ئایار 07, 2021

بۆ مانگی رەمەزان بەشداری لە دراماكانی (ئاسەوار و تازە باو) كردووە!

هونەرمەند (هادی مەحمود) لە میانەی لێدوانێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشكدەخاتە سەر چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی، بەتایبەتی بەشداریی كردنی لە (2) زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی كردووە، لە مانگی رەمەزانی پیرۆزە بە بینەرانی شاد دەبێتەوە، هەرەوەها ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات بەشدارییەكی بەردەوامی لەگەڵ پرۆگرامی مقۆ مقۆ هەیە، كە ماوەی (50) ئەڵقەیە بەشدارە.

لە دەستپێكی قسەكانی هونەرمەند (هادی مەحمود) لە بارەی ماوەیەك دابڕانی لە كاری درامی گوتی : "من لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك لە دراما دوور بووم، بەڵام بەو شێوەیەش دانەبڕاوم كە جێگای سەرنج بێت!، چونكە من لە دوای درامای گەردەلول و هەروەها یەك دوو كاری درامی تر، ماوەیەك خۆم بە دوور گرتووە لە هەندێ كاری درامی، چونكە بەڕاستی درامای كوردی لە ئێستادا لە دوو ژینگە و لە نێوان دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دەڕوات، كە یەكێكیان لە پێناو كۆكردنەوەی بینەر و لایك و كۆمێنت و سەرنج راكێشانی چینی گەنجانە!، یاخوود بە لارێدا بردنی هەندێك دەقی ناوخۆ و بیانییە لە رێگەی هەندێ كاری بەناو كۆمیدیەوە، كە سەریان لە خۆشیان و كۆمیدیاش تێكداوە!، كە ئەوەیان زۆر كارێكی خراپە بۆ رەوتی بەرەو پێشچوونی درامای كوردی!، دیارە ئاراستەی دووەمیش هەوڵ و ماندو بوونی هەندێك خەڵكی باش و تێگەیشتووە توانیویانە كاری زۆرباش بكەن، كە پێم وایە ئەم ساڵ ئەمە بە روونی دەر ئەكەوێ، چونكە ئەم ساڵ (8) دراما بەرهەم هاتووە لە هەشت كەناڵی جیاواز .“نمایشدەكرێت و بینەریش دەبێتە سەنگی مەحەكی بڕیاردان لەسەریان
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا لەبارەی ئەو درامایانەی ئەم ساڵ بەشداریی كردووە، (حەمەتاڵ) ئەوەشی گوت : "لە دوو زنجیرە درامای جوانی تەلەفزیۆنی بەشدارییم كردووە، یەكەمیان درامای (ئاسەوار) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی لاوی بە توانا (ئومێد كەمال)، لەو درامایەدا پۆلێك لە هونەرمەندانی گەورەی شاری هەولێر و سلێمانی بەشدارن لەوانە (سەباح عەبدولرەحمان، مستەفا ئەحمەد، زاهیر عەبدوڵڵا، سیروان عوسمان، فەریدون حەمە ساڵح و بەیان عەلی)ـو پۆلێك لە هونەرمەندانی دیكەی گەنج و بە ئەزموون، كە پێم وایە ئەو درامایە بینەرێكی زۆر گەورە لە خۆی كۆدەكاتەوە، درامای دووەمیش بەشداریی كردنمە لە بەرهەمێك لە ژێر ناوی (تازە باو) لە نووسینی (ئومێد كەمال)ـو لە دەرهێنانی هونەرمەند (مەریوان ئیبراهیم) لەو درامایەشدا چەندیین هونەرمەندی بە ئەزموونی وەك (عومەری كەریم ئاغا، ئیبراهیم حەكیم، عەبدولرەزاق شەمسەدین، بەكر مستەفا، قادر جەلال، عەلی ئەحمەد، فریاد خەلیل) كۆمەڵێك لە هونەرمەندانی بە ئەزموون بەشدارن، پێم وایە لەو دوو درامایەدا هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی دەست لە ناو دەست كارێكی زۆر ناوازەو جوانیان كردووە، كە پێم وایە لە .“هیچ درامایەكدا ئەو رەنگدانەوەیە بەدی ناكرێت
لەبارەی بەشداریی كردنی لە پرۆگرامە كۆمیدییەكان ئایا ئەو جۆرە پرۆگرامانە دەچێتە نێو چوار چێوەی كاری نواندن و بەرهەمێكی درامی بۆ بینەر؟
لەوەڵامدا هونەرمەند (هادی مەحمود) دەڵێت : "پرۆگرام بۆ پرۆگرام جیاوازە، چونكە هەندێك پرۆگرام هەیە بە زۆریش نابێتە كۆمیدیا كۆمەڵێك قسەو باسی لێكدراوە بەبێ بوونی چیرۆك و سیناریۆ كاری تێدا دەكەن، بەڵام من لە پرۆگرامێكی وەك (مقۆ مقۆ)ـدا ئەمە بە تەواوەتی رەنگی داوەتەوە.
هەروەها بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن نووسەر و دەرهێنەری پرۆگرامەكە هونەرمەند (ئومێد كەمال) بابەتەكان بەشێوەیەكی جوان داڕشتنەوەی بۆ بكات و بیكات بە سیناریۆ بۆ بڕگەكانی پرۆگرامەكە، بەبێ ئەوەی ناوزڕاندن و شەق هاوێشتن و قژ راكێشان و جنێو قسەی نەشیاو لە نێو پرۆگرامەكە بكەین بە بابەتێكی سواو جێگرەوەی سیناریۆ و دەقی پرۆگرامەكە، بۆیە من پێم وایە لە دوای بەرنامەی بەرنامە تاكە پرۆگرام سەنگ و جوانی خۆی هەبوو بێت پرۆگرامی (مقۆ مقۆ)ـیە، گەواهیش بۆ قسەكانم بەردەوامی ئەو پرۆگرامەیە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێك، كە ئێستاكە پێدەخاتە نێو دوو ساڵەی تەمەنیەوە، ئومێدم وایە لە داهاتوودا بەشێوازێكی .“زۆرباشتر پەرە بە بوونی مقۆ مقۆ بدەین
لە كۆتایی دا هونەرمەند (هادی مەحمود) گوتی : "ئەم ساڵ 8 دراما لە هەشت كەناڵی كوردستان نمایشدەكرێت، ئەو شەپۆلە لە هەبوونی درامای خۆماڵی جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە، من پیرۆزبای لە سەرجەمیان ئەكەم هیوادارم سەركەوتووبن، درامای كوردی بەرەو ئاراستەیەك ببەن، كە جێگەی سەربەرزی و بەردەوام بوونمان بێت، نەوەك كەناڵەكان سەری پەنجەی خۆیان بگەزن و جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ لای دراما بیانی و توركی و فارسی و كۆرییەكان، ئومێدەوارم بە چاوی رێزەوە سەیری ئەو بەرهەمانە بكەین، كە هەوڵ .“و ماندوو بوونی جوانی بۆ دراوەو خەڵكێكی جوان بەشدارییان تێدا كردووە

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler