حوزەیران 21, 2021

سیروانی نوێ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ برایه‌تی هه‌نگاوێكی دیكه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ نزیك بێته‌وه

بارزان ئەکرەم - هەولێر

 

سبه‌ی پێنجشه‌مه‌ گه‌ڕی پێنجه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن، چه‌ند رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌‌یه‌كی گرینگ و به‌هێزی تێدایه‌، یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌ هه‌ستیارن، به‌وپێیه‌ی خه‌ریكه‌ له‌ كۆتایی رێگه‌كه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، یانه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌ر‌فه‌ته‌ مێژووییه‌ له‌ده‌ستنه‌ده‌ن و نازناوه‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی سیروانی نوێ، شێروانه‌، برایه‌تی، تامه‌زرۆی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ن بۆ یه‌كه‌مجار، هه‌موو گه‌ڕێك رۆژنامه‌ی هه‌ولێر شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیای له‌سه‌ر ئاماده‌كاری یانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

یاریی لوتكه‌ له‌ نێوان سیروانی نوێ و برایه‌تی ده‌بێت
له‌ سلێمانی سیروانی نوێ میوانداریی سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ردوو تیپ گرینگه‌، چونكه‌ سێ خاڵی یارییه‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ نازناوه‌كه‌یان نزیك ده‌كاته‌وه‌، تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی راهێنه‌ری سیروانی نوێ ئاماده‌كارییه‌كی باشیان كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌نی ده‌روونییه‌وه‌، چونكه‌ بۆ مانگی چواریش باشترینه‌كان له‌ راهێنه‌ر و یاریزان له‌ سیروانی نوێ دایه‌، ئه‌مه‌ پاڵنه‌رێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رزگار عه‌لی و به‌هادین به‌كر هێنده‌ی دیكه‌ هه‌وڵبده‌ن تیپه‌كه‌ به‌ ئامانج بگه‌ینن، كێشه‌ی سیروانی نوێ بۆ ئه‌م یارییه‌ پێكانی شادومان سه‌باحی ناوه‌ڕاستكاره‌، به‌ تایبه‌تی له‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان، كه‌ ئه‌و جێبه‌جێی ده‌كرد، به‌ڵام بوونی په‌یام ئه‌حمه‌د خاڵێكی دیكه‌ی به‌هێزی تیپه‌كه‌یه‌، له‌ كۆی 4 یاریی 9 خاڵیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ پێشه‌نگن، ده‌یانه‌وێت هه‌مان سیناریۆی بردنه‌وه‌ی یاریی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ له‌ دژی برایه‌تی نوێ بكه‌نه‌وه‌ كاتێك به‌ (5-0) یارییه‌كه‌ی لێ برده‌وه‌.
برایه‌تی، له‌ كاتێكی نه‌گونجاو ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجامده‌دات، به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراقی ئه‌مه‌ش تووشی هیلاكی و ماندووبوونیان ده‌كات، هه‌رچه‌ند بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌هێزه‌، به‌شێك له‌ یاریزانه‌ باشه‌كانی تیپه‌كه‌یان بۆ گه‌شته‌ی به‌غدا نه‌برد، له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی پارێزگارییان لێبكه‌ن و بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌بن، پێكانی ژیار گۆڤه‌ند كاریگه‌رترین لێدان بوو له‌ به‌هێزی تیپه‌كه‌، چونكه‌ تا ئێسته‌ شوێنه‌كه‌ی به‌ شوێنگره‌وه‌یه‌كی باش پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌، كێشه‌ی برایه‌تی له‌ به‌رگری دایه‌، چونكه‌ تا ئێسته‌ ئه‌و گونجانه‌ و لێكتێگه‌یشتنه‌ی پێویسته‌ هه‌یانبێت نه‌بینراوه‌، هه‌ر یارییه‌كه‌ش له‌ هێلی پێشه‌وه‌ بیلال و سه‌فین پاتۆ و سه‌فین عه‌بدولخاڵق باش ده‌رنه‌كه‌ون ئه‌وا برایه‌تی دۆڕان به‌شی بووه‌، 7 خاڵیان هه‌یه‌، به‌ بردنه‌وه‌ ره‌نگه‌ بگه‌نه‌ پێشه‌نگ.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ دۆخێكی مه‌ترسیدار دایه‌
شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، شێروانه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ئاست و ئه‌نجامی باشی تۆماركردووه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی جێگیرنین و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی تێدایه‌، له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ شه‌ش گۆڵ ده‌دۆڕێن و له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ برایه‌تی ده‌باته‌وه‌،‌ تا یاریزانه‌كان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ن و له‌ كۆنتڕۆلی راهێنه‌ردابن، ئه‌وا ئه‌نجامیان باش ده‌بێت، خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی شێروانه‌ له‌ محه‌مه‌د جه‌لال و به‌مۆ غه‌ریب و حه‌مه‌ی سابیر و محه‌مه‌د حه‌مید و عه‌لی كاكه‌مینه‌ و ئه‌ركان ره‌حیمه‌وه‌یه‌، هه‌ركاتێك ئه‌وانه‌ له‌ رۆژی خۆیانبن ده‌بنه‌ به‌ڵا بۆ تیپی به‌رامبه‌ر، شێروانه‌ چاوی له‌ بردنه‌ویه‌ له‌م یارییه‌ هه‌رچه‌ند به‌رده‌وام یارییان له‌ دژی كوڕانی سه‌میر بابۆ قووڕسبووه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستنه‌ده‌ن و و خراپی ئاستی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بقۆزنه‌وه‌، 7 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌من.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، وه‌ك ساڵانی رابردوو له‌ لایه‌ن یانه‌كانی ركابه‌رییه‌وه‌ سه‌یر ناكرێت، ئه‌وه‌یش به‌هۆی خراپی ئاست و ئه‌نجامی یانه‌كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، هه‌رچه‌ند گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی دووه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌ له‌ تیپه‌كه‌ ده‌بینرێت خواست ویستی بوون به‌ پاڵه‌وان نییه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌ هه‌یه‌ و هیچ یاریزانێكیان نه‌هێناوه‌، هه‌ولێر زانیویه‌تی، دوای گه‌یشتنیان به‌ قۆناغی دووه‌م ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ به‌ راهێنه‌ریان راگه‌یانووه‌، ده‌ستكراوه‌به‌ له‌ هێنانی هه‌ر یاریزانێكی پێویستت پییه‌تی، به‌ڵام ئه‌و پێداگربووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پێكهاته‌یه‌، كه‌ ئێسته‌ی كێشه‌ی تێدایه‌، تایبه‌ت نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش، یا هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كان كه‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێكهاته‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ی له‌ كۆتایی چاره‌گی یارییه‌كان تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ راهێنه‌ر توانانی جه‌سته‌ییان داده‌به‌زیت و توانی یاریكردنیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، تووشی كێشه‌ ده‌بن، 5 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌من، له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕانی ئه‌م یارییه‌ به رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ نازناوه‌كه‌ بێبه‌شده‌بن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی له‌ یارییه‌كانی داهاتووش ئه‌سته‌م ده‌بێت.

زاخۆ له‌ خراپترین دۆخی ئه‌م وه‌رزه‌ی میوانداریی هه‌ندرێن ده‌كات
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی هه‌ندرێن ده‌كات، زاخۆ پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجامه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت و ئاستی زۆر خراپه‌، له‌ كۆی 4 یاریی هیچ خالیكیان نییه‌، به‌شێك له‌ هه‌وادارانی تۆپی پێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م زاخۆیان به‌ربژیكردبوو بۆ برنده‌ی نازناوه‌وه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌یان پێبینییه‌كانی ئه‌وانی ئاوه‌ژووكرده‌وه‌، زاخۆ هیچ خالیكی نییه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌نده‌، ئه‌حمه‌دی هێرشبه‌ریشیان به‌هۆی كارتی سووره‌وه‌ ناتوانیت به‌شدرابێت.
 هه‌ندرێن، له‌سه‌ر ده‌ستی دڵشاد مه‌عروف یه‌كێك له‌ وه‌رزه‌ باشه‌كانی ئه‌نجامده‌دات، تا ئیسته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كێبڕكێكردنی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌، له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌ جارێكیتر له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌، و هیوای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، ته‌نها محه‌مه‌د مه‌غدیدی به‌رگریكه‌ری باڵی چه‌پیان به‌هۆی پێكان ناتوانێت ته‌واوی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداری بكات، 5 خالیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی له‌ پێنجه‌من.

© 2017 Hawler