تشرینی یەکەم 15, 2021

مێسی تووڕه‌یه‌ و پۆچیتینۆ ده‌ڵێ بڕیار لای منه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

هۆكاری دواخستنی 25ـه‌مین پاڵه‌وانیه‌تیی كه‌نداو له‌ به‌سڕه‌ ئاشكرا كرا
به‌ هۆی چه‌ند به‌ربه‌ستێكه‌وه‌، لیژنه‌ی ڕێكخه‌ری 25ـه‌مین جامی كه‌نداو، كه‌ بڕیار بوو له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا له‌ به‌سڕه‌ به‌ڕێوه‌ بچێ، بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخست.
بڕیار بوو مانگی 12ـی ئه‌مساڵ، 25ـه‌مین پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداو له‌ به‌سڕه‌ به‌ڕێوه‌ بچێ، به‌ڵام یه‌كێتیی جامی كه‌نداوی عه‌ره‌بی بۆ مانگی یه‌كی ساڵی 2023 دوای خست.
دوێنێ دووشه‌ممه‌ 20/9/2021، كۆمه‌ڵه‌ی جامی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌نجام دا و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ی بۆ 25ـی یه‌كی 2023 دواخست، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ بن ئه‌حمه‌د ئال سانیی سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.
بڕیاره‌كه‌ به‌هۆی كه‌موكورتیی له‌ ئاماده‌یی ته‌واوی شاری به‌سڕه‌یه‌ بۆ میوانداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتییه‌كه‌ گووشارێكی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و كیشوه‌ری و نێوده‌وڵه‌تیشی له‌سه‌ر بوو.
لیژنه‌ی پشكنینی یه‌كێتیی كه‌نداو، به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌مید شیبانیی یه‌مه‌نی، چه‌ند سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ به‌سڕه‌ ئه‌نجام دا و یاریگه‌ و هۆتێل و شوێنه‌كانی دیكه‌ی بینی و ڕاپۆرتی خۆی به‌رز كرده‌وه‌ و لیژنه‌ی ته‌نفیزیی یه‌كێتییه‌كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كرد.
قه‌ته‌ر له‌ نۆڤێمبه‌ر و دیسێمبه‌ری 2022ـدا میوانداریی مۆندیال ده‌كا، بۆیه‌ چه‌ند یه‌كێتییه‌كی تۆپی پێی وڵاتانی كه‌نداو، گووشاری ئه‌وه‌یان كرد كه‌ بۆ 2023 دوابخرێ.

مێسی تووڕه‌یه‌ و پۆچیتینۆ ده‌ڵێ بڕیار لای منه‌
دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاریی ڕابردووی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی پاریس سان جێرمان و لیۆن، لۆنێل مێسی له‌ لایه‌ن راهێنه‌ری پی ئێس جییه‌وه‌ گۆڕانكاریی پێ كرا و له‌ یارییه‌كه‌‌ برایه‌ ده‌ره‌وه‌، مێسی نیگه‌رانی و تووڕه‌یی پێوه‌ دیار بوو، به‌شێكی چاودێران ئه‌و كاره‌ی راهێنه‌ر پۆچیتینۆیان به‌ ئاسایی ناوبرد و به‌شێكی چاودێرانیش پێیان وایه‌ به‌و كاره‌ی، ده‌یه‌وێ وا پیشان بدا كه‌ هیچ یاریزانێك له‌ سه‌رووی ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ و بڕیاری سه‌ره‌تا و كۆتایی لای خۆیه‌تی.
ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ مێسی بۆ هاته‌ پێش، كاتێك له‌ یاریی نێوان یانه‌كه‌ی و لیۆندا، ئاڵوگۆڕی به‌ لیۆنێل مێسی كرد و بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌كه‌.
له‌ خوله‌كی 75ـی یارییه‌كه‌دا، مێسی برده‌ ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌كه‌ و ئه‌شره‌ف حه‌كیمی خسته‌ شوێنه‌كه‌ی، له‌و كاته‌ی یارییه‌كه‌ 1-1 گۆڵ بوو، له‌و كاته‌ی مێسی چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌كه‌ ماوریسیۆ ویستی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكا، به‌ڵام مێسی ته‌نانه‌ت ڕه‌تی كرده‌وه‌ ته‌وقه‌شی له‌گه‌ڵدا بكا.
یارییه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ بۆ پاریس ته‌واو بوو، كاتێك ماورۆ ئیكاردی، له‌ كاتی زیادكراودا گۆڵی دووه‌می تۆمار كرد.
پۆچیتینۆ پاساوی بۆ ده‌رهێنانی مێسی هێنایه‌وه‌ و وتی: راهێنه‌ران بۆیه‌ لێره‌ن، تا بڕیار بده‌ن.
وتیشی: هه‌مووان ده‌زانن كه‌ ئێمه‌ یاریزانی گه‌وره‌مان هه‌یه‌، لیستێكی 35 یاریزانیمان هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌ڵیانبسه‌نگێنین و ئاستیان تاقی بكه‌ینه‌وه‌.
ئه‌و راهێنه‌ره‌، وتیشی: له‌سه‌رمانه‌ له‌ كاتی یارییه‌كاندا بڕیار بده‌ین، هه‌ندێ جار ئه‌و بڕیارانه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ندێ جاریش نا، به‌ڵام ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ لێره‌ین تا بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چی بكه‌ین.
وتیشی: ئه‌م بڕیارانه‌ی ده‌بێ بدرێن، ڕه‌وش باش بێ یان نا، پێم خۆش بێ یان نا.
ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی بردنه‌وه‌كه‌ش دا، به‌ تایبه‌ت كه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌م یارییان له‌ چامپیۆنس لیگی ئه‌م وه‌رزه‌دا 1-1 گۆڵ یه‌كسان بوون.

میلنه‌ر: ڤان دایك سوپه‌رمان نییه‌ و له‌ پێكان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌
جیمس میلنه‌ر، ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی لیڤه‌رپوول، ئاماژه‌ی به‌ ئاستی هاویانه‌كه‌ی ڤێرجیل ڤان دایك له‌م وه‌رزه‌دا كرد، به‌ڵام داوای كرد ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانیان له‌و یاریزانه‌ كه‌متر بكه‌نه‌وه‌.
تۆڕی سكای سپۆرتس، گوته‌كانی میلنه‌ری گواستووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێ: هه‌مووان پێمان وایه‌ ڤان دایك سوپه‌رمانه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ پێكان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ته‌مه‌نیشی 21 ساڵان نییه‌، بۆیه‌ له‌و كاته‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر باش نه‌بووبێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: كارێكی كردووه‌ جێی باوه‌ڕ نییه‌، وا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چی یاریزانێكی باشه‌، كاتێكیش سه‌یری به‌رگریكارانی لیڤه‌رپوول ده‌كه‌ی، ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ی كه‌ هه‌موویان به‌ ئاستێكی ناوازه‌‌ یاری ده‌كه‌ن.
وتیشی: پێم وایه‌ ئه‌ركه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی روون ده‌وران ده‌وران ده‌كا، ئه‌وه‌یش به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵوێست و پێشهاتانه‌ی وه‌رزی رابردوو هاته‌ پێشمان، به‌ هۆی پێكانه‌كانه‌وه‌ به‌ختمان نه‌بوو، یاریزانان ناچار كران له‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێن و ناوه‌ندی یاریكردنی خۆیان یاری بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ بیر بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئاستت باشه‌ یان خراپ، پێویسته‌ یه‌كسه‌ر بچیته‌ قۆناغێكی تر، ناكرێ زۆر خۆشحاڵ بی به‌وه‌ی له‌ یه‌ك یاریدا ئاستت باش بێ، ناشكرێ هه‌ست به‌ داڕمان بكه‌ی، دوای یارییه‌كی خراپ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler