ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئه‌مشه‌و له‌ كلاسیكۆی ئاسیا عێراق و ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیال ده‌جه‌نگن

له‌ گه‌ڕی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كانی پاڵاوتنی كیشوه‌ری ئاسیا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌، كاتژمێر 09:00ـی شه‌و، عێراق له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر میوانداریی هه‌ڵبژارده‌ی ئێرانی ركابه‌ره‌ كلاسیكیه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر هه‌نگاوێك له‌ مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر نزیك ببنه‌وه‌، یارییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك له‌ ناوبژیوانی چینی به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

عێراق، به‌ راهێنه‌رایه‌تی دیك ئادڤۆكات، ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ كۆتاهێناوه‌، هه‌وڵده‌دات، ئه‌نجامێكی باش له‌م یارییه‌ ده‌ستبه‌ر بكات، عێراق له‌ یاریی یه‌كه‌می و له ‌دژی كۆریای باشوور، له‌ نێو سیئۆل به‌ بێ گۆڵ یه‌كسان بوو، خاڵێكی گرینگی له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه، به‌هۆی پێكان، ‌ له‌ تواناكانی عه‌لی عه‌دنانی به‌رگریكه‌ری باڵی چه‌پ بێبه‌ش ده‌بێت، كه‌ یاریی رابردووی له‌ خوله‌كی 60 دووچاری پێكان هات و یاریگه‌ی جیهێشت، بۆ‌ ئه‌م یارییه‌ ناتوانێت به‌شداربێت، بۆیه‌ پشت به‌ زه‌رغام ئیسماعیل ده‌به‌ستێ تا ئه‌و گرفته‌ی چاره‌سه‌ر بكات.
له‌ یاریی یه‌كه‌م، ئادڤۆكات، شێركۆ كه‌ریمی تاكه‌ یاریزانی كوردی له‌ به‌رگری باڵی راست یاریی پێكرد، چونكه‌ راهێنه‌ره‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ زۆر له‌ تواناكانی شێركۆ رازیه‌، به‌تایبه‌ت ئاماده‌ی له‌ رووی جه‌سته‌ی و خێرای و لێهاتووی له‌ پچڕاندنی تۆپ، هه‌روه‌ها چاودێریكردنی یاریزان سۆن هیۆنگ مینی یاریزانی تۆتێنهامی پێ سپاردبوو، لاوه‌ كورده‌كه‌ش له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتووبوو، به‌ڵام دیار نییه‌ ئه‌م یارییه‌ له‌هه‌مان شوێن یاریی پێده‌كات یاخود نا، چونكه‌ شێركۆ خۆی له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ و باڵه‌كان یاریی ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، بۆ چاودێریكردنی سه‌ردار ئه‌زموونی هێرشبه‌ری ئێرانی، جارێكیتر پیره‌ پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌كه‌ هه‌مان ئه‌رك به‌ شێركۆی كوردان بسپێرێته‌وه‌.
عێراق له‌م یارییه‌ تواناكانی سه‌عد ناتقی به‌رگریكه‌ر و هومام تاریقی ناوه‌ڕاستكه‌ری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ یاریی رابردوو به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته‌ زه‌رده‌كانیانه‌وه‌، نه‌یانتوانی به‌شداری یاریی كۆریای باشوور بكه‌ن، كه‌ سه‌عد بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ شوێنی عه‌لی فائیز یاریی ده‌كات.
هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕی رابردوو به‌تاكه‌ گۆڵێك له‌ هه‌ڵبژاده‌ی سووریایان برده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ عێراقی ركابه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌كه‌یان ببنه‌وه‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی باش له‌ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر نزیك ببنه‌وه‌، خاڵی پۆزه‌تیڤی ئێران بۆ ئه‌م یارییه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دراگان سكۆچیكی راهێنه‌ره‌كه‌یانه‌، له‌ دوای چاكبوونه‌وه‌ی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، له‌ مێژوویدا ته‌نها له‌ 1986، له‌ وڵاتی مه‌كسیك گه‌یشتووه‌ته‌ مۆندیال، كه‌ ئه‌وكات، ئه‌حمه‌د رازی هێرشبه‌ری به‌ناوبانگی عێراقیه‌كان تاكه‌ گۆڵی عێراقی له‌ مۆندیال له‌ دژی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا تۆماركرد.
ئێران له‌ مێژوویدا، پینج جار گه‌یشتووه‌ته‌ مۆندیال، كه‌ له‌ ساڵانی (1978، 1988، 2006، 2014، 2018)، سێ جاریش بووته‌ پاڵه‌وانی جامی كیشوه‌ری ئاسیا، له‌ ساڵانی 1968، 1972 و 1976.
له‌ 10 كۆتا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و ئێران، ئێران توانیویه‌تی، 5 یاریی بباته‌وه‌، عێراقیش له‌ 2 یاریی بردووه‌ته‌وه‌، له‌ چوار یارییش یه‌كسانبوونه‌.
ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی عێراق له‌كۆمه‌له‌ی یه‌كه‌م
ئێران، 3 خاڵ، عێراق، 1 خاڵ، كۆریای باشوور، 1 خاڵ، لوبنان، 1 خاڵ، ئیمارات، 1 خاڵ، سوریا، 0 خاڵ.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر