ئایار 07, 2021

زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

 

له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان، بارسێلۆنا شكستی به‌ پاریس سانجێرمان هێنا و به‌ ئه‌نجامی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاریی كۆتایی سه‌ركه‌وت.
* بارسێلۆنا تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ هیچ نازناوێكی چامپیۆنزلیگی خانمان بباته‌وه‌ و دووه‌مجاره‌ ده‌گاته‌ یاریی كۆتایی، یانه‌ی لیۆن له‌ پێنج ساڵی رابردوو ده‌ستی به‌سه‌ر نازناوه‌كه‌دا گرتووه‌ و خاوه‌نی زۆرترین نازناوی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌یه‌.
* پێگەی گۆڵی جیهانی بڵاویکردووەتەوە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بووەتە ئامانجی یەکەمی یوڤێنتۆس و خانمە پیرەکە هەوڵدەدات لە گواستنەوەکانی هاوین ئەم گۆڵکارە پۆڵەندیە بگوازێتەوە بۆ ئەوەی شوێنی کریستیانۆ بگرێتەوە، کە یاریزانە پۆرتوگالیەکە نزیکە لە جێهێشتنی ریزەکانی یوڤێنتۆس، ئاماژە بەوەش کراوە هەرچەندە  لیڤا تاکو ساڵی 2023 گرێبەستی لەگەڵ بایرن هەیە، بەڵام یوڤێنتۆس بە شوێنگرەوەیەکی نمونەی کریستیانۆی دەزانێت و هەوڵدەدات لە چنگی بایرن دەری بهێنێت.
* لە گەڕی پێنجەمی خولی پلە دووی سوید و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی باکوور، یانەی داڵکورد بووە میوانی یانەی ئۆرێبرۆ سیرانسکا و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، تاکە گۆڵی سەرکەوتنی یانە کوردیەکەی سوید یاریزان ئیزیکیل مۆنتاگنا بە ئەسیستی بەختیار رەحمانی تۆماری کرد و سێ خاڵ و سەرکەوتنی بە داڵکورد بەخشی، داڵکورد چوارەمین بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا و باڵانسی خاڵەکانی بۆ سێزدە خاڵ بەرزکردەوە و لە پێشەنگی ریزبەندی دەبینرێت، سیرانسکاش بە نۆ خاڵ بە کاتی لە خانەی سێیەم مایەوە

.
* زێنه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید: بە ئاستی یاریزانەکانم دڵخۆشم، پێویستبوو لەم یارییە پشوو بە مۆدریچ و کرووس بدەم، چونکە ئێمە چەندان یاریمان هەیە و پیویست بوو دەرفەت بە یاریزانەکانی دیکە بدەم، بلانکۆ لە یارییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، گرنگترین شتیش لە یارییەکەی ئەمشەو ئەوەبوو جارێکی دیکە گۆڵەکەمان بە خاوێنی هێشتەوە، ئێمە لە دوایین چوار یاریی لالیگا هیچ گۆڵێکمان لێنەکراوە، من پێتان ناڵێم نازناوەکان بەدەست دەهێنین بەڵام هەموو هەوڵێکمان دەدەین بتوانین تاکو دوایین سات هەوڵی خۆمان بدەین.
* زینه‌دین زێدان: ئێدین هازارد یارییەکی باشی کرد بەتایبەتی ئەوکاتانەی کە لە کەریم بێنزێما نزیک دەبوو، من بە گۆڵی یەکەمی یانه‌كه‌مان له‌ دژی ئۆساسونا زۆر دڵخۆش بووم چونکە لە نیوەی یەکەم پێنج هەلی گۆڵکردنمان لەدەست دا، ئێمە ئێستا لە رووی جەستەیی و هەزرییەوە لە دۆخێکی باشداین، سێ رۆژ جارێک یاریی دەکەین بۆیە پێویستە لە لوتکەی ئاست و تواناماندا بین. ڤاران پێی گوتم هەست بە ئازار دەکەم بۆیە لە یارییەکە هێنامە دەرەوە، هیوادارم پێکانەکەی سووک بێت چونکە خۆی پێی گوتم شتێکی بچووکە.
* لە یەکەمین رۆژی پاڵەوانییەتی جیهانی گۆڕەپان و مەیدان پۆڵەندا و ئەڵمانیا مێدالیای زێڕێان بردەوە، لە رۆژی یەکەمدا پۆڵەندای میواندار توانی لە پێشبرکێی راکردنی 400 مەتری تێکەڵاو پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت.
هەر لەم پێشبرکێیە کینیا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و سلۆڤینیش پلەی سێیەمی پێشبڕکێیەکەی بردەوە، لە لایەن خۆیەوە ئەڵمانیا توانی لە راکردنی بەربەست پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەنی یەکەمین مێدالیای زێڕی پاڵەوانییەتییەکە، پۆڵەنداش پلەی دووەم مێدالیای زیوی بردەوە.

© 2017 Hawler