تەمموز 24, 2021

زێدان بۆ یه‌كه‌مجار هۆكاری راسته‌قینه‌ی جێهێشتنی ریال مه‌درید ئاشكرا ده‌كات

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ميوانداريكردنی كۆپا ئه‌مریكا له‌ ئارجێنتینا وه‌رگیرایه‌وه‌
ئه‌گه‌رچی کەمتر لە دوو هەفتە بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکا ماوە، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور کۆنمیبۆڵ رایگەیاند مافی میوانداریکردن و رێکخستنی کۆپا ئەمریکا لە ئارجێنتینا وەردەگرنەوە کەبە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا چالاکییە وەرزشیەکانی وڵاتی تانگۆ هەڵپەسێردراوە.
دوای دوو هەفتە لە دوورخستنەوەی کۆلۆمبیا لە میوانداریکردنی کۆپا ئەمریکا ئەمجارەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا مافی میوانداریکردنەکە لە ئارجێنتیناش سەندرایەوە، گەرچی تەنیا دوو هەفتە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانییەتیەکە ماوە بەڵام دیار نییە کە چ وڵاتێک میوانداری کۆپا ئەمریکا دەکات.
سەرەتا بڕیاربوو کۆپا ئەمریکا بە بەشداری 10 هه‌ڵبژاردەی ئەمریکای باشوور لە 14ـی مانگ لە ئارجێنتینا و کۆلۆمبیا بەڕێوەبچێت، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوو بڕیاردرا کۆلۆمبیا لە میواندارییەکە دووربخرێتەوە و تەنیا ئارجێنتا لە گۆرەپانەکە مایەوە، ئێستاش کە کەمتر لە دوو هەفتە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانییەتیەکە ماوە کۆنمیبۆڵ بڕیاریدا هەر بە هۆی کۆرۆناوە میواندارییەکە لە ئارجێنتیناش وەربگرێتەوە.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور لە بەیاننامەکەیدا هێمای بۆ ئەوە کردووە خوێندنەوە و پێداچوونەوە بۆ ئۆفەری چەند وڵاتێکی دیکە دەکەن کە داوایان کردووە لەجێگه‌ی کۆلۆمبیا و ئارجێنتینا میوانداریی کۆپا ئەمریکا بکەن و بەمنزیکانە وردەکارییەکان دەخەنەڕوو.
بەمهۆیەوە کۆپا ئەمریکا لێدانێکی دیکەی کوشندەی بەر دەکەوێت دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوو هەر بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەمساڵ دواخرا، چونکە پێشبینی دەکرێت لەم ماوە کەمەی بەردەستە هیچ وڵاتێک نەتوانێت بە شێوەیەکی نموونەیی میواندارییەکە بکات.
پێشتر هەرگیز دوو وڵات لە یەک کاتدا میوانداریی کۆپا ئەمریکایان نەکردووە و چاوەرێ دەکرا ئەمجارە گۆڕانکاریی بکرێت، بەڵام کۆلۆمبیا بەهۆی دۆزی ناوخۆیی و خۆپیشاندانەکان و ڤایرۆسی کۆرۆنا دوورخرایەوە.
چەند سەرچاوەیەکیش بڵاویان کردووەتەوە هەریەکە لە چیلی و ئەمریکا نزیکترینن بۆ ئەوەی له‌ جیاتی کۆلۆمبیا و ئارجێنتینا میوانداريی کۆپا ئەمریکا بکەن.

زێدان هۆكاری راسته‌قیه‌ی جێهێشتنی ریال مه‌درید ئاشكرا ده‌كات
لە زنجیره‌یه‌ك لێدواندا كه‌ له‌ رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە زینه‌دین زیدان نووسیویەتی شانازی دەکات بۆ ماوەی 20 ساڵ کاری لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، چ وەکو یاریزان و چ وەکو راهێنەر، دەشلێت شانازییەکی گەورەیە کە بووەتە بەشێک لە مێژووی یانە مەدریدیەکە و ریال مەدرید بە باشترین یانەی جیهان وەسف دەکات.
زیدان دەڵێت: لە مارسی 2019 دوای هەشت مانگ گەڕامەوە راهێنەرایەتی ریال مەدرید چونکە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە داوای لێکردم و منیش داواکەم رەت نەکردەوە، جگە لەوەش پاڵپشتی هاندەران وایکرد جارێکی دیکە ئارەزووی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بکەمەوە
لەبارەی دووبارە جێهێشتنی ریال مەدرید، زیزۆ ئاماژەی بەوە کردووە لەبەر ئەوە ریال مەدریدی جێنەهێشتوە کە لە راهێنەرایەتی ماندوو بووبێت، هێما بۆ ئەوە دەکات لە 2018 بۆیە یانەکەی جێهێشت پێیوابووە دوای بردنەوەی کۆمەڵێک ناسناو کاتی ئەوە بووە تیپەکە نوێبکرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان جێهێشتنەکەی جیاوازە.
زیزیۆ پێیوایە ئەمجارە ریال مەدرید متمانەی تەواوی پێ نەکردووە و کارگێری یانەکە پاڵپشتی نەکردووە بۆ ئەوەی تیپەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بنیات بنێتەوە.
زیدان کە 3 چامپیۆنزلیگی بۆ مێرەنگی بردووەتەوە دەڵـێت: بە باشی لە تۆپی پێ تێدەگات و دەزانێت تیپێکی وەکو ریال مەدرید چی دەوێت و چی پێویستە، پێیوایە هەر کاتێک زانیت ئەنجامت نابێت باشترە ئەو شوێنە جێبهێڵیت.
راهێنەری پێشووی شایانەکان گوتیشی: رێز لە پەیوەندی نێوان خۆی و یانەکەی دەگرێت هەرچەندە لەمدواییە پەیوەندییەکانیان کەمێک جیاوازتر بووە، زیزیۆ نووسیویەتی: پارە و پاداشتم ناوێت تەنیا دەمەوێت بزانن کە چیم بەدەستهێناوە، ئاماژە بەوەش دەکات ئێسرا چارەنووسی راهێنەران لەگەڵ یانەکەن زۆربەیان دوو وەرزە، بەڵام من بۆ ماوەیەکی درێژ ماومەتەوە، دووپاتیشیدەکاتەوە پەیوەندی مرۆڤایەتی زۆر گرنگترە لە پارە و ناوبانگ و هەر شتێکی دیکە.
هەر لە پەیامەکەیدا زیدان ده‌ڵێت: زۆر هەستم بە بێزاری کرد دوای دۆڕانێکمان لە رۆژنامەیەک خوێندمەوە ئەگەر لە یاریی دواتر براوە نەبین دوور دەخرێمەوە، ئەمانە زیانی زۆریان بە من و تیپەکەم گەیاند، ئەم بڵاوکراوانە هەمووی بە ئەنقەست بوون بۆ ئەوەی کاریگەریمان لەسەر درووست بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا زیزۆ پەیامێکی بۆ هاندەرانی مەدریدێستا ناردووە و نووسیویەتی: تا هەتایە یەکێکم لە ئێوە و لە گەڵتان دەمێنمەوە.

هێنری گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی پێشووی
فیدراسیۆنی تۆپی پێی به‌لجیكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی رایگه‌یاند، تیری هێنری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌یان و ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر رۆبێرتۆ مارتینیز،
فیدراسیۆنی تۆپی پێی به‌لجیكا ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی هێنری رانه‌گه‌یاندووه‌ به‌ڵام بۆ یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكاوه‌ ده‌كات،
تیری هێنری دوای مۆندیالی 2018 وازی له‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری به‌لجیكا هێنا و بووه‌ راهێنه‌ری یانه‌ی مۆناكۆی فڕه‌نسی و پاشان بووه‌ راهێنه‌ری یانه‌ی مۆنتڕیاڵی كه‌نه‌دی،
هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا له‌ هه‌ینی رابردووه‌وه‌ ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ یۆرۆ كردووه‌ و رۆژی دوازده‌ی مانگی شه‌ش له‌ یه‌كه‌مین یاریی یۆرۆ رووبه‌رووی هه‌ڵبژارده‌ی رووسیا ده‌بێته‌وه‌.

كه‌ریم بێنزێما یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانی ئاشكرا ده‌كات
کەریم بێنزێما هێرشبەری ریال مەدرید و فەرەنسا دڵخۆشی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەربڕی و دەڵێت: ئازارم چەشتووە کە لە یۆرۆ و مۆندیالی رابردوو یاریم نەکردووە، هاوکات ستایشی مباپێ دەکات و دەشڵێت دڵگران بووم بە رۆیشتنی زیدان لە ریال مەدرید.
له‌مباره‌یه‌وه‌ كه‌ریم بێنزێما هێرشبه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌ڵێت: زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، زۆر بە پەلەم بۆ ئەوەی یەکەمین یاریی بۆ فەرەنسا بکەم دوای گەڕانەوەم بۆ پێکهاتەی هەلبژاردەکە، چونكه‌ دوورکەوتنەوە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەت زۆر سەختە، ئەو کاتەی بانگهێشت ناکرێی هەست بە بێزاری و بێهیوایی دەکەی، زۆر دڵگران بووم کە نەمتوانی بەشداری لە یۆرۆ و مۆندیالی رابردوو بکەم.
بێنزێما گوتیشی: متمانەم هەبوو کە رۆژێک لە رۆژان دەگەڕێمەوە فەرەنسا، زۆر بەربەست هەبووە لە ژیانم بەڵام توانیومە تێپەڕیان بکەم و ئەمەش یەکێک بوو لە بەربەستەکان و توانیم تێپەڕی بکەم، ئێستاش بۆ سەرخستنی فەرەنسا دەجەنگم، فەرەنسا یاریزانی زۆر باش و ئاست بەرزی هەیە، بەڵام گرنگە بە متمانەوە یاریی بکەین و رێزی رکابەرەکانمان بگرین.
بێنزێما گوتیشی: زیدان کەسایەتیەکی بەرزی هەیە و مرۆڤدۆستە، لە راهێنەرایەتیش زۆر گەورەیە، زۆر دڵگران بووم بە رۆیشتنی لە ریال مەدرید، بەڵام ئەوە ژیانە.
بێنزێما ده‌شڵێت: مباپێ یاریزانی لێهاتووە و جوڵەی زۆر خێرایە، بەرامبەر گۆڵ زۆر دەتوانێت یاریی بە ئاسانی گۆڵ بکات، ئەو یاریزانێکی زۆر باشە، ئاواته‌ خوازم وه‌رزی داهاتوو مباپێ په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید بكات.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler