ئایار 07, 2021

هەندرێن خۆشناو پێشانگای کاریکاتێری لە نیساندا کردەوە

هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست هەندرێن خۆشناو، ساڵانێکی زۆرە لە بواری شێوەکاری و کاریکاتێردا کار دەکات، و ئەزموونێکی زۆر و هەگبەیەکی پڕ بەرهەمی هەیە، ئەم ئەزموونە وای کردووە، کە ئەم هونەرمەندە لەسەر ئاستی کوردستان ببێتە پێشەنگێک لەم بوارەدا، جێ پەنجەی دیارە، کار و بەرهەمەکانی نەک لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبوونەتەوە و نمایشکراون، لە دوایین چالاکییەکانیدا کردنەوەی پێشانگایەکی کاریکاتێری بوو بە ناونیشانی (کاریکاتێر لە نیساندا)، کە پێک هاتبوو لە ٢٢ تابلۆی کاریکاتێریی، کەسایەتییە جیهانیەکان لە سەرۆکی وڵاتان و دیکتاتۆرەکان و هونەرمەند و وەرزشوانان.

لەم بارەیەوە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵیدا سازدا.

• وابزانم تۆ یەکەم کاریکاتێریستی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراقدا، کە بە ستایلی دیجیتاڵی کار بکەیت و پێشانگا بکەیتەوە؟
بەڵێ ساڵی 2013 یەکەم پێشانگای کاریکاتێریم کردەوە کە بە ستایلی دیجیتاڵی کارەکان جێبەجێ کرابوون، ئەمەش دووەم پێشانگای کاریکاتێرییە کە بە هەمان شێواز کاری بۆ کراوە، بەڵکو پێشانگایەکی شێوەکاری و مۆتیفیشم کردۆتەوە، کە بە هەمان شێوازی هونەری سەردەمیانە کاریان تێدا کرابوو.

• بۆ ئەم شێوازەت هەڵبژاردووە بۆ کارکردن لە بواری شێوەکاریدا؟
لەبەرئەوەی شێوازێکی نوێیە لە کوردستان و لە بواری شێوەکاری و هونەریشدا نوێکاریی پێویستە و تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنان بە شێواز و ستایلە نوێیەکان، ژیان و بەردەوامی بە هونەری شێوەکاری و هونەرەکانی دیکە و گشت بوارەکانی تریش دەبەخشێت، بۆ خودی هونەرمەندەکەش پێویستە کە بەردەوام لە نوێبوونەوە دابێت و ناوەناوە شێوازی و ستایلی نوێ تاقیبکاتەوە، بۆ خۆ پاراستن لە ڕۆتین و دووبارەبوونەوە.

• ساڵانێکی زۆرە لە بواری شێوەکاری و کاریکاتێردا کاردەکەیت، کەچی ئەمە چوارەم پێشانگای تایبەتیتانە؟
راستە، لەچاو ئەو ساڵە زۆرانەی کارکردن بەرهەمەکانم کەمن، ئەویش بۆ زۆر هۆ و هۆکاری خودی و بابەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام من زیاتر حەز بە پێشانگای هاوبەش لەگەڵ برادەرانی دیکەدا دەکەم، کە بینەر تێیاندا هەمە جۆرییەک و هەمە ستایلێکی جیاواز دەبینێت، و بەراوردێک لە نێوانیاندا دەکات، و لە کۆتاییدا بینەر بڕیار دەدات، لەسەر جیاوازی و توانای هونەرمەندەکان، بەڵام پێشانگای تایبەتیش پێویستە بۆ هونەرمەند، و نابێت بە یەکجاری فەرامۆشی بکات.

• هەمەجۆرییەک لە هەڵبژاردنی کەسایەتیەکانی ئەم پێشانگایە دەبینین، پێوەرتان چی بوو؟
ئەوەی راستی بێت، ئەم کارانە هەموویان لە پێشانگا و فێستیڤاڵە هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان بەشدار کراون، هەر پێشانگایەک تایبەت بە بوارێک و کەسایەتیەک بووە، منیش چەپکێکم لەم بەرهەم و کەسایەتیانە بژارکرد بۆ ئەم پێشانگا تایبەتیە، پێوەری تایبەت نەبوو، حەزم کرد کە بینەری کوردیش ئەم بەرهەمانەم ببینێت.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

 

© 2017 Hawler