ئەم پەڕەیە چاپ بکە

گریزمان: شانازی به‌ مانه‌وه‌ی مێسییه‌وه‌ ده‌كه‌ین

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.


گریزمان: شانازی به‌ مانه‌وه‌ی مێسییه‌وه‌ ده‌كه‌ین
یاریزانی فه‌ره‌نسی ئه‌نتوان گریزمان، یاریزانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، هیوای مانه‌وه‌ی كاپتنی یانه‌كه‌ی لیۆنێل مێسی ده‌خوازێ و ده‌ڵێ شانازی به‌ مانه‌وه‌ی له‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌كه‌ین.
دوای بردنه‌وه‌ی جامی شای ئیسپانیا له‌سه‌ر حسابی یانه‌ی ئه‌تله‌تیك بلباو به‌ چوار گۆڵی بێ به‌رسڤ، ئه‌نتوان گریزمان، یاریزانی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ دوایاریی كۆتایی مێسی ده‌بێ له‌ به‌رشلۆنه‌، وتی: ئه‌وه‌ له‌ ده‌ستی ئێمه‌دا نییه‌ و خۆی بڕیار ده‌دا، به‌ڵام شانازی به‌ بوونی و مانه‌وه‌ی ده‌كه‌ین، هیوا ده‌خوازین له‌ به‌رشلۆنه‌ بمێنێته‌وه‌.
له‌ باره‌ی بردنه‌وه‌ی جامی شای ئیسپانیا، ڕای گه‌یاند، كه‌ وه‌رز دوورودرێژه‌، بۆیه‌ چركه‌ساتی خۆش و ناخۆشی تێدایه‌، به‌ڵام پاداشته‌كه‌ی له‌ كۆتاییدا وه‌رده‌گیرێ، ئێمه‌ شانازی به‌و یاری و ئاسته‌ی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ین.
له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناسناوه‌، گره‌نتی مانه‌وه‌ی رۆناڵد كومانی راهێنه‌ر ده‌كا، وتی: ئه‌و پرسیاره‌ له‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ بكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ باره‌ی رۆیشتن و ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی مێسی له‌ به‌رشلۆنه‌، سایتی گۆڵ، له‌ شرۆڤه‌یه‌كدا، باسی نه‌مانی مێسی هو ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی نیێماری بۆ به‌رشلۆنه‌ و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی خستبووه‌ ڕوو، به‌شێكی چاودێرانی وه‌رزشی پێیان وایه‌ لیۆنێل مێسی ده‌چێته‌ پاریس سان جێرمان و به‌شێكیان پێیان وایه‌ له‌ یانه‌كه‌ی خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ماوه‌ی هاوینه‌ی وه‌رزی رابردوودا بڕیاری دا یانه‌كه‌ جێ بهێڵێ، به‌ڵام له‌ دواساته‌كان و پێش ده‌ستپێكردنی وه‌رز، بڕیاری مانه‌وه‌ی له‌ به‌رشلۆنه‌ دا.

ڕه‌حیم سیرلینگ ده‌بێته‌وه‌ جێبایه‌خی ریاڵ مه‌درید
یاریزانی ئینگلیزی ڕه‌حیم ستیرلینگ، یاریزانی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ جێبایه‌خی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێگه‌ی خۆی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی یانه‌كه‌ی بۆ یاریزانی لاو فیل فۆدین له‌ ده‌ست داوه‌.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی ستاری بریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئێسته‌ ئه‌و یاریزانه‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی دواخستووه‌، بۆیه‌ ریاڵ مه‌درید له‌ هه‌لێكی وا گونجاو ده‌گه‌ڕێ تا هه‌وڵ بدا ئه‌و یاریزانه‌ بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.
یانه‌ی ریاڵ مه‌درید پێشتر زۆر هه‌وڵی دابوو بۆند له‌گه‌ڵ ستیرلینگدا واژۆ بكا، به‌ڵام شكستی خواردبوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی خاوه‌ن یاریگه‌ی ئیتحیاده‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو.
له‌ كاتێكدا كه‌ ستیرلینگ له‌گه‌ڵ یانه‌ی مان سیتی ئاسووده‌ ده‌رده‌كه‌وێ، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ دوای كۆتاهاتنی یۆرۆی ئه‌م هاوینه‌، دانوستانی نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی ده‌ست پێ بكا، به‌ڵام دابڕانی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی، وا له‌ ریاڵ مه‌درید ده‌كا هه‌لی ده‌ستخستنی ئه‌و یاریزانه‌ی هه‌بێ و ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێ ده‌كا.
بۆندی ستیرلینگ، دوای دوو ساڵ كۆتایی دێ، هه‌روه‌ها یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی بڕیاری نه‌داوه‌ به‌ كه‌متر له‌ 80 ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی ئه‌و یاریزانه‌ بفرۆشێ، له‌ كاتێكدا خۆی له‌ هاوینی 2015ـدا به‌رامبه‌ر 44 ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی بردیه‌ ریزه‌كانیه‌وه‌.
ستیرلینگ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا 14 گۆڵی تۆمار كردووه‌، به‌ڵام له‌ دوا 12 یاریدا ته‌نیا گۆڵیكی تۆمار كردووه‌ و ئاستی له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی كۆتایی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه‌.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر