ئایار 07, 2021

سەیدسادق گەیشتنی بە نایاب مسۆگەر کردووە و شەڕی پلیتی دووەمیش لە نێوان شەقڵاوە و ئاڵتون کۆپری دەبێت

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

بە ئەنجامدانی دوو یاری ئەمڕۆ چوار گۆشەی زێڕینی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان کۆتایی دێت، لەیاری یەکەمدا کەلە سلێمانی ئەنجام دەدرێت، یانەی شەقڵاوە دەبێتە میوانی یانەی سەیدسادق، لەشارۆچکەی کۆیەیش یانەی ئاڵتون کۆپری دەبێتە میوانی یانەی کۆیە، گەڕی ڕابردوو سەیدسادق گەیشتە خولی نایاب، ئەمڕۆ لەنێوان شەقڵاوە و ئاڵتون کۆپریش یەکێکیان دەگەنە ڕیزی نایابی کوردستان.

شەقڵاوە و سەیدسادق بەیەک دەگەن
لەسەر یاریگەی فەرماندەیی لەسلێمانی، یانەی شەقڵاوە کە لە ٥ یاریدا ٨ خاڵی هەیە لە پلەی دووەم دێت، دەبێتە میوانی یانەی سەیدسادق، کە گەیشتنی بە خولی نایاب بۆ وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە، لەو یارییەدا شەقڵاوە پێویستی بەیەکسان بوون هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی بگاتە خولی نایابی کوردستان، سەیدسادقیش گەرەکیەتی ببێتە پاڵەوانی خولەکە بە بردنەوە کۆتایی بە خولەکە بهێنێت.
بۆیە ئەم یارییە دوو گرنگی بۆ شەقڵاوە هەیە، ڕکەبەری لەسەر گەیشتن بە خولی نایاب و دووەمیش بە بردنەوەی لەو یاریەدا دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، بەگوتەی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیش دوای تەواو بونی هەردوو خولی نایاب و پلەیەک لەمەڕاسیمێکی تایبەتدا خەڵاتەکانی هەردوو خولەکە دابەش دەکڕێن.
ئاڵتون کۆپری دەبێتە میوانی کۆیە
لەیاری دووەمیشدا یانەی ئاڵتون کۆپری دەبێتە میوانی یانەی کۆیە، کۆیە کە لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندی دێت و بی هیوا بووە لەسەرکەوتن بۆ خولی نایاب، یانەی ئاڵتون کۆپریش کە ٥ خاڵی هەیەو لە پلەی سێیەم دێت، پێویستی بەوە هەیە بە جیاوازی ٣ گۆڵ ئەو یارییە بباتەوە بەو مەرجەی شەقڵاوە لەگەڵ سەیدساق بدۆڕێت، بەو شێوەیە ئاڵتون کۆپری دەگاتە ڕیزی خولی نایابی کوردستان.
خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، بە بەشداری ١٢ یانە بەڕێوەچوو، یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرابوون، لە کۆمەڵەیەی یانەکانی سلێمانی و کەرکووک، هەردوو یانەی سەیدسادق و ئاڵتون کۆپری گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی خانەقین دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان، لە کۆمەڵەی یانەکانی هەولێر و دهۆکیش یانەکانی شەقڵاوە و کۆیە گەیشتونەتە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی ئاسۆ لەو کۆمەڵەیە دابەزیوە.

ڕیزبەندی یانەکان:
١-سەیدسادق ٥ یاری ٩ خاڵ
٢- شەقڵاوە ٥ یاری ٨ خاڵ
٣- ئاڵتون کۆپری ٥ یاری ٥ خاڵ
٤- کۆیە ٥ یاری ٣ خاڵ

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 21 نیسان 2021 09:33
© 2017 Hawler