ئایار 07, 2021

لەمیا ڕەسووڵ: ئەگەر واز لەراگەیاندن بێنم، حەز دەکەم کاری خێرخوازی بکەم

خانمە ڕاگەیاندکار لەمیا ڕەسووڵ تەمەنی ٣٧ ساڵە و خەڵکی باشووری کوردستانە و لە بەغدا لەدایک بووە. وەک خۆی بۆ ڕۆژنامەی"هەولێر" دەڵێ،" ئەگەر واز لە راگەیاندن بێنم حەز دەکەم کاری خێرخوازی بکەم.

 لەسەر کورتەیەک لە چالاکییەکانت بدوێ؟
لە 2005وە وەک بێژەر و هەواڵسازی بەشی کرمانجی کارم کردووە لە رادیۆ کە دەستپێکی کاری راگەیاندنم بوو. لەوێوە هەنگاوی زۆر گەورە و جیددیم نا تا بەرەو پێشەوە بچم. ساڵی 2008 یەکەم ئەزموونی تەلەفزیۆنیم تاقی کردەوە وەک بێژەر و هەوڵسازی کرمانجی ماوەی 4ساڵ کارم کردوە و ساڵی 2012 لە سایت و رادیۆ وەک بێژەر و هەواڵساز و پێشکەشکاری بەرنامە بە زمانی سۆرانی کارم کردووە. ساڵی 2013 پێشکەشکاری بەرنامە بووم. لە ساڵی 2014 ـیشەوە تا ئێستا وەک پەیامنێر بەردەوامم. جگە لەوە کاری وەرگێڕان لە عەرەبی بۆ کوردی دەکەم بۆ چەندین رۆژنامەی عەرەبی و عیراقی کارم کردووە وەکو، الحقیقە و الرای و صباح.
جگە لە ڕاگەیاندن، بەچ کارێکی تر خەریکیت؟
جگە لە راگەیاندن وەک کار هیچ کارێکم نییە تەنها سەرقاڵی ماڵ و کوڕەکەمم.
چ شتێک تۆ بە ڕاگەیاندن دەبەستێتەوە؟
 ئەوەی من بە راگەیاندنەوە دەبەستێتەوە جگە لەوەی حەز و ئارەزووی خۆمە، دەمەوێت لەو بوارەدا خزمەت بە کۆمەڵگاکەم بگەیەنم.
پێناسەی خۆت بکە لەبواری ڕاگەیاندندا؟
من نامەوێت پێناسەی خۆم بکەم، ئەوە بۆ بینەر بەجێ دەهێڵم.
گەر واز لە ڕاگەیاندن بێنیت، چ کارێکی تر دەکەیت؟
ئەگەر واز لە راگەیاندن بێنم حەز دەکەم کاری خێرخوازی بکەم.
ئەزموون تا چەند گرینگە لە ڕاگەیاندندا؟
بێگومان ژیان خۆی ئەزموونێکە و مرۆڤ لێیەوە زۆر شت فێر دەبێت، راگەیاندنیش وایە تا زۆرتر کاری تێدا بکەیت باشتر فێر دەبیت و ئەزموونی زیاترت دەبێت.
چ رووداوێکی ناخۆشت بەسەر هاتووە لە ڕاگەیاندندا؟
 تا ئێستا هیچ روداوێکی وا رووی نەداوە تا باسی بکەم، داوا لەخوا دەکەم هەمووان لە رووداوی ناخۆش بپارێزێت.

 

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler