ئایار 07, 2021

لیڤاندۆڤسكی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی 3 بژارده‌ی هه‌یه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.


لیڤاندۆڤسكی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی سێ بژارده‌ی هه‌یه‌
ئه‌ستێره‌ی پۆڵه‌ندی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، هێرشبه‌ری یانه‌ی بایرن میونشن، تا ئێسته‌ چاره‌نووسی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی دیار نییه‌، كه‌ ئایا ده‌مێنێته‌وه‌ یان جێی ده‌هێڵێ، له‌ كاتێكدا چه‌ند هه‌واڵ و ده‌نگۆیه‌ك باس له‌ رۆژیشتنی ئه‌و یاریزانه‌ ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی سپۆرت بێڵدی ئه‌ڵمانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بینی زاهافی، بریكاری لیڤاندۆڤسكی، ئاماده‌كاری ده‌كا بۆ گفتوگۆكردنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یانه‌ی بایرن میونشن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی لیڤا له‌ ماوه‌ی جێگۆڕكێی هاوینه‌ی یاریزانانی تۆپی پێدا، ڕیزه‌كانی باڤاری جێ بهێڵێ.
ئه‌م هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی ئه‌ورووپی گرینگی به‌و یاریزانه‌ 32 ساڵانه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ئێسته‌ به‌هاكه‌ی به‌ ده‌وروبه‌ری 60 ملیۆن یۆرۆ ده‌قه‌بڵێنرێ.
ئامانجی بریكاره‌كه‌ی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیڤاندۆڤسكی بۆ یه‌كێك له‌ یانه‌ ئینگلیزییه‌كان بگوازێته‌وه‌، كه‌ له‌و خوله‌ كێشه‌ی مووچه‌ و بۆندی زۆری نابێ.
پێشتر بریكاری ئه‌و یاریزانه‌، دوو جار هه‌وڵی دابوو كه‌ یانه‌كه‌ی ڕێ به‌و هێرشبه‌ره‌ بدا یاریگه‌ی ئه‌لیانز ئه‌رینا جێ بهێڵێ، ئه‌ویش له‌ ساڵانی 2018 و 2019ـدا بوو، به‌ڵام داواكانی ڕه‌ت كرایه‌وه‌ و بۆندی یاریزانه‌كه‌ی تا هاوینی 2023 درێژ كرایه‌وه‌.
ئێسته‌ سێ بژارده‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و یاریزانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  له‌ ماوه‌كانی داهاتوودا ئه‌نجامیان بدا، یه‌كه‌میان بۆندێكی نوێ واژۆ بكا و كاروانی یاریكردنی له‌ یاریگه‌ی ئه‌لیانز ئه‌رینا كۆتایی پێ بهێنێ. بژارده‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕێ بكا تا ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی كۆتایی پێ دێ و به‌بێ به‌رانبه‌ر ریزه‌كانی یانه‌كه‌ی جێ بهێڵێ.
بژارده‌ی سێیه‌میش بۆ ئه‌و یاریزانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بریكاره‌كه‌ی هێڵی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی دروست بكا و بیانهێنێته‌ بڕوا به‌وه‌ی له‌ هاوینی دادێ ڕێ به‌ ڕۆیشتنی ئه‌و یاریزانه‌یان بده‌ن.

دێمبلی: به‌م زووانه‌ داهاتووی خۆم یه‌كلا ده‌كه‌مه‌وه‌
عوسمان دێمبلی، ئه‌ستێره‌ی فه‌ره‌نسیی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كا و ئاشكرای كرد به‌م زووانه‌ چاره‌نووس و داهاتووی خۆی یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌.
له‌ كۆتایی وه‌رزی داد‌ێ بۆندی عوسمان دێمبلی له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ كۆتایی پێ دێ، به‌رشلۆنه‌ ده‌یه‌وێ خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان دابنێ، كه‌ ئایا بۆنده‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌ یان له‌م هاوینه‌دا ده‌ستبه‌رداری بێ، پێش ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی دادێ به‌ شێوه‌ی فری و بێ به‌رانبه‌ر ده‌ستبه‌رداری بێت.
دێمبلی له‌و ڕووه‌وه‌ وتوویه‌تی: ئێسته‌ له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ زۆر ئاسووده‌م، به‌ڵام له‌ باره‌ی داهاتوومه‌وه‌، به‌م زووانه‌ یه‌كلای ده‌كه‌مه‌وه‌.
له‌ باره‌ی باری جه‌سته‌ییه‌وه‌، وتی: له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه‌ هه‌ست به‌ باشبوون ده‌كه‌م، هه‌م له‌ رووی توانای جه‌سته‌ییه‌وه‌، هه‌م له‌ رووی باری جه‌سته‌وه‌، ناكرێ چوار وه‌رز له‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ یاری بكه‌ی، بێ گرنگیدان به‌ ژیان و لایه‌نی ته‌ندروستیت.
له‌ باره‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی، وتی: لیۆ یاریزانی ناوازه‌یه‌، هه‌م له‌ نێو یاریگه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌یش، زۆر یارمه‌تیی داوین.
ئه‌وه‌شی وت: هاوڕێكانم له‌ ژووری جلگۆڕین پێم ده‌لێن ئیتۆ، چونكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری یارییه‌كانی یانه‌كه‌مدا وه‌كوو هێرشبه‌ری سه‌ره‌ڕم یاری ده‌كه‌م.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler