ئایار 07, 2021

فیلمی "دایكانی من" خەڵاتی بینەرانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی بەدەستهێنا

ئاریان دەرگەڵەیی - هەولێر

 

فیلمی دیكۆمێنتی "دایكانی من" لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماكارانی كورد "ئیبڕاهیم سەعیدی" و "زەهاوی سنجاوی" و لە بەرهەمهێنانی "عەباس غەزالی" خەڵاتی سێیەمی بینەرانی بەشی "سینەمای كلاسیكی كوردی" لە دوازدەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا لە نێوان 50 هەرە باشترین فیلمە بەرچاوەكانی ساڵانی ڕابردووی ڕەوتی سینەمای كوردی بەدەستهێنا.

بەڵگەفیلمی "دایكانی من" ئەو فلیمە تایبەتە بە كۆمەڵكوژی ئەنفاڵ بە دەستی ڕژێمی بەعس، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستان، لە بەشی "سینەمای كلاسیكی كوردی" لە دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "لەندەن" لەگەڵ بەرهەمە شاكارەكانی سینەماكارانی گەورەی كورد لە وڵاتی بەریتانیا نمایشكرا.
ئەمساڵ، بەرهەمەكانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی كوردی "لەندەن" بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین نمایشكران و فیلمی دیكۆمێنتی "دایكانی من" توانی یەكێك لە سێ خەڵاتی بینەرانی بەشی "سینەمای كلاسیكی كوردی" ئەم ڕووداوە سینەماییە لە نێوان بەرهەمە شاكارەكانی ڕەوتی سینەمای كوردی بەخۆی تەرخان بكات.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 03 ئایار 2021 22:49
© 2017 Hawler