تەمموز 24, 2021

ئەمڕۆ و سبەی ناسنامەی ئەو ٨ یانەیە ئاشکرا دەبن کە دەگەنە خولی پلەیەکی کوردستان

یارییەکانی چوونی قۆناغی شازدەی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان کۆتایی هات و بڕیار وایە ئەمڕۆ و سبەی بە ئەنجامدانی ٨ یاری گەڕانەوە، چارەنوسی ئەو ٨ یانەیە ئاشکرا دەبن کە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پلە یەکەکان یاری دەکەن، بۆ یەکەمجارە لە خولی یانە پلە دووەکان ئەو ژمارە زۆرە لە یانە دەگەنە پلە یەکە، لە یارییەکانی چووندا، یانەکانی بروسک و پیشەسازی و چوارقوڕنە و قەڵادزێ بردنەوەی گرنگیان بەدەستهێناو نزیکن لەگەیشتن بە پلە یەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕکەبەری نێوان یانەکان بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت یارییەکان بەهێز بن.

چەند یانەک لە گەیشتن بە پلەیەک نزیکن
لە یارییەکانی چووندا یانەی بروسک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناو بە پێنج گۆڵ بەرانبەر بەسێ گۆڵ لە یانەی دوکانی بردەوە و هەنگاوێکی گرنگ لەڕیزی پلە یەک نزیک بۆوە، دوکان لەیارییەکەی ئەمڕۆدا پێویستە بە جیاوازی سێ گۆڵ بیباتەوە.
لەیارییەکی تردا، یانەی پیشەسازی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەسێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لەیانەی خوڕماڵی بردەوە و نیوەی ڕێگەی گەیشتن بە خولی پلەیەکی بڕی، یانەی قەڵادزێش بەبردنەوەی لەیانەی کفری ورەیەکی زۆری بۆ یاری گەڕانەوە بە یاریزانانی بەخشی، هەردوو یانەی بابان و سمێل لە یارییەکی تردا یەکسان بوون هەلی گەیشتنی هەردوو یانە هاوسەنگە.
یانەی ڕانیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک لەگەڵ ڕەواندوز یەکسان بوو، یانەکانی تەناهی و شۆڕیجەیش لەشاری دهۆک بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، چوارقوڕنە لەسەر یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە پەیامی هەڵەبجەی بردەوە و هەنگاوێکی گرنگی بۆ ڕیزی پلەیەک هاویشت، یانەی بەردەڕەشیش لەسەر یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لەیانەی بازیانی بردەوە.
بەگشتی یارییەکانی ئەمڕۆ و سبەی یەکلای کەرەوە دەبن و ناوی ٨ یانەکەی وەرزی داهاتووی پلەیەک ئاشکرا دەبن
خشتەی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی شازدە بەم شێوەیە دەبن:
سێشەممە:
پیشەسازی - خوڕماڵ/ یاریگەی پیشەسازی
قەڵادزێ - کفری / یاریگەی قەڵادزێ
سێمێل - بابان / یاریگەی سێمێل
بروسک - دوکان / یاریگەی بروسک
چوارشەممە:
بازیان - بەردەڕەش / یاریگەی بازیان
ڕانیە - ڕەواندوز / یاریگەی ڕانیە
پەیام - چوارقوڕنە/ یاریگەی پەیام
شۆریجە - تەناهی/ یاریگەی شۆڕیجە
خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەبەشداری ٣٩ یانە بەڕێوەدەچێت، یانەکان بەسەر ٨ کۆمەڵەدا دابەشکراون، کە بەشێک لە کۆمەڵەکان لە ٥ یانە پێکهاتوون و بەشێکیشیان ٤ یانەن، شێوازی خولەکەیش بەیەک قۆناغ بەڕێوەچوو، لە هەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی دووەم کە ژمارەی یانەکان بوو بە ١٦ یانە و لەو ژمارەیەیش ٨ یانە سەردەکەون بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، هیچ یانەیەکیش دانابەزێت.

 

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler