تەمموز 24, 2021

دۆناڕۆما باسی چۆنیه‌تی بردنه‌وه‌ی یۆرۆی 2020 ده‌كا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دۆناڕۆما باسی چۆنیه‌تی بردنه‌وه‌ی یۆرۆی 2020 ده‌كا
دۆناڕۆمای گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا، كه‌ له‌ یاریی كۆتایی جامی یۆرۆی 2020ـدا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو تا ناسناوه‌كه‌ بۆ ئیتاڵیا بێ، باسی هه‌نگاوه‌كانی بوون به‌ پاڵه‌وانی ئه‌ورووپا ده‌كا.
هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا، له‌ یاریی كۆتایی جامی یۆرۆی 2020ـدا، كه‌ له‌ یاریگه‌ی وێمبڵی به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان له‌ خاڵی سزادا، توانی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را له‌ ناسناوه‌كه‌ دوور بخاته‌وه‌ و خۆی بووه‌ پاڵه‌وانی ئه‌ورووپا و یارییه‌كه‌ی به‌ ئه‌نجامی 3-2 گۆڵ لێ برده‌وه‌.
له‌و یارییه‌دا دۆناڕۆمای گۆڵپارێزی ئیتاڵیا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی و سه‌ركه‌وتنی كرد به‌ دیاری تیپ و هانده‌رانی وڵاته‌كه‌ی.
دۆناڕۆما به‌ تۆڕی ڕای سپۆرتی وتووه‌: ئێمه‌ جیاوازین و كۆڵمان نه‌دا، هه‌مووتان ده‌زانن له‌ كوێوه‌ ده‌ستمان پێ كرد، ئه‌مه‌ شتێكی بڕواپێنه‌كراوه‌، ئێمه‌ تیپێكی ناوازه‌ و نایابین و شایانی ناسناوه‌كه‌ بووین.
دۆناڕۆما وتیشی: نه‌مانده‌ویست پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ جێ بهێڵین، ئه‌چیریبی به‌رگریكاریش هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی پێ ده‌گوتم، ئێمه‌ یه‌ك سانتیمه‌تر دوور بووین و ئه‌و كاره‌شمان كرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌رچه‌نده‌ گۆڵه‌كه‌ی ئینگلته‌را به‌زوویی تۆمار كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نیگه‌رانی نه‌كردوون و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌، ده‌كرێ گۆڵێكت لێ بكرێ و ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئینگلته‌را به‌ باشی به‌رگری ده‌كا، به‌ڵام ئێمه‌ ناوازه‌ بووین و ئه‌وه‌ی ویستمان به‌ ده‌ستمان هێنا.
له‌ باره‌ی جیانلویجی بوفۆنه‌وه‌، كه‌ خۆی شوێنه‌كه‌ی گرته‌وه‌، وتی: بوفۆن به‌ڕه‌هایی باشترینه‌، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م تا بتوانم یارمه‌تیی تیپه‌كه‌م بده‌م، ئه‌و ژماره‌ یه‌ك بوو و سه‌رنج ده‌ده‌ین بزانین داهاتوو كاروانمان به‌ره‌و كوێ ده‌با و كاره‌كه‌ چۆن كۆتایی پێ دی.
ئیتاڵییه‌كان ترسێكیان له‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی سزا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ به‌ هۆی له‌ده‌ستدانی لێدانێك‌ له‌لایه‌ن رۆبێرتۆ باجیۆوه‌، له‌ بردنه‌وه‌ی مۆندیالی 1994 بێبه‌ش بوون و به‌ڕازیل بووه‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام له‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2006 به‌ لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان 5-3 له‌ فه‌ره‌نسای برده‌وه‌ و دوای 15 ساڵیش ناسناوێكی ئه‌ورووپییان به‌ هه‌مان ڕێگه‌ برده‌وه‌.

له‌ له‌نده‌ن 19 پۆلیس بریندار كران
له‌ شه‌وی بردنه‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌ ئینگلته‌را و بوونه‌ پاڵه‌وانی ئه‌ورووپای، به‌ هۆی توندوتیژی و پێكدادانه‌وه‌، 19 پۆلیسی بریتانی بریندار بوون.
پۆلیسی بریتانیا بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ 19 كارمه‌ندیان له‌ سه‌روه‌ختی پاراستنی ڕه‌وشی ته‌ناهیی یاریگه‌دا، كه‌ یاریی كۆتایی یۆرۆی 2020ـی لێ به‌ڕێوه‌ چوو، بریندار بوونه‌.
پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: ئه‌و برینداربوونانه‌، به‌ هۆی پێكدادانی نێوان هانده‌ران و به‌رپرسانی وه‌رزشی نزیك یاریگه‌ی وێمبڵییه‌وه‌ بووه‌.
پۆلیسی له‌نده‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: 49 كه‌سمان ده‌ستگیر كرد ئه‌وه‌ش به‌ هۆی سه‌رپێچیی جیاوازه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی ڕه‌وشی ئاساییشی یاریگه‌ی وێمبڵی بوو.
له‌ یاریی كۆتایی یۆرۆی 2020ـدا كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی ئیتاڵیا كۆتایی هات، هه‌زاران هانده‌ری ئینگلیزی به‌ربه‌ستی یاریگه‌یان بڕی و به‌ زۆری چوونه‌ نێو یاریگه‌ی وێمبڵییه‌وه‌، له‌ كاتێكدا بلیتی چوونه‌ژووره‌وه‌یان نه‌كڕیبوو، كارگێریی یاریگه‌كه‌ش بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ سنووریی پۆلیس له‌لایه‌ن به‌شێكی كه‌می هانده‌رانه‌وه‌ شكێنراوه‌ و چوونه‌ته‌ نێو یاریگه‌.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler