حوزەیران 21, 2021

توانیمان میژووێكی گه‌وره‌ بۆ خۆمان بنووسینه‌وه


ئاكۆ عوزێر زرار، ته‌نیا 18 ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی، به‌ڵام به‌هۆی ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی، كه‌ له‌ هێڵی ناوه‌ڕاست یاریی ده‌كات، بووته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی هانده‌رانی یانه‌كه‌ و جه‌ماوه‌ری تۆپی پێ، مه‌حمود مه‌جیدی راهێنه‌ر زۆربه‌ی یارییه‌كان وه‌ك كارتێكی گرینگ به‌كاری ده‌هێنێت، هانده‌ران پێیانوایه‌، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی زیاتری پێبدرێت ساڵانی داهاتوو ئاستی به‌رزتر پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌بێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان.

*سه‌ره‌تای وه‌رزشیت كه‌ی بوو.
- سه‌ره‌تا له‌ فێرگه‌ی كۆلێژی جیهان ده‌ستمپێكردووه‌، كه‌ راهێنه‌ر محه‌مه‌د یوسف پاڵپشتییه‌كی باشم بوو، دواتر له‌ یانه‌ی بروسك به‌راده‌وامیم به‌ یاریكردندا له‌وێش ئامانج محمود و حه‌مه‌خان پشتگیریان ده‌كردم، له‌ یانه‌ی برایه‌تیش راهێنه‌ر هێور موسته‌فا پاڵپشتیكی باشم بووه‌، سوپاسی هه‌موو ئه‌وان ده‌كه‌م، كه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان پاڵپشتنیان كردووم.
*چه‌ند ده‌بێت له‌ برایه‌تی یاریی ده‌كه‌یت؟
- ته‌نها ئه‌م وه‌رزه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ برایه‌تییه‌وه‌ كردووه‌، سوپاس بۆ خوا بووینه‌ پاڵه‌وان
*خه‌ونی وه‌رزشیت چییه‌؟
- خه‌ون و ئاواتی من ئه‌وه‌بوو له‌ یانه‌یه‌كی ئه‌وروپی یاریی بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی خۆشه‌وه‌یستی و به‌رگه‌نه‌گرتنی دووری دایكم و باوكم، ده‌ستبه‌رداری ئه‌م خه‌ونه‌م بوومه‌
*كێ پاڵپشتی سه‌ره‌كییه‌ت بۆ به‌رده‌وامبوون؟
- دایكم و باوكم به‌ تایبه‌تی دایكم زۆر پشتگیرم ده‌كات، هێز و وزه‌یه‌كی زۆرم پێده‌به‌خشێت، كه‌ بۆ من وه‌ك پاڵپشتی هه‌موو دونیا وایه‌.
*حه‌زده‌كه‌ی بۆ كام یانه‌ی دیكه‌ی عێراقی یا كوردستان یاریی بكه‌یت؟
- حه‌زم ده‌كرد بۆ یانه‌یه‌ك یاریی بكه‌م له‌ ریزی نایابی كوردستان یاریی بكات، سوپاس بۆ خوا توانیم له‌گه‌ڵ برایه‌تی گرێبسیت بكه‌م و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا خۆم له‌گه‌ل تیپه‌كه‌ی پایته‌خت بگونجێنم، له‌ ئێسته‌شدا ته‌نها حه‌زده‌كه‌م بۆ برایه‌تی یاریی بكه‌م.
*چیت له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ناسناوی ئه‌م ه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی؟
- هه‌ستێكی زۆر خۆشم هه‌یه‌، توانیمان میژووێكی گه‌وره‌ بۆ خۆمان بنووسینه‌وه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ببینه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان
* چیت بۆ هانده‌رانی برایه‌تی هه‌یه‌؟
- هیوادارم هه‌میشه‌ پاڵپشتی یانه‌كه‌یانبن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ و چه‌ند ساڵێك پیش ئێسته‌ به‌رده‌وام پشتگیرییه‌كی باشی یانه‌كه‌یان كردووه‌، هیوادارم به‌رده‌وامبن، ئه‌و ناسناوه‌ش پێشكه‌ش به‌ ئه‌وان ده‌كه‌ین، كه‌ شایسته‌ی هه‌موو شتێكن
* به‌كام یاریزانی جیهانی و ناوه‌خۆ سه‌رسامی؟
- له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئیسپانیا چاڤی زۆر سه‌رسامم، له‌ناوه‌خشدا به‌ سه‌فین مه‌نسوری هێرشبه‌ری برایه‌تی سه‌رسامم. ‌

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler