حوزەیران 21, 2021

زێدان: یارییه‌كه‌ بۆ ئێمه‌ قورسه‌، چونكه‌ ركابه‌ره‌كه‌مان له‌ ڕووی به‌رگری و هێرشبردنه‌وه‌ زۆر به‌ هێزن

له‌ یاریی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانیا و چێڵسی ئینگلیزی له‌ یاریگه‌ی ئافرێدۆ دی ستێفانۆ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له‌ دژی چێڵسی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ یارییه‌كه‌یان قورسه‌، ده‌شڵێت: تۆنی كرووس ئاماده‌یه‌، به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی به‌شداریكردنی فێرلاندی مێندی دیار نییه‌.

زێدان له‌ باره‌ی چێڵسی چی گوت؟
زێدان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: ئێستا ته‌نیا بیر له‌ یارییه‌ قورسه‌كه‌ی سبه‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ گرینگترین یارییه‌ بۆ ئێمه‌، ده‌مانه‌وێت ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ین، پێكه‌نینیشم به‌و كه‌سانه‌ دێت كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ وه‌رزی داهاتوو به‌شداریی له‌ چامپیۆنزلیگ ناكه‌ین و له‌ لایه‌ن فیفاوه‌ سڕ ده‌كرێین.
زیزۆ ده‌شڵێت: ده‌زانم یارییه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر چێڵسی زه‌حمه‌ت ده‌بێت، چونكه‌ قۆناخی پێشكۆتاییه‌ و هه‌ستیاره‌، تیپی ركابه‌ریشمان زۆر به‌هێزه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی به‌رگری و هێرشبردنه‌وه‌ ده‌بێت زۆر ئاگاداری خۆمان بین، نامه‌وێت باسی ناوبژیوانان بكه‌م، ئه‌وان له‌ نیو یاریگه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خۆمان به‌ ناوبژیوان سه‌رقاڵ بكه‌ین و وابیر بكه‌ینه‌وه‌ ناوبژیوان زوڵمان لێ ده‌كات، كارێكی هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو شتێك له‌بیر بكه‌ین و یارییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا زێدان گوتی: فلۆرێنتینۆ پێرێز ده‌زانێت من هه‌ست به‌چی ده‌كه‌م، ئه‌و ناخ و دڵی من ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌موومان لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ ئاماده‌كاری بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی بكه‌ین، له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان پێرێز و یوێفا وه‌ڵامی هیچ رۆژنامه‌نووسێك ناده‌مه‌وه‌، چونكه‌ من لێره‌م بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر یارییه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر چێڵسی نه‌ك بۆ بابه‌تی دیكه‌.
راهێنه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی یانه‌ی شایانه‌ گوتیشی: ریال مه‌درید هێشتا له‌ دوو پاڵه‌وانێتی ركابه‌ری ده‌كات له‌ چامپیۆنزلیگ و لالیگا، تا كۆتایی ده‌جه‌نگین هه‌ر چه‌نده‌ له‌م وه‌رزه‌ تووشی به‌ربه‌ست و زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر هاتووین، به‌ڵام ده‌بێت خۆمان بۆ هه‌موو دۆخێك بگونجێنین، به‌ ئاستی میلیتاو زۆر دڵخۆشم ئه‌و هه‌موو كارێك له‌ نێو یاریگه‌ ده‌كات، هازاردیش یاریزانێكی نایابه‌ و هیچ قسه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت كه‌ ئه‌و له‌ باشترینه‌كانی جیهانه‌، هه‌روه‌ها له‌ یاریی رابردوو ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد، گرینگترین شت بۆ من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئازاری نه‌بێت، تۆنی كرووس له‌گه‌ڵمان ده‌بێت و بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام مێندی هێشتا له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكنه‌بووه‌ته‌وه‌ و ئازاری هه‌ر ماوه‌.

ڤاران: ده‌بێت ماوه‌ی 90 خوله‌ك بجه‌نگێین
رافایل ڤاران بەرگریکاری ریال مەدرید دووپاتیدەکاتەوە بەرامبەر چێڵسی تەنیا بیر لە بردنەوە دەکەنەوە، دەشلێت گوێ بەوە نادەین کە کێ ناوبژیوانی یارییەکەیە، لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی یەکلایی نەکردەوە کە بەردەوام دەبێت یاخود نا.
رافاییل ڤاران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌ی یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ به‌رامبه‌ر چێڵسی گوتی: یاریکردن لە قۆناغی پێشکۆتایی پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر و ئاستێکی بەرز هەیە، پێویستە بە درێژایی ٩٠ خولەک بە باشی یاریی بکەین و تەنیا بیر لە سەرکەوتن بکەینەوە، ئەم وەرزە تابڵێی قوڕسە، پێویستی بەوە بووە توانایەکی زۆر بەکاربهێنین، متمانەمان هەیە زیان بە هەر یانەیەک بگەیەنین کە رووبەڕوومان دەبیتەوە.
ڤاران گوتیشی: ئێمە هەمیشە بە جۆش و خرۆشین بۆ ئەم پاڵەوانییەتیە و پێویستە وەک هەمیشە وەکو تیپێکی یەکگرتوو یاریی بکەین، چێڵسی تیپێکی تەواو بەهێزە و خاوەنی یاریزانی ئاستبەرزە، بەڵام دەتوانین رووبەڕوویان ببینەوە، بە هیچ شێوەیەکیش بیر لەوە ناکەینەوە کە کێ ناوبژیوانە، تەنیا بیر لە رێگاکانی سەرکەوتن دەکەینەوە.
ڤاران ده‌شڵێت: لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم، من داهاتووم دیارە، پەیامم بۆ هاندەران ئەوەیە کە من بە تەواوی پەیوەستم بە یانەکەم، جارێ کاتی بیرکردنەوە نییە لەم بابەتە پێویستە پاڵپشتیمان بکەن بۆ ئەوەی باشتربین.

تۆخێل له‌ زێدان ده‌ترسێت
تۆماس توخێل راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی یانه‌ی چێڵسی له‌ لێدوانێكدا له‌ باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ن، گوتیشی: هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌، به‌ڵام ئه‌ركمان له‌و یارییه‌ زۆر قورسه‌، چونكه‌ ئاماره‌كانی زێدان له‌ چامپیۆنزلیگ ده‌مترسێنێت و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler