ئەیلول 27, 2021

سۆڵشایه‌ر ڕێگه‌ی نموونه‌یی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ڕۆناڵدۆی ده‌ستنیشان كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

محه‌مه‌د سه‌ڵاح باسی 100ـه‌مین گۆڵی له‌ خولی ئینگلیزی ده‌كا
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یاریزانی به‌ڕه‌سه‌ن میسڕیی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، 100ـه‌مین گۆڵی له‌ خولی ئینگلیزی تۆمار كرد، له‌و یارییه‌ی یانه‌كه‌ی به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ یانه‌ی لیدز یونایتدی برده‌وه‌.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح له‌ باره‌ی تۆماركردنی گۆڵی ژماره‌ 100ـیه‌وه‌ له‌ خولی ئینگلیزی، گوتی: تۆماركردنی ئه‌م ڕێژه‌ی گۆڵ له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول، كارێكی ئاسایی نییه‌.
گوتیشی: من به‌ درێژایی كاتی یاری، له‌ باڵه‌كان یاری ده‌كه‌م، پێشم وایه‌ كه‌ ئه‌سته‌م و ئاڵۆزه‌ ژماره‌ی له‌م جۆره‌ تۆمار بكه‌ی و له‌م ناوه‌نده‌ یاری بكه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر گرینگه‌ بۆ من، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تیی یانه‌كه‌م بده‌م بۆ سه‌ركه‌وتن.
سه‌ڵاح خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی 98 گۆڵی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول و 2 گۆڵه‌كه‌شی بۆ چێڵسی تۆمار كردووه‌ و سوپاسی هاوڕێكانی كرد بۆ یارمه‌تیدانی بۆ تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی گۆڵكردن.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، دوای 162 یاری له‌ خوله‌كه‌، توانیویه‌تی 100 گۆڵ تۆمار بكا.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یه‌كه‌م یاریزانی بیانییه‌ كه‌ له‌ باڵه‌كان یاری بكا و بگاته‌ 100 گۆڵ له‌ خولی نایابی ئینگلیزی، تاكه‌یاریزانیشه‌ ژماره‌ 30 بێ و ئه‌و ژماره‌ گۆڵه‌ی تۆمار كردبێ.
پێشتریش محه‌مه‌د سه‌ڵاح چه‌ند ژماره‌یه‌كی دیكه‌شی تۆمار كردبوو. محه‌مه‌د سه‌ڵاح، یاریزانێكی ناسراوی جیهانییه‌ و به‌ ڕه‌سه‌ن میسڕییه‌، به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی سه‌رنجی چاودێران و هه‌وادارانی تۆپی پێی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه‌، یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاست و ئه‌نجامه‌كانی یانه‌كه‌ی هه‌یه‌، ئێسته‌ش بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی ئینگلته‌را له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ و به‌ باشی خۆی ئاماده‌ كردووه‌، چاوی له‌ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كانیشه‌.

سۆڵشایه‌ر ڕێگه‌ی نموونه‌یی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ڕۆناڵدۆی ده‌ستنیشان كرد
سۆڵشایه‌ر، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، ڕێگه‌ی نموونه‌یی بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ڕۆناڵدۆی ده‌ستنیشان كرد.
ئۆلی جۆنار سۆڵشایه‌ر، راهێنه‌ری نه‌رویژیی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی دایناوه‌، له‌ هه‌موو یارییه‌كانی یانه‌كه‌یدا به‌شداری پێ ناكا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاستێكی باش و دره‌وشاوه‌ ده‌ربكه‌وێ.
ڕۆناڵدۆ وێستگه‌ی دووه‌می كاروانی یاریكردنی له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتده‌وه‌ ده‌ست پێ كرد، ئێسته‌ش دوای ساڵانێك گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌كه‌ی و له‌ دووه‌م یاریی یانه‌كه‌یدا دوو گۆڵی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ زیاتر پشتی پێ ببه‌سترێ.
به‌ڵام راهێنه‌ره‌ نه‌رویژییه‌كه‌، سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆناڵدۆ له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا به‌شداری نه‌كا و له‌ چه‌ند یارییه‌كی داببڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ ئاماده‌یی خۆی بۆ یارییه‌كان بكا، به‌ تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵانه‌.
وتیشی: ڕۆناڵدۆ مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌موو یارییه‌كدا به‌شدار بێ، مه‌حاڵیش نییه‌ له‌ یاریی سێیه‌م ئاماده‌ نه‌بێ، ته‌مه‌نی 36 ساڵانه‌ و پێویسته‌ ئاگامان له‌ خوله‌كه‌كانی یاریكردنی بێ.
وتیشی: هاتنه‌وه‌ی ڕۆناڵدۆ، وای كردووه‌ ڕكه‌به‌ریی زیاتر بێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: بۆ هه‌مووان، هاتنی ڤاران و رۆناڵدۆ ئه‌رێنییه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌موو شتێكیان بردووه‌ته‌وه‌ و به‌م جۆره‌ یانه‌كه‌مان له‌ لوتكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ مانچسته‌ر یونایتد به‌رانبه‌ر یۆنگ بوێزی سویسری یاریی یه‌كه‌م له‌ چامپیۆنس لیگ ده‌كه‌ن، ڕۆناڵدۆ چاوی له‌وه‌یه‌ ژماره‌ی به‌شدارییه‌كانی ببێته‌ 177 یاری و له‌گه‌ڵ ئیكه‌ر كاسیاس یه‌كسان بكاته‌وه‌.
ڕۆناڵدۆ، له‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵان و دوای ساڵانێكی زۆر یاریكردن و بردنه‌وه‌ی چه‌ندان ناسناوی گشتی و تایبه‌تی، په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێك له‌ خوله‌ به‌هێزه‌كانه‌وه‌ كرد، كه‌ خولی ئینگلیزییه‌، ئه‌مه‌ش به‌لای چاودێران و هه‌وادارانی وه‌رزشییه‌وه‌ به‌ ته‌حه‌دایه‌ك له‌لایه‌ن ڕۆناڵدۆوه‌ دانراوه‌، به‌وه‌ی له‌و ته‌مه‌نه‌ش ده‌توانێ له‌ خولی به‌هێزدا ڕكه‌به‌ری بكا.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler