تەمموز 24, 2021

له‌ خولی نایابی كوردستان گه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

له‌ گه‌ڕی دووه‌می قۆناغی كۆتایی خولی نایابی گوردستان، كه‌ یارییه‌كانی رۆژی هه‌ینی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چه‌ند رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی به‌هیز ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌ كاتژمێر (5:00)ـی ئێواره‌ ده‌بێت، له‌ گرینگترین یاریی ئه‌م گه‌ڕه‌ برایه‌تی له‌ پیرمام ده‌بێته‌ میوانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، هه‌ندرێنیش میوانێكی به‌هێزی هه‌یه‌ و ركابه‌رێكی سه‌رسه‌ختییه‌تی، كه‌سیروانی نوێیه‌، زاخۆش له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ شێروانه‌ یاریی ده‌كات، ئه‌م گه‌ڕه‌ چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ ناسنامه‌ی پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ ئاشكرابێت، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری له‌سه‌ر خوله‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
به‌ربه‌ستێكی به‌هێزی به‌رده‌م پاڵه‌وان بوونی برایه‌تییه‌
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، له‌ پیرمام له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ هیوای پاڵه‌وانبوونی نه‌ماوه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات پله‌ی دووه‌م یا سێیه‌می خوله‌كه‌ی به‌ركه‌وێت، بۆیه‌ هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌دات، دۆخی كوڕانی سه‌میری راهێنه‌ر باشه‌، چونكه‌ فشارێكی زۆریان له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌ ئاسووده‌ی یاریی بكه‌ن، تیپه‌كه‌ی پیرمام ئه‌م وه‌رزه‌ باش ده‌رنه‌كه‌وتن وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانی پێشووتر پێیه‌وه‌ ناسرابوون، به‌ڵام توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ یه‌كێك له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، 9 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌من.
برایه‌تی ده‌یه‌وێت به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كه‌ ببڕیت و خه‌ونه‌ له‌ مێژینكه‌ی بهێنێته‌دی، به‌ڵام ده‌شزانێ ئه‌ركی قووڕسه‌، به‌تایبه‌ت له‌ یه‌كتر نزیكی و شاره‌زای یاریزانه‌كانی هه‌ردوو تیپ، كاره‌كه‌یان ئاڵۆزتر ده‌كات، به‌رده‌وام ئه‌م یارییانه‌ هه‌ستیاریان پێوه‌ده‌بینرێت، و كارتی ره‌نگاوڕه‌نگی تیدا زۆر ده‌بێت، سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت له‌دۆخێكی باشدان سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانیان بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، ته‌نانه‌ت ژیار گۆڤه‌ندیشی گه‌ڕی رابردوو بۆ گه‌ڕایه‌وه‌ و چه‌ند خوله‌كیك له‌ یارییه‌كه‌ به‌شداریكرد، كه‌ خاڵێكی به‌هیزی تیپه‌كه‌یه‌، سه‌فین پاتۆ و بیلال ساڵح و سه‌فین عه‌بدولخاڵق، خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی تیپه‌كه‌ی مه‌حمود مه‌جیدن، تایبه‌ت سه‌فین پاتۆ خاوه‌نی 10 گۆڵ و 9 ئاسیسته‌، كه‌ گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌، هه‌ركاتێك ئه‌وانه‌ باش ده‌ربكه‌ون، برایه‌تی سه‌ركه‌وتنی نزیكه‌، له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌ و شكستی ركابه‌ره‌كانی به‌فه‌رمی ده‌بێته‌ پاڵه‌وان، له‌ چه‌ند یاریی رابردووشی بارزان یوسفی گۆڵپارێز ئاستێكی نایابی پێشكه‌ش كردووه‌، برایه‌تی 15 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.

هه‌ندرێن سیروانی نوێ هه‌وڵی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر ده‌ده‌ن
هه‌ندرێن له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سیرونی نوێ ده‌كات، هه‌ندرێن ته‌نها بیر له‌ بردنه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش چاوه‌ڕێی شكستی ركابه‌ره‌كه‌یه‌تی، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ تیپی میوان، كه‌ نزیكترین ركابه‌ری خۆیه‌تی له‌ ركابه‌ره‌ نزیكه‌كه‌ی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌نگاوێكیش له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ نزیكده‌بێته‌و، گه‌ڕی رابردووش تووشی دۆڕانێكی گه‌وره‌بوون، كاتێ به‌ برایه‌تی دۆڕان، دوای ئه‌م شكسته‌ دۆخی هه‌ندرێن له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ باش نییه‌، یاریزانه‌كانی ئاماده‌ن بۆ یاریكردن و گرفتی سه‌ره‌كیان نییه‌، هه‌موو هه‌وڵیكیان بۆ بردنه‌ویه‌، ئه‌گه‌رنا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌نازناوه‌كه‌ بێبه‌ش ده‌بن، خاوه‌نی 11 خاڵن و له‌ پله‌ی چواره‌م دێن.
سیروانی نوێ، یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌ به‌هێزه‌كانی بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستانه‌، به‌تایبه‌تی دوای بردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی رابردووی له‌ شێروانه‌ی نزیكترین ركابه‌ری، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م تیپه‌ به‌هیزی هێرشبه‌رانییه‌تی كاتیك له‌م قۆناغه‌ به‌ 19 گۆڵ خاوه‌ن زۆرترین ژماره‌ی گۆڵن، ته‌نها یه‌ك دۆڕانیشی تووش بووه‌، كه‌ كه‌مترین دۆڕانی تیپیكه‌ له‌م قۆناغه‌، ته‌نانه‌ت 7 گۆڵی لێكراوه‌ كه‌ كه‌مترینه‌، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ندرێن و شكستی برایه‌تی راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ پێشه‌نگ و به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش تواناكانی شادومان سه‌باحی ناوه‌ڕاستكاری بۆ گه‌راوه‌ته‌وه‌ و هه‌فته‌یه‌كه‌ مه‌شق و راهێنان ده‌كات، كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی تۆپی جێگیر توانایه‌كی باشی هه‌یه‌ و خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی راهینه‌ره، سۆران عه‌بدوڵڵای به‌رگریكاریشی به‌هۆی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری له‌ ئه‌ژنۆی ناتوانێ به‌شداری بكات، 14 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.


شێروانه‌ هیوایه‌كی كه‌می ماوه‌
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كان ده‌كات، زاخۆ، هیچ هیوایه‌كی نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌، هیچ فشاریكی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌نجامی مێژوو یاریی ده‌كات، ده‌یه‌وێت له‌ شێروانه‌ بباته‌وه‌، زۆربه‌ی چاودێرانی وه‌رزشی پێانوابوو، به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی زاخۆ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م پێشكه‌شی كرد، ده‌بێته‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ ده‌رچوو، پیكان و بێ ئه‌زموونی یاریزانان و به‌شداریكردنی هه‌ندێك له‌ یلریزانه‌كانی له‌گه‌ل تیپی خولی عێراقی زاخۆیان به‌م ئاقره‌دا برد، زاخۆ هه‌موو یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، 4 خاڵی هه‌یه‌، ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ كه‌مترینه‌، 16 گۆڵی لێكراوه‌ كه‌ زۆرترینه‌، 5 گۆڵی هه‌یه‌ كه‌ كه‌مترنیه‌، له‌ كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت.

شێروانه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه‌ ده‌كات، تا چانسی بوون به‌ پاڵه‌وانی بۆ بگه‌رێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌م یارییه‌ بباته‌وه‌ له‌ دواتر هه‌ردوو یانه‌ی برایه‌تی و سیروانی نوێ تووشی شكستبێن، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌رێكی كه‌مه‌ به‌ڵام له‌ تۆپی پێدا هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه‌، بۆیه‌ له‌سه‌رتادا هه‌وڵی بردنه‌وه‌ له‌ زاخۆ ده‌ده‌ن، ئینجا بیر له‌ ئه‌نجامه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ محه‌مه‌د جه‌لالی یه‌كێك له‌ باشترین به‌رگریكه‌ركانی شێروانه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كبوونی كارته‌ زه‌رده‌كانییه‌وه‌ ناتوانیت یاوه‌ری تیپه‌كه‌ی بكات، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌ركانی ناوه‌ڕاستكاریش به‌شداری ناكات، حه‌مه‌ی سابیر و محه‌مه‌د حه‌میدی هێرشبه‌ری و عه‌لی كاكه‌مینه‌ و و دانا كامه‌ران له‌توانایان دایه‌، ئه‌نجامێكی باش بۆ شێروانه‌ له‌ زاخۆ تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام رێگه‌ دووره‌كه‌ نێوان كه‌لار و زاخۆ كاریگه‌ری به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دیكه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، خوه‌نی 12 خاڵن، له‌ پله‌ی سێیه‌م دێن.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

. ‌

© 2017 Hawler