ئایار 07, 2021

ئێوارەی رۆژی 24.4.2021 هونەرمەند جەودەت شاکرعەلی بۆ یەکجارەکی چاوەکانی لێک نا و بەجێی هێشتبین، جەودەت شاکر زیاتر لە پەنجا ساڵ خزمەتی گۆرانی و موزیکی کردوە و خەرمانێکی پڕ بەرەکەتی هەبووە. موزیک و ئاوازی بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان داناوە و، وەک موزیک ژەنێکیش بەشداریەکی فراوان و بەرچاوی ژەنینی لە چالاکیە هونەریەکاندا کردووە و لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندە ناسراوەکان موزیکی ژەنیوە لەوانە ( تاهیر تۆفیق، فوئاد ئەحمەد، قادر زیرەک، جەلال سەعید، تەحسین تەها، مشکۆ، هابە، مەحەمەد ئەربیلی...هتد).

بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی موزیکی شۆڕش دادەنرێت لە شاخ.
جەودەت شاکرعەلی لە (21.10.1946) لە هەولێر لەدایک بووە. دەچووی خانەی مامۆستایانە لە (1964- 1965)ـدا، دەرچووی خولی موزیکی مەرکەزییە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا لە (1975)ـدا. یەکەم بەشداربووی موزیک و ئامێری کەمان بوو لە خانەی مامۆستایان لە سەر شانۆیی هۆڵی گەل لە (1962)ـدا. بە سەرپەرشتیی مامۆستا (چاوەدین نووری قەساب). ئەندامی تیپی موزیکی خانەی مامۆستایانی هەولێر بووە لە (1962-1965)ـدا. ئەندامی تیپی موزیکی چالاکیی قوتابخانەکان بووە لە (1965- 1982)ـدا. ئەندامی تیپی موزیکی سەندیکای مامۆستایان بووە لە (1968-1991)ـدا. ئەندامی تیپی موزیکی هونەریی هەولێر بووە و بەشداری گشت چالاکیەکانی ئەو تیپەی کردوە لە (1970-1991)ـدا.
ئەندامی تیپیی موزیکی هونەرە میللیەکان بووە لە (1979-2005)ـدا. ئەندامی دەستەی کارگێری تیپی هونەریی هەولێر بووە (1975-1991)، ئەندامی کارگێڕیی دەستەی ئۆرکسترای کوردستان بووە لە (1997- 24.4.2021)ـدا.
ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی عیراق بووەو، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە. لە بەرێوەبەرایەتی هونەری موزیکی هەولێر وەک بەرپرسی هونەری بەشداری تەواوی چالاکیەکانی کردووە .
خەڵاتی یەکەمین کەمان ژەنی لەسەر ئاستی عێراق وەرگرتووە لە (1979) .
لەگەڵ چالاکی قوتابخانەکان ئاوازی دوو تابلۆی هونەری میللی داناوە بەناوەکانی (هۆ شوانە، سنجانێ).
چەندین ئاوازی بۆ گۆرانیبێژان داناوە، هەندێکیان لە کۆمپانیای بابلی عێراقی تۆماری کردوە، لە (23) بەرنامەی تەلەفزیۆنی بەشداری کردوەو، پەنجا ئاوازی بۆ هونەرمەندانی تورکمانی ئامادەکردوە.
لەگەڵ تیپی هونەرە میللیەکان چەندین گەشتی بۆ دەرەوەی ووڵات ئەنجامداوە و چالاکی پێشکەش کردوە لەوانە بۆ (ئەڵمانیای رۆژئاوا لە 1981،ئەڵمانیای رۆژهەڵات 1981،یەکێتی سۆڤیەت 1982،نەمسا 1982،لە فەرەنسا و سویسرا بەشداری فیستیفاڵی هونەری کردوە لە 2005، لە ئەڵمانیا بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی کردوە لە 2005)
جەودەت شاکر لە تەمەنی هونەریدا چەندین خولی فێربوونی موزیکی کردۆتەوە بۆ منداڵان و لاوان و گەنجان لە هەولێر.
جەودەت شاکر لە شاری هەولێر خزمەتێکی زۆری بە کۆرو مەجلیسی شەوانە و ئەکلەنجە و دانیشتنی هەولێریەکان کردوەو، لەو بوارەدا بە پێشەنگێکی مەزنی هونەری ناوخەڵک دادەنریت.

 

سەرکەوت بورهان

© 2017 Hawler