حوزەیران 21, 2021

بڵاوکرانەوەی كتێبی "ڕێكخراوە جەماوەرییە كوردستانییەكان"

"كتێبی ڕێكخراوە جەماوەرییە كوردستانییەكان" نوێترین کتێبی نووسەر "فەرهاد عەونی"ـە و ئەو كتێبە، توێژینەوەیەكی بەرایی نێوان ساڵانی (1953 – 1991)ـە و، باس لەوە دەكات كە لە سەرەتای پەنجاكانی رابردوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر وەك حزبێكی رەسەن كە ڕیشەی بەناو جەماوەری كوردستاندا چووەتە خوارەوە، هەروەها وەك حزبی پێشڕەوی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردی، گرنگی بە چین و توێژ و كەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی داوە بۆ ماوەی پتر لە نیو سەدە.

نووسەر لە پێشەكیدا، باسی لەوە كردووە، كە چاپی یەكەمی ئەم بابەتە (رێكخراوە جەماوەرییە كوردستانییەكان) لە هاوینی ساڵی 1999 لە لایەن (مەكتەبی دیراسات و توێژینەوەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان) چاپ كرا، كە ئەو كاتە تێیدا ئەندام بووم.
"فەرهاد عەونی" دەشڵێت: "ساڵی 2015 بە زیادكردن وهەندێ دەستكاری بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2015 لەسەر ئەركی خۆم دیسان بە زمانی عەرەبی چاپمكردەوە، چونكە چاپی یەكەمی تەنها دابەشكردنەكەی بۆ نێو رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو و تیراژەكەی 500 دانەبوو.
ئەو كتێبە، باس لەوەش دەكات، كە حزب لە هەوڵێكی بەردەوامدابوو لە پێناو دامەزراندنی رێكخراوێكی تایبەت بە چین و توێژ و كەرتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی، تا ئەو رێكخراوانە ببن بە ئامرازێك بۆ هۆشیاركردنەوە و رێكخستن و هاندانیان، هەروەها بۆ داواكردنی مافە پیشەییە رەواكانیان و تایبەت بە توێژە كۆمەڵایەتییەكان، تا ئەو رێكخراوانە ببن بە شوورەیەكی پۆڵایین بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردی و شۆڕش و پارتی خۆی.
لەم ڕوانگەیەوە بوو ساڵی 1952 یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دامەزرا، پاش گرێدانی كۆنگرەی سێیەمی پارتیمان لە 26 ـی كانوونی دووەمی ساڵی 1953 لە شاری كەركووكی دڵی زیندووی كوردستان، بڕیار درا رێكخراوە كوردستانییەكانی تر دابمەزرێن بەتایبەت یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و دوای ئەوە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و یەكێتی جووتیاران و یەكێتی كرێكاران و هتد.

 

© 2017 Hawler