حوزەیران 21, 2021

دوای ئه‌لێگری، له‌سه‌ر سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕۆناڵدۆش ده‌كرێ

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دوای ئه‌لێگری، له‌سه‌ر سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕۆناڵدۆش ده‌كرێ
دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتوس ماسیمیلیانۆ ئه‌لێگری، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتاڵیا به‌ تۆمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی یاریزانی هه‌مان یانه‌ ده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك پێش ئێسته‌ رۆژنامه‌ی لاڤێریتای ئیتاڵی ئاشكرای كردبوو كه‌ له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راهێنه‌ری یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌ ده‌كرێ، دوێنێ دووشه‌ممه‌ 7/6/2021، بڵاو كرایه‌وه‌، كه‌ دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌لێگری به‌ تۆمه‌تی خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ گرووپ، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆناڵدۆش ده‌كرێ.
هه‌مان سه‌رچاوه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ رۆناڵدۆ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی پاره‌سپیكردنه‌وه‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ باجدان له‌ دیسێمبه‌ری 2020 و فێبرایه‌ری 2021، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، تتایبه‌ته‌ به‌ سێ پرۆسه‌، ئه‌ویش ڕاكێشانی پاره‌ی خۆیه‌تی به‌ بڕی 200 هه‌زار یۆرۆ، كه‌ نه‌زانراوه‌ بۆ چی شوێنێك براوه‌.
ئه‌لێگری له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا، كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوی كردبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندبوو ئه‌و په‌یوه‌ندیی به‌و كاره‌وه‌ نییه‌ و رای گه‌یاند ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕاست نین، كه‌ كاری نایاسایی و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی كردبێ.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌، ئه‌لێگری تازه‌كی بووه‌ته‌وه‌ راهێنه‌ری یوڤێنتوس، كه‌ مانگی ڕابردوو به‌ فه‌رمی شوێنی ئه‌ندریه‌ پیرلۆی گرته‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیی یانه‌كه‌ی دوور خرابووه‌وه‌.

به‌رشلۆنه‌ ده‌یه‌وێ هێڵی پشته‌وه‌ی یانه‌كه‌ به‌هێزتر بكا
یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ده‌یه‌وێ له‌ ماوه‌ی جێگۆڕكێی هاوینه‌ی یاریزانانی تۆپی پێدا، ڕیزه‌كانی له‌ هێڵی به‌رگری به‌هێز بكا، هه‌رچه‌نده‌ به‌م دواییه‌ به‌رگریكاری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ئیریك گارسیاشی برده‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ بۆندی یاریزانێكی دیكه‌ی به‌رگریدا شكستی خوارد.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌سته‌ی هونه‌ریی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ئێسته‌ ده‌یانه‌وێ به‌رگریكارێكی دیكه‌ ببه‌نه‌ ریزه‌كانیانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ ساموێل ئۆمتیتی له‌ ڕێگه‌ی رۆیشتندایه‌ له‌ یانه‌كه‌ی.
جیۆلێس كۆندی، به‌رگریكاری یانه‌ی سڤیلیه‌، كه‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵانه‌، جێی بایه‌خی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌، ته‌مه‌نی كه‌م و پێشكه‌وتنی باش، كه‌ به‌م دواییه‌ پێوه‌ی بینراوه‌. هه‌روه‌ها ناوبراو خاوه‌ن توانایه‌كی به‌رز و باشی جه‌سته‌یی، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ باشی ئاشنا و گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ خولی ئیسپانیا.
رۆژنامه‌كه‌ روونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆندی پێش چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاندووه‌ ده‌یه‌وێ ریزه‌كانی یانه‌كه‌ی جێ بهێڵێ و بچێته‌ یانه‌یه‌كی گه‌وره‌تر.
یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی بۆندێكی 55 ملیۆن یۆرۆیی پێشكه‌شی ئه‌و یانه‌یه‌ كردووه‌، بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌و یاریزانه‌ی، سڤیلیه‌ش ده‌یه‌وێ به‌رانبه‌ر 80 ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یاریزانه‌ی بێ، كه‌ به‌ها و بڕی مه‌رجسزای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆندی ئه‌و یاریزانه‌یه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2024ـدا كۆتایی دێ.
رۆژنامه‌كه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌رشلۆنه‌ هه‌وڵ ده‌دا چه‌ند یاریزانێك بكاته‌ قوربانیی ده‌ستخستنی كۆندی، له‌وانه‌ كۆنراد دی لا فۆیننتی، فرانسیسكۆ ترینكاو، ڕه‌نگه‌ كلیمنتیشی بگه‌ڕێته‌وه‌ تیمه‌ ئه‌نده‌لووسییه‌كه‌.
هاوكات رۆژنامه‌كه‌ روونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ماتیاس دی لیختی به‌رگریكاری یانه‌ی یوڤێنتوس، ئه‌و یاریزانه‌یه‌ كه‌ به‌رشلۆنه‌ چاوی له‌سه‌ریه‌تی، وه‌كوو یه‌ده‌گێك له‌ باری سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆندی كۆندی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژنامه‌نووسی به‌ناووبانگ فابریزیۆ رۆمانۆ، پێشتر ئاشكرای كردبوو، كه‌ یاریزانی هۆڵه‌ندی جۆرجینۆ ڤایناڵدۆم، بڕیاری كۆتایی دا به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی پاریس سان جێرمانه‌وه‌ ده‌كا.
یانه‌ پاریسییه‌كه‌ بۆندێكی گرانبه‌های پێشكه‌شی ئه‌و یاریزانه‌ كردبوو، بۆیه‌ یاریزانه‌كه‌ ڕه‌تی نه‌كرده‌وه‌ و بڕیاری دا په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكا و دوای پكشنینی پزیشكی، ده‌چێته‌ یانه‌كه‌ و به‌ شێوه‌ی فه‌رمی بۆنده‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێ.
ئه‌و یاریزانه‌ی لیڤه‌رپوول، له‌ پلانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌دا بوو، به‌ڵام یانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ زوو ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و ئه‌و یاریزانه‌ی هێنایه‌ بڕوا كه‌ بچێته‌ ریزه‌كانیان.
تۆڕی میدیای ئێسپن، بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆنده‌ی پاریس زۆر له‌ بۆندی به‌رشلۆنه‌ زیاتر بووه‌، بۆیه‌ له‌و كاره‌یدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ له‌م مانگه‌دا له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی كۆتایی دێ.
یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ ئێسته‌ ده‌یه‌وێ یاریزانێكی دیكه‌ی هۆڵه‌ندی به‌ ئامانج بگرێ، ئه‌ویش ممفێس دیپای، یاریزانی یانه‌ی لیۆنی فه‌ره‌نسییه‌.

پێش میوانداریی كۆپا ئه‌مریكا به‌ڕازیل به‌ ده‌ست چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ
یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل، بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن، بڕیاری ڕاگرتنی سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیلی بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ داوه‌.
ڕاگرتنی رۆجیریۆ كاپۆكلۆ، به‌ تۆمه‌تی گێچه‌ڵی سێكسی به‌ فه‌رمانبه‌رێكی یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل، له‌ كاتێكدایه‌ به‌ڕازیل هه‌فته‌ی دادێ میوانداریی كۆپا ئه‌مریكا ده‌كا، به‌و هۆیه‌ی به‌ فه‌رمی میواندارییه‌كه‌‌ له‌ كۆڵۆمبیا سه‌ندرایه‌وه‌، به‌ هۆی بوونی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی، ئه‌رژه‌نتینیش لێی كشایه‌وه‌، به‌ هۆی زۆربوونی ژماره‌ی تووشبووان به‌ په‌تای كۆرۆنا.
یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل، ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری له‌ باره‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی دراوه‌ته‌ پاڵ سه‌رۆكه‌كه‌یان‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام ڕای گه‌یاندووه‌: بڕیاره‌كه‌ نهێنییه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و سكاڵایه‌ بكرێ كه‌ تۆمار كراوه‌.
به‌ڵام سایتی گڵۆبۆ سپۆرت، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئاشكرا بكا، دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌دا كردووه‌، كه‌ كابۆكلۆ گێچه‌ڵی پێ كردووه‌ و وتوویه‌تی توانجی سێكسیی لێ داوه‌ و گێچه‌ڵی پێ كردووه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل،‌ بڵاویشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دوای ڕاگرتنی سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل، جێگری سه‌رۆك ئه‌نتۆنیۆ كارلۆس نۆنیس دی لیما، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی تۆپی پێی به‌ڕازیل ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.
بڕیاری میوانداریكردنی له‌ناكاوی كۆپا ئه‌مریكا له‌لایه‌ن به‌ڕازیله‌وه‌، وای كردووه‌ په‌له‌په‌ل له‌ ئاماده‌كارییه‌كی كورت و خێرا بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوونه‌، ئه‌وه‌یش به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌یه‌، كه‌ گومانی به‌شداریكردنی یاریزانانی له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌ هه‌یه‌.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler