ئەیلول 27, 2021

بەبەشداری١٩ یانە پاڵەوانیەتی یانەکانی تێنسی کوردستان بەڕێوە دەچێت

فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەبەشداری ١٩ یانە لەسەر ئاستی کوردستان پاڵەوانیەتی تێنسی یانەکانی کوردستانی کردەوە، پاڵەوانیەتیەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، یەکێک لەخێرخوازای شاری هەولێر سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکە دەکات، بەگوتەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان پلانی ئەوەیان هەیە بەردەوام پاڵەوانیەتی بکەنەوە سپۆنسەر بدۆزنەوە.

هەشتەمین پاڵەوانیەتی
دەربارەی پاڵەوانیەتیەکەیش، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر ڕۆستەم ڕەسوڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەهاوکاری لقی هەولێری تێنس و بەسپۆنسەری بەڕێز سەفین یاسین، پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستانمان بۆ ١٩ یانە کردۆتەوە، ٩ یانە لەشاری هەولێرو ٥ یانە لەکەرکووک ٣ یانە لە دهۆک و ١ یانە لە هەڵەبجەو ١ یانە لە سلێمانی بەشدارن، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ژمارەیەکی زۆر یاریزانی تێنسمان لە کوردستان هەیە، یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرە لە یانەکان بەشداری بکەن.
شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە بەشێوەیەکە کە هەر یانەیەک ٣ یاری لەبەرانبەر بە یانەکەی ڕکەبەری دەکات، بەجۆرێک یاریەکی تاک دەکات دووەم یاری یاریەکی جوت دەبێت، ئەگەر یەکسان بوون ئەوا یاری سێیەم یارییەکی تاک دەکەن، ئەگەر هەر یانەیەکیش هەردوو یاریەکەی بردەوە یاری سێیەم ناکرێت، پاڵەوانیەتیەکە بەشیوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان دەبێت، هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان لە پاڵەوانیەتیەکە جێبەجێ دەکرێن و لە ماوەی هەفتەیەک پاڵەوانیەتیەکە کۆتایی دێت.

یانەکان جیا نەکراونەتەوە و پاڵەوانیەتیەکی کراوەیە
ڕۆستەم ڕەسوڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان باسی ئەوەیشی کرد کە ئەو کەسەی سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکە دەکات سەرجەم خەرجیەکانی لە ئەستۆ گرتووە، ئەو یانانەی کە لە دەرەوەی هەولێر هاتوون، خەرجی لە ئەستۆی خۆیانە، بەداخەوە لەبەر خراپی دارایی نەماتوانیوە خەرجی مانەوەیان دابین بکەین، بەڵام کار ئاسانیمان بۆ کردوون کە بە نرخێکی هەرزانتر لە هوتێل بمێنەوە، پاڵەوانیەتیەکە ئاستی تەمەن دیاری نەکراوە و کراوە دەبێت و تەنها بۆ کوڕانە و یانەکانی نایاب و پلەیەک جیا نەکراونەتەوە و بۆ هەموو یانەکانە، چونکە پاڵەوانیەتیەکە بە سپۆنسەرە و لەژێر چاودێری لیژنەی ئۆڵۆمپی نیە و ئامانجمان ئەوە بوو بەبیر یانەکان بهێنینەوە کە ژمارەیەکی زۆری یاریزانی تێنسمان هەیە ئەگەر ئەوان هاوکاربن دەتواندرێت لە هەموو یانەکان تیپی تێنس دابنێن.

پلانی داهاتوویان چیە؟
لەبەشیکی تردا سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان گووتی: ئەگەر هاوکاریمان بکرێت بەردەوام پلانی ئەوەمان هەیە کە پاڵەوانیەتیە جۆراو جۆرەکانی تێنس بکەینەوە، پلان لەسەر بنەمای لایەنی دارایی دادەندرێت، ئەگەر لیژنەی ئۆڵەمپی بودجەیەکمان بۆ دابین بکات دەتوانین پلانێکی دورو درێژ و ساڵانە دابنێین، بەڵام هەموومان دۆخی کوردستان دەزانین چۆنە، بۆیە پلانی ئێمە وەک فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان دەوەستێیە سەر دۆزینەوەی سپۆنسەر، ئەگەر سپۆنسەرمان هەبێت پاڵەوانیەتی تر دەکەینەوە.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler