تەمموز 24, 2021

ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ی خۆم ناسناوه‌كه‌ی نه‌بردباوه‌، پێم خۆش بوو هه‌ندرێن ببێته‌ پاڵه‌وان

سه‌فین مه‌نسور، هێرشبه‌ری یانه‌ی برایه‌تی، ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی نایابی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، به‌هۆی جووڵه‌ جوانه‌كانی له‌ نێو یاریگه‌ سه‌رنجی هانده‌رانی تیپه‌كه‌ی به‌لای خۆیدا راكێشابوو، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بوو بۆ برایه‌تی، ئه‌و له‌ دوای پێكانێكی قورس گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام ئاستێكی باشی نیشانی هه‌مووان دا، 11 گۆڵ و 10 ئاسیستی تۆماركرد، له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت دا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ده‌داته‌وه‌.

*كام گۆڵت جوانترین گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ت بووه‌؟
- ئه‌و گۆڵه‌ی له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان به‌رانبه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر تۆمارم كرد
*كام گۆڵت زۆر لا گرینگ بوو؟
- هه‌موو یارییه‌كان گرینگ بوون بۆ ئێمه‌ هه‌ر گۆڵێكی تۆمارم كردبێت بایه‌خ و گرینگیی خۆی هه‌بووه‌ بۆ تیپه‌كه‌م
*كام به‌رگریكار له‌گه‌ڵ تووند بوو؟
- له‌ راستیدا هه‌موو به‌رگریكاره‌كان له‌گه‌ڵم تووندبوون، به‌ڵام من رێگه‌ چاره‌یه‌كم ده‌دۆزییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆمیان لێ رزگار بكه‌م
*ترست له‌هیچ به‌رگریكارێك هه‌بوو كاتێ رووبه‌ڕوورت ده‌بوونه‌وه‌؟
- نه‌خێر له‌هیچ به‌رگریكاریك نه‌ترساوم
*كام یانه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بووخاڵیان لێ وربگرن؟
- یانه‌ی شێروانه‌ تیپێكی زۆر زه‌حمه‌ت بوون، به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانی لێیان ببه‌یته‌وه‌ و خاڵیان لێ وه‌ر بگری، چونكه‌ تیپێكی زۆر باش بوون، له‌ده‌ره‌وه‌ و ناو یاریگه‌ی خۆیان یاریی كردن له‌گه‌ڵیان زه‌حمه‌ت بوو.
*ئه‌گه‌ر برایه‌تی ناسناوه‌كه‌ی نه‌بردایه‌ته‌وه‌ حه‌زت ده‌كرد كا یانه‌ی كوردستان ببێته‌ پاڵه‌وان؟
- حه‌زم ده‌كرد یانه‌ی هه‌ندرێن ناسناوه‌كه‌ی ببردایه‌ته‌وه‌
*قورسترین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌تان كامه‌ یاریی بوو؟
- زه‌حمه‌ترین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌مان له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ندرێن بوو، كاتێك به‌ دوو گۆڵ له‌دواوه‌بووین و دواتر به‌ 3 گۆڵ پێشكه‌وتین و بردمانه‌وه‌، ئه‌مه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌بوو بۆ ئێمه.‌
*نهێنیی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بۆ یانه‌ی برایه‌تی چی بوو
- كارگێڕی یانه‌ی برایه‌تی بڕیاریكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و گرینگی دا، كاتێ خۆی یه‌كلا كرده‌وه‌، كه‌ به‌ تیپی سه‌ره‌كی به‌شداری له‌ یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان بكات، به‌مه‌ش ئامانجه‌كه‌ی خۆی پێكا، به‌ڵام له‌ به‌شداریكردن به‌ یارزیانه‌ لاوه‌كان له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، ئه‌مه‌ هۆكاری بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌بوو.
*چیت بۆ هانده‌رانی برایه‌تی هه‌یه‌؟
-یه‌كێك له‌ خاڵه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی برایه‌تی و وه‌ك هۆكارێكی سه‌ره‌كیش هانده‌رانی یانه‌كه‌مان بوون، كه‌ به‌هه‌موو جۆرێك پاڵپشتی ئێمه‌یان ده‌كرد، له‌ گه‌رما و سه‌رما پاڵپشتمان بوون، تا له‌ كۆتایی دا به‌ ئاواته‌مه‌یان گه‌یشتن.
*زه‌حمه‌ترین گۆڵپارێز لای تۆ كێ بوو تا گۆڵی لێ بكه‌یت؟
- له‌ راستیدا نه‌ریمان خدر، گۆڵپارێزێكی تایبه‌ت بوو، گۆڵ كردن لێی زه‌حمه‌ت بوو، جیاوای ئه‌و له‌گه‌ڵ گۆڵپارێزه‌كان ئه‌وه‌بوو له‌ تۆپه‌ به‌رزه‌كانیش باڵاده‌ست بوو، خاوه‌نی سه‌نگ و قوورسای خۆی بوو له‌ نێو گۆڵ.
*ئه‌م خه‌ڵاتی باشترین لای تۆ چی ده‌گه‌ینێ؟
- هه‌موو ساڵیك ئه‌وه‌ خه‌ونی من بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ دۆخی نه‌خوازرا و ده‌هاته‌ پێش و خه‌ونه‌كه‌م له‌بار ده‌چوو، تا ئه‌م ساڵ به‌ ئاواته‌كه‌م گه‌یشتم، هه‌وڵده‌ده‌م ساڵانی داهاتووش ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ربگرمه‌وه‌.
* خه‌ونی داهاتووت چییه‌؟
- ده‌مه‌وێت له‌ داهاتوو بگه‌م به‌ هه‌لبژارده‌ی عێراق و كوردستان، ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماومه‌ به‌شێوه‌یه‌كی رێك و پێك و پیشه‌گه‌رانه‌ به‌ڕێی بكه‌م

بیوگرافیا
سه‌فین مه‌نسور، له‌ 1996 له‌ شاری هه‌ولێر له‌دایك بووه‌، پێشووتر بۆ یانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و نه‌ورۆز و برایه‌تی یاریی كردووه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ برایه‌تی بۆ یه‌كه‌مجار ناسناوی خولی نایابی كوردستانی برده‌وه‌، به‌ ده‌نگی راهێنه‌ران و كاپتنی یانه‌كان رۆژنامه‌نووسان بووه‌ باشترین یاریزانی خوله‌كه، كه‌ 39 ده‌نگی له‌ كۆی 54 ده‌نگ به‌ده‌ستهێنابوو.‌

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler