حوزەیران 21, 2021

بۆندی هازارد، له‌ خه‌ونی هانده‌رانه‌وه‌ بۆ مۆته‌كه‌ی شایانه‌

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئه‌ستێره‌یه‌كی نیوكاسڵ وه‌ڵامی هانده‌رێكی لیڤه‌رپوول ده‌داته‌وه‌
ئالان سان ماكسیمین، یاریزانی یانه‌ی نیوكاسڵ، داوا له‌ یه‌كێك له‌ هانده‌رانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول كرد، كه‌ ڕێزی شایان له‌ سادیۆ مانی، یاریزانی یانه‌كه‌یان بگرن.
دوای یاریی نێوان لیڤه‌رپوول و نیوكاسڵ، له‌ خولی نایابی ئینگلته‌رادا، كه‌ به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، هانده‌رێكی لیڤه‌رپوول له‌ ڕێگه‌ی تویتێكه‌وه‌، داوا له‌ یاریزان ماكسیمین كرد، كه‌ بچێته‌ لیڤه‌رپوول و شوێنی مانی بگرێته‌وه‌.
یاریزانی فه‌ره‌نسی ماكسیمین ڕێزی له‌ مانی گرت و ڕه‌تی كرده‌وه‌ له‌ به‌های ئه‌و یاریزانه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ و دووپاتی به‌ها و نرخی ئه‌و یاریزانه‌ی له‌ جیهانی تۆپی پێدا كرده‌وه‌.
ماكسیمین به‌ هانده‌ره‌كه‌ی وتووه‌: پێت وابوو په‌یامێكی جوانت به‌ من داوه‌، به‌ڵام من به‌وه‌ی وتت سه‌رسام نه‌بووم، من ڕێزم بۆ مانی هه‌یه‌ و ئه‌و هێشتا زۆر شت بۆ لیڤه‌رپوول ده‌كا.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ ڕێگه‌یه‌كی دوورودرێژی له‌به‌رده‌مه‌ تا بگاته‌ ئاستی سادیۆ مانی.
مانی كه‌ ته‌مه‌نی 28 ساڵانه‌، ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداریی 43 یاریی یانه‌كه‌ی له‌ پاڵه‌وانیه‌تی و خوله‌ جیاوازه‌كاندا كردووه‌، 13 گۆڵی له‌و یارییانه‌دا كردووه‌ و 7 گۆڵی دیكه‌یشی دروست كردووه‌.
ماكسیمینی ته‌مه‌ن 24 ساڵان، سێ گۆڵی تۆمار كردووه‌ و 5 گۆڵیشی بۆ یاریزانانی یانه‌كه‌ی دروست كردووه‌، له‌ كاتێكدا له‌م وه‌رزه‌دا تا ئێسته‌ به‌شداریی 21 یاریی یانه‌ی نیوكاسڵی كردووه‌.
بۆ زانین، ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ماكسیمین، ئه‌و هانده‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ناچار كرد تویته‌كه‌ی بسڕێته‌وه‌، كه‌ تێیدا هێرشی كردبووه‌ سه‌ر مانی، له‌ كاتێكدا یاریزانه‌كه‌ی پێشتری یانه‌ی نیس، ئاماژه‌ی زۆری به‌ ئاستی به‌رز و توانا و لێهاتوویی مانی كرد.

كۆرتوا؛ خۆپه‌رستیی یاریزانان له‌ هه‌ندێ باردا به‌ پێویست ده‌زانێ
تیبۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی به‌لژیكیی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید، له‌ باره‌ی ئیدین هازاردی هاووڵاتیه‌وه‌ دوا، كه‌ دوای 42 رۆژ له‌ دابڕان به‌ هۆی پێكانه‌وه‌، له‌ یاریی ڕابردووی یانه‌كه‌یان به‌رانبه‌ر ڕیاڵ بێتس، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گه‌ڕی 32ی لا لیگا ئه‌نجام درا، گه‌ڕایه‌وه‌.
كۆرتوا، نیگه‌رانیی خۆی بۆ ئه‌و هه‌له‌ له‌ ده‌ست دا، كه‌ هازارد له‌ خوله‌كی 85ـدا بۆی ڕێ كه‌وت و یارییه‌كه‌یان به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات و هه‌نگاوێك ریاڵ مه‌دریدی له‌ ناسناوی لا لیگا دوور خسته‌وه‌.
كۆرتوا دوای یارییه‌كه‌، له‌ لێدوانێكی مێدیاییدا وتی: هازاردم به‌ باشی و خۆگونجێنی بینی، ئه‌و دوو یان سێ هه‌فته‌یه‌ مه‌شقمان له‌گه‌ڵدا ده‌كا، ئه‌و له‌ ڕه‌وش و بارێكی زۆر باشدایه‌.
ئه‌وه‌شی وت: به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌له‌ی له‌ ده‌ست دا كه‌ بۆی ڕێك كه‌وت، بینی كه‌ ڤینیسۆس له‌ شوێنێكی باشتره‌، پێویسته‌ یاریزان له‌ هه‌ندێ شتدا خۆویست بێ، نه‌ك وه‌كوو ئه‌و.
وتیشی: هازاردم له‌ بارێكی باشدا بینی، به‌شداریكردنی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ تا كۆتایی وه‌رز زۆر گرینگ ده‌بێ و دوای ئه‌وه‌ سه‌ره‌ی ڕۆڵگێڕانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی به‌لژیكا دێ.
به‌ هۆی پێكانه‌وه‌، هازارد له‌ 45 یاریی دابڕاوه‌، كه‌ له‌و كاته‌وه‌ی له‌ یۆنیۆی 2019ـه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ كردووه‌، پێكان له‌ 37 یاریی دایبڕاندووه‌.

بۆندی هازارد، له‌ خه‌ونی هانده‌رانه‌وه‌ بۆ مۆته‌كه‌ی شایانه‌
ئیدین هازارد، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ كرد، وه‌كوو خه‌ونی گه‌وره‌ی هانده‌رانی یانه‌كه‌ بینرا، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا بۆ مۆته‌كه‌یه‌ك گۆڕا، كه‌ به‌ بیر و خه‌یاڵی هیچ چاودێر و ته‌ماشاڤانێكی تۆپی پێدا نه‌ده‌چوو.
ریاڵ مه‌درید له‌ 7ـی یۆنیۆی 2019ـدا، ڕای گه‌یاند ئیدین هازارد بووه‌ به‌ یاریزانی یانه‌كه‌یان و بۆنده‌كه‌ی تا هاوینی 2024ـه‌، به‌ بۆندێكی 100 ملیۆن یۆرۆیی كه‌ له‌ چێڵسییه‌وه‌ ده‌ستیان خست و به‌ چه‌ند زێده‌پاره‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌گاته‌ 146 ملیۆن یۆرۆ، وێڕای مووچه‌ی 400 هه‌زار هه‌زار جونه‌یهی ئیسته‌رلینی.
پێكانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی هازارد له‌ ریاڵ مه‌درید، وای كردووه‌ هانده‌رانی یانه‌كه‌ ئه‌وه‌یان له‌ بیر بچێته‌وه‌ كه‌ هازارد بۆ ئه‌وه‌ چووه‌ یانه‌كه‌یان شوێنی ڕۆناڵدۆ پڕ بكاته‌وه‌، به‌ڵام وه‌رزی 2018/2019ـیان ته‌نیا به‌ بردنه‌وه‌ی مۆندیالی یانه‌كان به‌ڕێ كرد و خوله‌كه‌یان به‌ گرتنی خانه‌ی سێیه‌م ته‌واو كرد و له‌ قۆناغی شانزه‌ی چامپیۆنس لیگیش دوور خرانه‌وه‌.
هازارد، 352 یاریی له‌گه‌ڵ چێڵسی ئه‌نجام دابوو و له‌ هه‌موویدا 110 گۆڵی كردبوو و 92 گۆڵیشی دروست كردبوو، وێڕای چه‌ند ناسناوێكی گرینگ و بوونی به‌ باشترین یاریزانی پرێمه‌ر لیگ له‌ 2014/2015 و باشترین دووه‌م یاریزانی مۆندیالی 2018ـی ڕووسیا و سه‌ركردایه‌تیی سێیه‌مبوونی به‌لژیكاشی له‌ مۆندیالدا كرد.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler