تەمموز 24, 2021

مـێسی خه‌ونی 28 ساڵه‌ی ئه‌رجه‌نتینــی كرده‌ راستی

هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین دوای 28 ساڵ یەکەمین ناسناوی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا و لیۆنێل مێسیش بۆ یەکەمجار لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بووە پاڵەوان، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا رووبەڕوو بوونەوە و بە گۆڵێکی دی ماریا لە بەڕازیلی خاوەن خاک و هەڵگری ناسناوەکەیان بردەوە، مێسی وەکو گۆڵکار و باشترین یاریزانی ئەم کۆپا ئەمریکایە خەڵاتکرا.

یاریگای ماراکانای بەناوبانگ لە ریۆ دێ جانێرۆ مەراسیمی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2021، بەشێک لە هاندەران بەشداری دوا یاریی پاڵەوانێتیەکەیان کرد، 7800 هاندەر بە رێژەی لەسەدا 10 ئامادەی یاریی کۆتایی بوون، لە کاتێکدا لە یاریگای ماراکانا شوێنی 78 هەزار هاندەر دەبێتەوە، بەر لە یارییەکە یاریگای ماراکانا بە شێوازێکی نایاب نیشاندرا، پێش ئەوەی سوپەر کلاسیکۆی بەڕازیل و ئارجێنتینا دەستپێبکات، بۆ جاری چوارەم دوو زلهێزەکەی ئەمریکای باشوور لە دوا یاریی کۆپا ئەمریکا رووبەڕوو بوونەوە.
دوای 22 خولەک لە یەکەمین هێرشی مەترسیداری یارییەکە، دی پۆل بە نایاب ئەسیستی کرد و ئانخێل دی ماریا بە نایابتر تۆپەکەی لەسەر ئیدیرسۆن رەوانە کرد و گۆڵی یەکەمی ئارجێنتینای کرد، بە نرخترین گۆڵی ئارجێنتینا لە ماوەی ٢٨ ساڵی رابردوو.
ئەم گۆڵەی دێ ماریا بەس بوو بۆ ئەوەی تانگۆ شکۆی بۆ بگەڕێتەوە و بۆ یەکەمجار لەوەتەی ساڵی 1993 بە ناسناوی کۆپا ئەمریکا شاد بووەوە.
مێسی و نێیمار سەرەرای ئەوەی لە دژی یەکتر یارییان کرد بەڵام هێشتا باشترین دوو هاوڕێنە و بە یادی سەردەمی یاریکردنیان لە بارسێلۆنا باوەشیان بەیەک کرد، سەرکردەی تانگۆ فرمێسکی خۆشی ڕشت بە پێچەوانەی نێیمار دا سیلڤا کە نەیتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ناسناوەکە بباتەوە، لیۆ گرێکوێرەکەی لە یارییەکانی کۆتایی کردەوە و دوای دۆرانی سێ یاریی کۆتایی بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئارجێنتینا ناسناوێکی بردەوە و ریکۆردی سێرخیۆی یاریزانی پێشووی چیلی هاوتا کردەوە بە بەشداریکرن لە زۆرترین یاریی لە کۆپا ئەمریکا کە 34 یارییە.
مێسی بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ بووە گۆڵکاری کۆپا ئەمریکای 2021 و بە باشترین یاریزانی پاڵەوانییەتیەکە دیاریکرا، ئیمیلیانۆی گۆڵپارێزی تانگۆش خەڵاتی باشترین گۆڵکاری وەرگرت، بەڵام تیاگۆ سیلڤا وەکو باشترین بەرگریکار خەڵاتکرا.
ئارجێنتیناش بە سەرکردایەتی مێسی بۆ جاری پازدەمین کۆپا ئەمریکای بەرز کردەوە و ریکۆردی ئۆرۆگوای لە بردنەوەی زۆرترین ناسناوی ئەم پاڵەوانێتیە هاوتا کردەوە.

مێسی بووه‌ خاوه‌نی 36 نازناو
مێسی سی و شه‌شه‌مین نازناوی لە کاروانی وەرزشی خۆی به‌ده‌ستهێنا کە پێشتر لەگەڵ بارسێلۆنا ١٠ نازناوی لالیگا و ٧ جامی شای ئیسپانیا و ٨ جامی سوپەری ئیسپانیا و ٤ نازناوی چامپیۆنزلیگ و ٣ جامی سوپەری ئەوروپا و سێ مۆندیالی یانەکانی

 

 


بەدەستهێنابوو بۆ یەکەمجار لەگەڵ ئارجێنتیناش نازناوی کۆپا ئەمریکای بردەوە.
مێسی بووە یەکەم یاریزان زۆرترین خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی پاڵه‌وانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بەدەست بهێنێت، کە پێشتر لە مۆندیالی ٢٠١٤ و کۆپا ئەمریکای ٢٠١٥ خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکانی بەدەستهێنابوو، لە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵیش هەمان خەڵاتی بەدەستهێنا.
لیۆنێل مێسی له‌ كۆپا ئه‌مریكای 2021 بەشداریی زۆرترین گۆڵی کرد کە 9 گۆڵ بوو، بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە و بە پێنج ئەسیست زۆرترین ئەسیستی کرد و زۆرترین شووتی لە پاڵەوانێتییەکە کرد کە ٢٨ شووت بوو، ٢١ دەرفەتی گۆڵکردنیشی رەخساند و نۆ پاسی نێوانیشی بۆ هاوڕێیەکانی نارد کە هیچ یاریزانێکی دیکە ئەمەی پێنەکرا و زۆرترین بڕینی یاریزانانیشی هەبوو کە ٣٤ جار بوو.
لیۆ لە ٢٠٢١ لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی لە ٣٨ یاری ٣٣ گۆڵ و ١٤ ئەسیستی کردووە و ٢٦ جار خەڵاتی پیاوی یارییەکانی بەدەستهێناوە و زۆرترین گۆڵ و ئەسیستی لە دوایین وەرزی لالیگا کرد و زۆرترین و گۆڵ و ئەسیستیشی لە کۆپا ئەمریکا هەبوو، لەگەڵ بارسێلۆنا بووە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا و لەگەڵ ئارجێنتیناش نازناوی کۆپا ئەمریکای بردەوە.

دی ماریا: مێسی هۆكاری تۆماركردنی گۆڵه‌كه‌م بوو
دوای كۆتایی هاتنی یاری كۆپا ئه‌مریكای 2021، ئانخیل دی ماریا خاوه‌نی گۆڵی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ له‌ یارییه‌كه‌ گوتی: بەڕاستی زۆر دڵخۆشم، حەزم دەکرد بگریم، چونکە ئێمە خەونەکەمان بووە راستی، ئێمە جەنگاین لەپێناو ئەم ئامانجەمان، زۆرێک گومانیان لە تیپەکەمان هەبوو، رەخنەیان لێ دەگرتین، بەڵام ئێمە گوێمان پێنەدا و بەردەوام بووین لە کارکردن، هەوڵماندا باشترین ئاست پێشکەش بکەین، سەرکەوتوو بووین لە تۆمارکردنی گۆڵ، دواجار ئەم ناسناوەمان بەدەستهێنا کە خەونمان پێیەوە دەبینی.
دی ماریا گوتیشی: بردنەوە لە بەڕازیل لە یاریگای خۆی دەسکەوتێکی گەورەیە، زۆر پێویست بوو ئەم یارییە ببەینەوە، من پێشبینیم دەکرد دی پۆل یارییەکی باش بکات و چاوەڕێم دەکرد پاسێکی لەم شێوەیە بدات و منیش توانیم گۆڵ بکەم، پێش ئه‌وه‌ی شووت بكه‌م مێسی هاواری كرد و پێی گوتم دی ماریا شووت بكه‌ گۆڵپارێز هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، منیش یه‌كسه‌ر شووتم كرد، بۆیه‌ مێسی هۆكاری تۆماركردنی ئه‌و گۆڵه‌ی من بوو.
دی ماریا گوتیشی: ئەم گۆڵە دوایین گۆڵی بیر هێنامەوە کە لە ئۆڵمپیک بەرامبەر نایجیریا کردم، دەمێک بوو چاوەڕێی رۆژێکی لەمشێوەیەمان دەکرد، ئێستاش دوای بردنەوەی کۆپا ئەمریکا بیر لە جامی جیهانی دەکەینەوە، بێگومان بردنەوەی ئەم ناسناوە بەباشی مێسی بووە، مێسی دوای یارییەکە سوپاسی کردم و پێی وتم ئەمە تۆڵەی یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتیەکانی رابردووە، بەر لە یارییەکەش لیۆ بە ئێمەی وت جارێکی دیکە گەیشتینە کۆتایی و ئەمجارە دەبێت ببەینەوە.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler