حوزەیران 21, 2021

ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم له‌ نیگاری هاوچه‌رخی هەرێمی کوردستاندا

خه‌لیل عه‌لی

 

كتێبی ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم له‌ نیگاری هاوچه‌رخی كوردستانی باشووردا له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند و ڕه‌خنه‌گری كورد (وه‌هبی ڕسوڵ) نووسراوه‌ و له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری- به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان له‌ دووتوێی كتێبێكی (672) لاپه‌ڕه‌ییدا ساڵی (2010) له‌ چاپخانه‌ی شڤان له‌ شاری سلێمانی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
   ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبه‌ ماسته‌رنامه‌یه‌كه‌ پێشكه‌شی به‌شی شێوه‌كاری (كۆلێجی هونه‌ر)ی زانكۆی سلێمانی كراوه‌ و به‌شێكه‌ له‌ پێداویستییه‌كانی وه‌رگرتنی پله‌ی (ماجستێر) له‌ هونه‌ری نیگاركێشاندا.
   شایانی باسه‌، ئه‌م كتێبه‌ كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری هه‌ستیاری هونه‌ری تێدایه‌، كه‌ توێژه‌ر، یان نووسه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه‌. بۆیه‌ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به ‌دواداچوون بۆ ئه‌و سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌ هونه‌ری و ئیستاتیكیانه‌ ده‌كات، كه‌ بزاڤی ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم له‌كاری هونه‌ری به‌دیهاتووی هاوچه‌رخی كوردستاندا تاكگه‌رایی تێدا به‌ده‌ست هاتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی بنكۆڵكردن له‌ سیسته‌مه‌ به‌رهه‌مێنه‌ره‌كانی نیگاركێشان و ئه‌و هێمایانه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر ڕووه‌ نیگاركێشراوه‌كه‌ی هه‌ڵیان گرتووه‌، له‌ میانی كردنه‌وه‌ی كۆد و ئاسته‌ بینراوه‌كانی له‌ڕێی شیكردنه‌وه‌ی بونیادی بینه‌یی (ڕووداوه‌ ئیستاتیكییه‌كه‌) كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌وه‌.
   هه‌روه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوار وه‌رزه‌وه‌، كه‌ وه‌رزی یه‌كه‌می (چوارچێوه‌ی گشتی توێژینه‌وه‌) ته‌رخانه‌ بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌ی سه‌ره‌كی توێژینه‌وه، ‌كه‌ نائاماده‌یی دیاریكراوه‌ مه‌عریفییه‌كان بۆ چه‌مك و تایبه‌تمه‌ندیی سیمای ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم و میكانیزمی كاركردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌ها و گرنگی له‌ به‌دی هاتووه‌ هونه‌رییه‌كانی هەرێمی کوردستاندا له‌خۆ ده‌گرێت، له‌ڕێی كۆمه‌ڵێك پرسیاره‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا چڕ و كۆ كراوه‌ته‌وه‌ و توێژه‌ر مانا و مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا ڕوون كردۆته‌وه‌.
به‌ڵام له‌وه‌رزی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌دا، وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی مه‌عریفی توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ و پێنج توێژگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، توێژگه‌ی یه‌كه‌م له‌بری پێشه‌كییه‌كه‌ بۆ چه‌مكی زاراوه‌ی پۆست مۆدێرنه‌ بۆ ده‌ورانی ئه‌و زاراوه‌یه‌ له‌ كایه‌ی چه‌مكگه‌رایی و مه‌عریفیدا، توێژگه‌ی دووه‌میش تایبه‌ته‌ به‌ بونیادی فیكری فه‌لسه‌فه‌ی چه‌مكی پۆست مۆدێرنه‌، ئیدی ئه‌م توێژگه‌یه‌ ڕه‌خنه‌ی فیكری پۆستمۆدێرنه‌ بۆ ڕاگره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فیكری مۆدێرنه‌ له‌خۆ ده‌گرێت له‌ (خودگه‌رایی و ئه‌قڵانی و نه‌هلیستی) ئیدی به ‌پێی بیروڕا و هزری فه‌یله‌سووفانی گوما‌نگه‌را، تا گه‌یشتن به‌ بینگه‌ی ڕه‌خنه‌یی فه‌لسه‌فه‌ی (هایدگه‌ر) له‌م بواره‌دا.
هه‌روه‌ها توێژگه‌ی سێهه‌میش تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌خششه‌كانی پۆست مۆدێرنه‌، له‌ هه‌ردوو كایه‌ی مه‌عریفی و بینه‌ییدا، كه‌ ئه‌م توێژگه‌یه‌ كاریگه‌ری فیكری پۆست مۆدێرن و به‌خششه‌كانی له‌سه‌ر چه‌ند خولگه‌ له‌ كایه‌ی مه‌عریفیدا ڕوونده‌كاته‌وه‌، وه‌ك ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ دوالیزم و كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی به‌كاربه‌ری و ڕێژه‌گه‌رایی و ڕێكه‌وت و وه‌رچه‌رخانه‌كانی هزری ئایینی و نه‌هلستی بوون له‌ هه‌ستكردن به‌ ناسنامه‌ و ئینتیما و هه‌ژموونی ڕاگه‌یاندن و وێنه‌ لەم سەردەمەدا، به‌ڵام ده‌رباره‌ی كایه‌ی بینه‌یی، توێژه‌ر له‌ ده‌روازه‌ی چه‌ند ته‌وژمێكی هونه‌ری هاوچه‌رخی داوه‌ به‌ ئاماژه‌دان به‌ هه‌نجه‌تی ئیستاتیكی و مه‌عریفیان.
توێژگه‌ی چواره‌میش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و درێژی ته‌وژمی ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم دێت، به‌ ده‌ستپێك به‌ ڕیشه‌ی مێژوویی ئه‌و ته‌وژمه‌ هونه‌ریه‌ و تێپه‌ڕین به‌ بونیادی فیكری ئه‌بستراكت ئێكسپرێشنیزم و پێكهاته‌ی ڕووی كاركردنی بینه‌یی له‌ نیگاری هونه‌رمه‌نده‌كانیدا، تا گه‌یشتن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌دیهاتووی هونه‌ری و ستایلی هونه‌ری دیارترین هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌ ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا.
 هه‌روه‌ها له‌ وه‌رزی دووه‌م به‌ توێژگه‌ی پێنجه‌م كۆتایی دێت، كه‌ له‌ ژێر ناونیشانی (ده‌روازه‌یه‌ك بۆ مێژووی هونه‌ری نیگاركێشان له ‌هەرێمی کوردستان)دایه‌، كه‌ له‌م توێژگه‌یه‌دا پوخته‌یه‌ك بۆ مێژووی بزاوتی هونه‌ری نیگاركێشان له‌ كوردستان به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ سه‌رده‌مه‌ مێژووییه‌ كۆنه‌كاندا بۆ سه‌رده‌می ئیسلام خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌رچۆن تێیدا نمایشی ئه‌و ژێده‌ره‌ خاوه‌ن فشار و هه‌ژموونگه‌راییانه‌ كراوه‌ له‌ بزاڤی هونه‌ری نیگاركێشاندا له‌ هەرێمی کوردستان به ‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، وه‌ك ڕۆڵی ڕوداوه‌ مێژوویی و ژێده‌ره‌كانی تری وه‌ك ژینگه‌ی سروشتی و جوگرافی و كه‌لتووری میللی و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و ڕۆڵی ئه‌م ژێده‌رانه‌ له‌ ئاماده‌بونه‌وه‌ی ده‌قێكی بینه‌یی هاوچه‌رخدا، له‌ته‌ك خستنه‌ڕووی سه‌ره‌تاكانی نیگاركێشانی هاوچه‌رخ له‌ هەرێمی کوردستان.
   به‌ڵام له‌ وه‌رزی سێهه‌مدا، به‌جێهێنانی توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌نوێنێ، كه‌ میتۆدی توێژینه‌وه‌كه‌ (وه‌سفی شیكاری) ده‌گرێته‌وه‌ و نموونه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ش له‌ ڕێی پۆلێنكردن و ڕێكخستنیان به ‌پێی مێژوو ته‌مه‌نی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند و به‌های له ‌نێوه‌ندی هونه‌ری كوردستاندا جیاكراونه‌ته‌وه‌ بۆ دیاریكردنی كاره‌كان (نموونه‌ی كاره‌كان) كه‌ (24) تابلۆیه‌، به ‌شێوازێكی مه‌به‌ستگه‌رایی خۆبه‌خۆیی هه‌ڵبژێردراون، هه‌رچه‌نده‌ توێژه‌ر بیروڕای شاره‌زایانی ده‌رباری و مه‌ودای نواندنیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ بنچینه‌ییه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌، توێژه‌ر پشتی به‌ستووه‌ به‌و پێوه‌ره‌ ئاماژه‌ییانه‌ی، كه‌ ده‌رئه‌نجامی چوارچێوه‌ی تیۆری توێژینه‌وه‌كه‌ هاتونه‌ته‌ كایه‌، به‌و وه‌سفه‌ی ئامرازگه‌لێكن بۆ شیكردنه‌وه‌.
   شایانی باسه‌، ئه‌م كتێبه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شاكاره‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری داده‌نرێت له‌ نێو كتێبخانه‌ی كوردیدا، كه‌ له‌بواری هونه‌ری شێوه‌كاری جیهانی، كوردی نووسرابێت، چونكه‌ به‌ شێوازێكی زانستی فۆرمه‌له‌ی پێشهاته‌ هونه‌رییه‌كانی بواری شێوه‌كاری ده‌كات له‌ ڕابردوو و ئێسته‌دا، كه‌ شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌.

© 2017 Hawler