حوزەیران 21, 2021

کارو چالاکیەکانی فێرگەی ١٨ـی شووبات لە دیمانەیەکی هەولێردا

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

لە ئێستەدا ژمارەیەک فێرگەو ئەکادیمیایی تۆپی پێی پێگەیاندنی یاریزانان لە کوردستان هەن، کە هەریەکەیان بەشێوازو میکانیزمی جیاواز کاری پێگەیاندن و دروستکردنی یاریزانان دەکەن، لە هەولێری پایتەختیش ژمارەیەک فێرگە بوونیان هەیە، یەکێک لەو فێرگانە فێرگەی ١٨ ی شوباتە کە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و بەشداری خول و پاڵەوانیەتیەکان دەکات و ئەنجام و دەسکەوتی بەرچاویشی بەدەستهێناوە.

بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنان
دەربارەی فێرگەی ١٨ی شوبات و فێرگەکانی تری شاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر محەمەد بڵباس سەرۆکی فێرگەی ١٨ ی شوبات و سەرۆکی فێرگەکانی شاری هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: دامەزراندنی فێرگەی ١٨ی شوبات بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، فێرگەکەمان سەر بە یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستانە، دامەزراندنی فێرگەکەیش لەلایەن چەند وەرزشکارێکی خۆبەخشی هەولێر بوو، دوای دامەزراندنیشی بەشداری خولەکانی کردووە و ٢ جار پلەی یەکەم و ٣ جار پلەی دووەممان بەدەستهێناوە و ئێستەیش ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام مەشق و ڕاهێنانی خۆمان لە یاریگەی زانکۆ ئەنجام دەدەین.

چەندین یاریزانیان پێگەیاندووە
سەرۆکی فێرگەی ١٨ ی شوبات ئاماژەی بەوەیش کرد لەماوەی دامەزراندنی فێرگەکەیان تاکو ئێستە چەندین یاریزانیان پێگەیاندووە، کە ئێستە لەڕیزی تازەپێگەیشتوانی یانەکانی هەولێر یاریدەکەن، لەوانە ئەحمەد حەسەن لە یانەی هەولێر بوو، ئێستە لە تازەپێگەیشتوانی قوەجەویە یاری دەکات، عەلی کاروان و شکار تاریق لەفێرگەی ئێمە بوون، چەندین یاریزانمان لە تازەپێگەیشتوانی یانەکانی برایەتی و هەندرێن یاری دەکەن، گوتیشی ئێمە یاریزانی لە موالیدی ٢٠٠٥ تاکو ٢٠١٢ وەردەگرین و دابەشکراون بەسەر سێ ئاست و هەر ئاستەو ڕاهێنەری تایبەتی خۆی هەیە و مەشق و ڕاهێنان بە یاریزانان دەکات.
مەرجی وەرگرتنی یاریزان چیە؟
محەمەد بڵباس باسی شێوازی وەرگرتنی یاریزانانیشی کرد و گووتی: مەرجی وەرگرتنی یاریزان لە فێرگەکەی ئێمە پڕکردنەوەی فۆڕمێکە کە پێویستە ئەو یاریزانە لەلایەن کەس و کاریەوە خاڵەکان بخوێنێتەوە و ڕازی بێت بە مەرجەکان و هیچ نەخۆشیەکی نەبێت و پابەند بێت بە مەشقەکان، مانگانەیش تەنیا ٥ هەزار لە یاریزانان وەردەگرین کە بۆ کڕینی کەل و پەلی وەرزشیە.

داواکاری چیان هەیە؟
ئەو کە پێشتر ڕاهێنەری لاوانی یانەکانی ئاسۆ قەڵا بووە و مامۆستای وەرزشیشە باسی ئەوەی کرد کە هاوکات سەرۆکی فێرگەکانی شاری هەولێریشە و ٥ ئەندامی تریشی لەگەڵە، کە سەرپەرشتی فێرگەکان دەکەن و زیاتر لە ٢٠ فێرگە لە هەولێر بونیان هەیە و ساڵانە دوو بۆ سێ خول دەکەنەوە، بەپێی ئاستی تەمەنی یاریزانان، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تەمەنی خولەکان دیاری دەکەین.
ئەوەیشی نەشاردەوە کە کێشەی ئەوان پێدانی مۆڵەتی فێرگەکانە لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوانەوە، چونکە بە گوتەی ئەو ئەم فێرگانە بناغەیەکی گرنگی یاریزانانن، فێرگەکان هەموو مەرجێکی دڵنیای یاریزانی تێدایە بۆیە، پێدانی مۆڵەت بە فێرگەکان بەپێویست دەزانن.

© 2017 Hawler