‌زراوی چه‌ندین لاوكی و پڕ سۆزو به‌سته‌و مه‌قامی كورده‌واری بۆ جیهێشتووین، كه‌ تا كورد مابێت له‌ بیرناكرین...

 

سەرکەوت بورهان

 

 

 

© 2017 Hawler