حوزەیران 21, 2021

ئه‌مڕۆ كتێبێكی وه‌رزشیی رۆژنامه‌نووس ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا بڵاو ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ كتێبێكی وه‌رزشیی رۆژنامه‌نووس ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا بڵاو ده‌بێته‌وه‌

كتێبێكی وه‌رزشیی دیكه له‌ دایك ده‌بێ، كه‌ بریتییه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی ماڕادۆنای ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێ و له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵاوه‌ وه‌رگێڕدراوه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 25ی ئایاری 2021، له‌ پێشه‌نگه‌ی كتێبی سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، كۆمه‌ڵێك كتێبی نوێ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ كتێبی "من دیێگۆی خه‌ڵكم" كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی دیێگۆ مارادۆنای ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێیه‌.
كتێبه‌كه‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشیی ناسراوی كوردستان "ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا" كاری وه‌رگێڕانی بۆ كراوه‌ و له‌ لایه‌ن ده‌زگه‌ی "فام"ـه‌وه‌ به‌ دیزایینێكی جوان نه‌خشێنراوه‌ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
وه‌كوو ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا، وه‌رگێڕی كتێبه‌كه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ ناوازه‌یه‌ و ماڕادۆنای ئه‌ستێره‌ی ناودار و كۆچكردووی تۆپی پێ، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ژیان و كاروانی تۆپی پێیدا ده‌گێڕێته‌وه‌.
كتێبه‌كه‌ له‌ چه‌ند به‌شێك پێكهاتووه‌، تێیدا مارادۆنا له‌ زاری خۆیه‌وه‌ باس له‌ ژیانی سه‌ختی منداڵی و وێستگه‌ جیاجیاكانی له‌گه‌ڵ تۆپی پێ ده‌كات، هه‌روه‌ها بیره‌وه‌رییه‌كانی گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ و به‌ده‌ستهێنانی جامی جیهانی، ئه‌و گۆڵه‌ی به‌ده‌ست له‌ ئینگلته‌را تۆماری كرد، ده‌گێڕێته‌وه‌ و گه‌نده‌ڵی و خراپییه‌كانی فیفا، شه‌ڕ و ئاژاوه‌كانی له‌ یاریگه‌كان، به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ ڤیدڵ كاسترۆی سه‌رۆكی پێشووی كوبا و دیدی ئه‌و بۆ ژیان و سه‌رمایه‌داری و چه‌پگه‌رایی و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی ژیانی باس ده‌كات. ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا، وه‌رگێڕی كتێبه‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند: "ئه‌زموونی ماڕادۆنا هی ئه‌وه‌یه‌ بخوێندرێته‌وه‌ و لێیه‌وه‌ فێربین، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و وه‌رزشوانانه‌ی كه‌ به‌ هه‌ژاری و سه‌ختی ده‌ژین و ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ به‌ لوتكه‌".
گوتیشی: كتێبه‌كه‌ بۆ 30 زمانی جیاواز و زیندووی جیهان وه‌رگێڕدراوه‌ و پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێ كراوه‌، "بۆیه‌ منیش پێم خۆش بوو خوێنه‌رانی كوردزمان و وه‌رزشدۆستان، له‌و كتێبه‌ بێبه‌ش نه‌بن".
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا، رۆژنامه‌نووسی ناسراو و بێژه‌ری وه‌رزشی، ئه‌مه‌ سێیه‌م كتێبی وه‌رگێڕدراویه‌تی، پێشتر كتێبه‌كانی "خۆزێ مۆرینیۆ، بنه‌ماكانی سه‌ركه‌وتن و نهێنییه‌كانی دژایه‌تیی بارسێلۆنا" و "زیدان له‌ باوه‌شی مافیاوه‌ بۆ ریزی ئه‌فسانه‌كان".ـی وه‌رگێڕابوو.

 

 

© 2017 Hawler