حوزەیران 21, 2021

جه‌وهه‌ر نه‌جم، ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی ئاستی شه‌قڵاوه‌ی گه‌یانده‌ لوتكه‌

جه‌وهه‌ر نه‌جم جه‌وهه‌ر، یاریزان و ناوه‌ڕاستكاری یانه‌ی شه‌قڵاوه‌، ته‌مه‌نی ته‌نها 24 ساڵه‌، ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ئاستێكی نایابی له‌ خولی پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان پێشكه‌ش كردووه‌، توانیویه‌تی به‌ ئاسیسته‌كانی و گۆڵه‌ سه‌رنجراكێشانه‌كان و نمایش و بڕینه‌كانی دڵی هانده‌رانی یانه‌كه‌ی خۆش بكات، ئه‌و خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ بوو، خاوه‌نی 5 گۆڵ و 8 ئه‌سیست بووه‌، به‌شێكی زۆری هه‌وادارانی تۆپی پێ به‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌دا ده‌گه‌ڕان بۆچی جه‌وهه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ نایابه‌كان یاریی نه‌ده‌كرد، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ رێگای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ و زانیاری زیاتر له‌ سه‌ر ژیانی جه‌وهه‌ر ده‌خاته‌ڕوو.

* سه‌ره‌تای وه‌رزشیت كه‌ی بووه‌؟
- له‌ ساڵانی 2008-2009، له‌ تازه‌پێكه‌یشتووانی شه‌قڵاوه‌ ده‌ستم به‌ یاریكردن كرد.

* بۆ هیچ یانه‌ی دیكه‌ یاریت كردووه‌؟
- زۆرینه‌ی یانه‌كانی كوردستان داوایان كردووه‌، یارییان بۆ بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی خۆشه‌و‌یستیم بۆ یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ ره‌تمكردووه‌ته‌وه‌‌، ئاماده‌نه‌بوومه‌ جگه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ یاریی بۆ هیچ تیپكی دیكه‌ بكه‌م.

*چ هه‌ستێكت هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ت گه‌یشتوونه‌ته‌ نایاب؟
- به‌ڕاستی هه‌ستێكی زۆر خۆشم هه‌یه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌م داوه‌، تیپه‌كه‌م بۆ نایاب سه‌ركه‌وێت، سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ توانیمان ئامانجه‌كه‌مان بپێكین.

* جوانترین گۆڵت كامه‌یه‌؟
- ئه‌و گۆڵه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر كۆیه‌ تۆمارم كرد جوانترن گۆڵی ژیانی منه‌ تا ئێسته‌.

* ئایا سه‌رۆكی یانه‌كه‌ به‌و كراوه‌یی و گۆرانییه‌كانی چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر یانه‌كه‌وه‌ هه‌بوو؟
- به‌ڵێ سه‌رۆكی یانه‌كه‌مان كه‌سێكی رووحسوك و كراوه‌یه‌، به‌رده‌وام پاڵپشتی به‌هێزی ئێمه‌بووه‌، هه‌م له‌ لایه‌نی مادی هه‌م له‌ لایه‌نی مه‌عنه‌یه‌وه‌، هه‌موو شتێكی بۆ دابینكردووین تا به‌ره‌و نایاب سه‌ربكه‌وین، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م دروشمه‌ی هه‌بوو (به‌ره‌و نایاب)، ئه‌و متمانه‌ و باوه‌ڕیكی زۆری به‌ یاریزانه‌كان هه‌بوو، تا ئه‌و ئامانجه‌ی هه‌یانه‌ بیهێنه‌دی.

* پێتوایه‌ به‌م پێكهاته‌یه‌ ده‌توانن وه‌رزی داهاتوو له‌ نایاب بمێنه‌وه‌؟
- پێكهاته‌ی ئه‌مساڵمان زۆرینه‌ی یاریزانی شه‌قڵاوه‌بوون، چه‌ند یاریزانێكی لاویشمان له‌ تیپی لاوانه‌وه‌ سه‌رخستبوو، به‌ڵام له‌ قۆناغی چوارگۆشه‌ی زێڕین چه‌ند یاریزانێكمان تووشی پێكان هاتن، ئه‌گه‌رنا ده‌مانتوانی زووتر گه‌یشتن به‌ نایاب یه‌كلابكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ساڵی داهاتوو له‌ خولی نایاب ده‌بێت پێكهاته‌كه‌مان نایابتر بكه‌ین، چونكه‌ له‌وێ تیپی به‌هێز و گه‌وره‌ی تێدایه‌ یارییه‌كان به‌هێزترن وه‌ك له‌ پله‌ یه‌ك.

* كه‌ی تووشی پێكان هاتی؟
له‌ 2019، له‌ ئه‌ژنۆم تووشی پێكانێكی سه‌خت بووم، له‌ كاتی یاریی به‌توندی لێیاندام، نزیكه‌ی وه‌زرێك نه‌متوانی به‌شداری هیچ یارییه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌قڵاوه‌ بكه‌م، سوپاس بۆ خوا ئه‌م وه‌رزه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و ئاستێكی باشم پێشكه‌ش كرد.

* چیت بۆ هانده‌رانی شه‌قڵاوه‌ هه‌یه‌؟
رێز و خۆشه‌وه‌یستییه‌كی زۆرم بۆ هه‌وادار و هانده‌رانی یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ هه‌یه‌، هه‌میشه‌ له‌دڵ و گیانی ئێمه‌دان، وه‌ك یاریزانی ژماره‌ 12 پاڵپشتییه‌كی زۆر باش بوون بۆ ئێمه‌، هه‌موو سه‌ختییه‌كانی ساردی و گه‌رمیان بینی، تا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ خه‌ونه‌كیان بێته‌دی، جێگه‌ی شانازین بۆ ئێمه‌.

* كێ پاڵپشتیت ده‌كات؟
- به‌گشتی خانه‌واده‌كه‌م هه‌میشه‌ پاڵپشتیم ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌موویان زیاتر و تایبه‌تر باوكم به‌رده‌وام پشتگیرم ده‌كات.

* به‌ كام یاریزانی ناوه‌خۆ و جیهانی سه‌رسامیت؟
- له‌ ناوه‌خۆ به‌ ئاستی گۆڵپارێز سه‌رهه‌نگ موحسین سه‌رسامم، له‌ ده‌ره‌وه‌ش به‌ نێیماری یاریزانی پاریس سانجێرمان.

* خه‌ون و ئاواتی وه‌رزشیت چییه‌؟
خه‌ونی من ئه‌وه‌ یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی ببینم.

* حه‌زده‌كه‌ی جگه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ یاریی بۆ چ یانه‌یه‌كی تر بكه‌یت؟

- له‌ دوای شه‌قڵاوه‌ حه‌زده‌كه‌م یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بكه‌م.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler