ئایار 07, 2021

گۆرانیبێژێكی كورد دەبێتە هێلكەفرۆش

گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی توركیا و بە رەگەز كورد، كێڵگەیەكی بەرهەمهێنانی هێلكە دروست دەكات و، دەڵێت ئیدی لە هونەرەوە بەرەو هێلكەفرۆشتن هەنگاو دەنێم.

جۆشكوون سەباح، هونەرمەندی دیاری توركیا و خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستان، لە كاری گۆرانیگوتن و دانانی ئاوازەوە بەرەو هێلكەفرۆشتن هەنگاوی نا. ئەو دەڵێت ئەگەر پێشتر وەكوو گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر منیان ناسیووە، ئێستا دەبێت پێم بڵێن جۆشكوونی هێلكەفرۆش.
جۆشكوون لە وتەیەكیدا بۆ ئاژانسی (سپوتنیك)، بەم شێوەیە باس لە كێڵگەكەی دەكات كە هێلكەی تێدا بەرهەم دەهێنێت: ”رۆژانە ١٥ هەزار هێلكە بەرهەم دەهێنین. تێچووی ئەو پڕۆژەیە یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار لیرەی توركی بووە. كێڵگەكەم بەخێوكردنی مریشكە تا هێلكە بەرهەم بهێنێت و لەسەر رووبەری ١٧٨٠ مەتر چوارگۆشە كێڵگەكەمان دروست كردووە“.
جۆشكوون وەكوو خۆی باسی دەكات، بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئیدی لە سێكتەری مووزیكدا قازانج كردنی پارە بوونی نەماوە، بۆیە دەبێت كارێكی تر بكەیت تا بتوانیت ئیدارەی خۆت بكەیت.
ئەو دەڵێت: ”هاوڕێ هونەرمەندەكانم زۆر پشتگیریم دەكەن و پێیان كارێكی باشە. ئومێدم هەیە ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورە بكەم و لەمەودوا هێلكە دەركردەی دەرەوەی توركیاش بكەم“.
جۆشكوون بە جەماوەرەكەی دەڵێت، وازم لە گۆرانیگوتن و دانانی ئاواز نەهێناوە، بەڵام لەپاڵ هونەرەكەمدا، ئیدی دەبمە هێلكەفرۆشیش.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاشكرای دەكات، ماوەی ١٠ مانگ دەبێت هیچ هونەرمەندێكی بواری گۆرانی لە توركیا قازانجی دارایی نەكردووە، بۆیە بەدەستهێنانی پارە لە سێكتەری مووزیك كۆتایی هات و دەبێت گۆرانیبێژ بە دوای كار و پڕۆژەی تردا بگەڕێت.
جۆشكوون، بەڵێن بە جەماوەرەكەی دەدات، ئەو پارەیەی لە هێلكەفرۆشتن دەستی دەكەوێت، لە هەر ٦ مانگ جارێك، گۆرانییەكی پێ تۆمار بكات و پێشكەشیانی بكات.

© 2017 Hawler