ئایار 07, 2021

كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایاب گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكه‌

سبه‌ی پێنجشه‌مه‌، یارییه‌كانی گه‌ڕی سێیه‌می قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر(3) ئه‌نجامده‌درێن، له‌م گه‌ڕه‌ سیروانی نوێ ده‌بێته‌ میوانی شێروانه‌، كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی قوڕسه‌ بۆ هه‌ردوولا، له‌ هه‌ولێر هه‌ندرێن و برایه‌تی ده‌یانه‌وێت پێشه‌نگ بۆ خۆیان قایمتر بكه‌ن، له‌ زاخۆش پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانی زاخۆیه‌، كه‌ هه‌ردووكیان به‌دوای یه‌كه‌م سێ خاڵ له‌م قۆناغه‌دا ده‌گه‌ڕێن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

برایه‌تی میوانی هه‌ندرێنه‌ و جه‌نگی پێشه‌نگ ده‌كه‌ن
هه‌ندرێن له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، هه‌ندرێن له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ و له‌ دۆخێكی باش دایه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌ربژێره‌كان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سیروانی نوێیه‌، ئێسته‌ چاویان له‌وه‌یه‌ بتوانن له‌ میوانه‌كه‌یان ببنه‌وه‌ و پێگه‌ی خۆیان له‌ پێشه‌وه‌ به‌هێزتركه‌ن، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانیشی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، به‌ تایبه‌تی خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی تیپه‌كه‌، كه‌ شێرزاد محه‌مه‌د و هێمن نازم و ماجد راشدن، به‌ڵام خاڵی لاوازی تیپه‌كه‌ی دڵشاد مه‌عروف نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی گۆڵكه‌ره‌، خاوه‌نی 4 خاڵن و له‌ پله‌ی دووه‌من.
برایه‌تی، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، گه‌ڕی رابردووش یه‌كسان بوونه‌، كوڕانی مه‌حمود مه‌جید، چاویان له‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م نازناو ببه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م یارییه‌ ببه‌نه‌وه‌، له‌ دوو یاریی رابردووش تاكه‌ تیپن له‌م قۆناغه‌ گۆڵیان لێنه‌كراوه‌، خاوه‌نی چوار خاڵن و له‌ پله‌ی سێیه‌من.

شێروانه‌ و سیروانی نوێ له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی ده‌كات، ئێسته‌ سه‌زپۆشه‌كانی كه‌لار له‌ باشترین دۆخدان، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی ئه‌م قۆناغه‌یان تا ئێسته‌ تۆماركردووه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ به‌هێزه‌كانی سه‌ردار مه‌جید له‌ رۆژی خۆیانبن كه‌س ناتوانێ بیانوه‌ستێنێ، به‌ تایبه‌تی به‌مۆ غه‌ریب و ئه‌ركان ره‌حیم و حه‌مه‌ی سابیری و محه‌مه‌د حه‌مید، كه‌ هۆكارن بۆ بردنه‌وه‌ له‌هه‌ر تیپێك له‌ خوله‌كه‌، ته‌نانه‌ت توانای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌شان هه‌یه‌، خاوه‌نی 4 خاڵن له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌ دێن.
سیروانی نوێ، دۆخی باش نییه‌، چونكه‌ تیپه‌كه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ دوا ساتی یارییه‌كه‌ به‌ هه‌ندرێنی میوانی دۆڕا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌روونی به‌سه‌ر یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ئێسته‌له‌ ژێر فشاردان، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی رزگار عه‌لی راهێنه‌ر تا به‌ زیره‌كترین شێوه‌ ئه‌و فشار و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ی سه‌ر تیپه‌كه‌ی نه‌هیڵێت، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری دۆڕانێكیتر كێشه‌كانی ده‌بنه‌ دوو هه‌نده‌ی ئێسته‌، له‌ نازناوه‌كه‌ش تا راده‌یك دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، 3 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌من.

جه‌نگی هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی خاپووره‌
زاخۆ له‌ یارییه‌كی به‌هێز و قووڕسدا میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، دۆخی زاخۆییه‌كان باش نییه‌ و پێچه‌وانه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌یه‌، دوو یاریی رابردووی دۆڕاندووه‌، كه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو، محه‌مه‌د یوسف ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی پیرمام هه‌ڵسێته‌وه‌ و جارێكیتر بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو كه‌ش و هه‌وای كێبڕكێكردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌، له‌ یاریی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان به‌ دوو گۆڵ له‌م یاریگه‌یه‌ له‌ سه‌میر بابۆیان بردبووه‌وه‌، هیچ خاڵیان نییه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ندن.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌دوای بردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌م قۆناغه‌دا ده‌گه‌ڕێت، له‌ دوو یاریی رابردووش شكستێك و یه‌كسانبوونێكی هه‌یه‌، گرفتی سه‌میر بابۆ ئه‌م وه‌رزه، له‌ نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش دایه‌، كه‌ ناتوانێت وه‌ك پێوست ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ پلان یارییه‌كان بۆ بردنه‌وه‌بیكات، كه‌رسته‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی وه‌ك ساڵانی رابردوونین، هه‌ردوو باڵه‌كه‌شی باش ده‌رناكه‌ون، كه‌ پێشووتر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هێرشه‌كانی بوون، له‌ هێلی پێشه‌وه‌ش زۆر به‌ ئاسانی تۆپ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ناتوانن پارێزگاری له‌ تۆپه‌كه‌ بكه‌ن تا تیپه‌كه‌ خۆی رێكدێخته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ره‌وا یوسف بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی راسته‌قینه‌ی خۆی ئه‌وا پێشمه‌رگه‌ باشتر ده‌رده‌كه‌وێت، كاتی ئه‌وه‌شه‌ عومه‌ر سه‌دام به‌سه‌ركی یاری بكات، هه‌رچه‌ند ئه‌سته‌مه‌ سه‌میر له‌م یارییه‌ قوڕسه‌ سه‌ركیشی به‌ م یاریزانه‌وه‌ بكات به‌هۆی تووند یاریكردنی به‌رگریكارانی زاخۆ، مه‌حمود شاكری به‌رگریكه‌ریشی له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكبووه‌ته‌وه‌ و بۆ یاریكردن ئاماده‌یه‌، یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌پله‌ی پێنجه‌من.

 

بارزان ئەکرەم - هەولێر

© 2017 Hawler