ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ڕه‌وشی مێسی و چوونی هالاند بۆ ریاڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ به‌رشلۆنه‌

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید سه‌ره‌ڕای سه‌ختیی ڕكه‌به‌رییه‌كه‌، شه‌ڕ بۆ بردنه‌وه‌ی لا لیگا ده‌كا
راهێنه‌ری یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی دیێگۆ سیمیۆنی، دوای یه‌كسانبوونی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریاڵ سۆسیداد و كه‌مبوونه‌وه‌ی جیاوازیی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید، بۆچوونی خۆی خسته‌ ڕوو و گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌.
له‌و یارییه‌دا كه‌ به‌یه‌كسانبوونی هه‌ردوو یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و ڕیاڵ سۆسیداد به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، یانه‌ی سۆسیداد نزیك بوو له‌وه‌ی یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌مدا باشتر ده‌ركه‌وت و هه‌لی گۆڵكردنیشی بۆ ڕه‌خسا.
سیمیۆنی وتی هیوادارم ئه‌مه‌ دوایاریی ئه‌م وه‌رزه‌ بێ كه‌ به‌م جۆره‌ خاڵه‌كان له‌ ده‌ست بده‌ین، ئێمه‌ پێشتر له‌ یانه‌كانی دیكه‌ دوور بووین و ئێسته‌ ریاڵ مه‌درید لێمان نزیكه‌، له‌ كاتێكدا ریاڵ مه‌درید و به‌رشلۆنه‌ ده‌ستپێكێكی خراپیان هه‌بوو، ئێمه‌ش هه‌ندێ جار هه‌ڵبه‌زودابه‌زمان كردووه‌، به‌ڵام به‌ گشتی گه‌شبینین بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی لا لیگا.
وتیشی: له‌ به‌ره‌به‌ری كۆتایی وه‌رزدا، گرژی و توندییه‌كان زیاتر ده‌بن، وه‌رزی ڕابردوو وه‌رزێكی كاته‌كی گواستراوه‌مان به‌سه‌ر برد، به‌ڵام ئێسته‌ له‌ پێگه‌ و شوێنێكی باشداین و پارێزگاری لێ ده‌كه‌ین.
له‌ باره‌ی پیكانی جواو فیلیكسه‌وه‌، وتی: ئازاری هه‌بوو و ڕێی نه‌دا به‌رده‌وام بێ و یاری بكا، هیوادارم كۆششی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ تا هه‌فته‌ی دادێ بتوانێ یارمه‌تیمان بدا.
ئه‌و یاریزانه‌ گرانبه‌هاترین بۆندی یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریده‌ و هاوكات یاریزان كیران تریبیێریش، كه‌ به‌ریگریكاری ڕاسته‌یه‌، تووشی پێكان هات. پێشتریش هه‌ریه‌ك له‌ لویس سوارێز و تۆماس یه‌مار و موسا دێمبڵی پێكانیان هه‌بوو، كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی یاریزانی تازه‌ی یانه‌كه‌یه‌.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌ و زانین، یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید ئێسته‌ به‌ 67 خاڵ له‌ پێشه‌نگی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ده‌بینێرێ و یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید به‌ 66 خاڵ له‌ خانه‌ی دووه‌مدا دێ و به‌رشلۆنه‌یش به‌ 65 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌مدا جێگیر بووه‌.
ڕیاڵ مه‌درید دوای بردنه‌وه‌ی یاریی كلاسیكۆی ڕابردوو، توانیی پێش به‌رشلۆنه‌ بكه‌وێ و له‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی پێشه‌نگ نزیك بێته‌وه‌، یه‌كسانبوونی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید له‌ بۆسه‌ی سۆسیداد، هه‌لێكی زیاتری به‌ ریاڵ مه‌درید دا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كانی داهاتوودا بتوانێ پێشه‌نگیی خولی ئیسپانیا بگرێ.

ڕه‌وشی مێسی و چوونی هالاند بۆ ریاڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ به‌رشلۆنه‌
سایتی گۆڵ، له‌ شرۆڤه‌یه‌كدا، باسی نه‌مانی مێسی له‌ به‌رشلۆنه‌ و گواستنه‌وه‌ی هالاند بۆ ریاڵ مه‌درید و ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی نیێمار بۆ به‌رشلۆنه‌ و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ده‌كا.
پێشبینی و ده‌نگۆیه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دان، كه‌ نێیمار ده‌یه‌وێ ریزه‌كانی پاریس سان جێرمان جێ بهێڵێ، هه‌مان هۆكاری كه‌ بووه‌ هۆی جێهێشتنی به‌رشلۆنه‌، خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌رشلۆنه‌یش، ئه‌ویش داواكردنی بڕه‌پاره‌یه‌كی زیاتره‌ وه‌كوو مووچه‌.
به‌رشلۆنه‌ له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌دا ناتوانێ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م مووچه‌ی مێسی بدا، هه‌م هی نێیمار، به‌ڵام لاپۆرتا ده‌یه‌وێ هه‌ردووكی له‌ یه‌ك كاتدا جێبه‌جێ بكا.
بۆندنه‌كردنی كیلیان ئمباپێ له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید، وا له‌ یانه‌ی شایانه‌ ده‌كا، كه‌ ته‌نیا بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا بێ، ئه‌ویش ده‌ستخستنی یاریزان ئیرلینگ هالانده‌، هاوكات ڕوونه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رشلۆنه‌ بۆند له‌گه‌ڵ نێیماردا واژۆ بكا، واژۆكردنی بۆند له‌گه‌ڵ یاریزانێكی دیكه‌دا ده‌بێته‌ كارێكی مه‌حاڵ، بۆیه‌ هه‌له‌كه‌ بۆ ریاڵ مه‌درید زیاتر ده‌بێ بۆ واژۆكردنی بۆند له‌گه‌ڵ یاریزانه‌ نه‌رویژییه‌كه‌دا.
له‌و كاته‌وه‌ی نێیمار له‌ به‌رشلۆنه‌ نه‌ماوه‌، یانه‌كه‌ چه‌ندان ناسناوی له‌ده‌ست داوه‌، كه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و له‌ یانه‌كه‌، ده‌یانتوانی به‌شێك له‌و ناسناوانه‌ ببه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نێیمار ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ پاریس سان جێرمان لێی چاوه‌ڕێ ده‌كرد.
ئه‌گه‌ر نێیمار نه‌چووبایه‌ته‌ پاریس، به‌رشلۆنه‌ كۆتینۆ و دێمبلی له‌ لیڤه‌رپوول و دۆرتمۆنده‌وه‌ نه‌ده‌برده‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، ئێسته‌ش كه‌ ئه‌و دوو یاریزانه‌ له‌وێن، ڕه‌نگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ كاته‌لۆنیا، ڕێ بۆ نه‌مانیان له‌ یانه‌كه‌ خۆش بێ.
نه‌مانی نێیمار له‌ به‌رشلۆنه‌، وای كرد ڕه‌وشی مێسیش به‌ره‌و خراپی و ڕوو له‌ داكشان بێ، به‌ جۆرێك به‌ ساڵانێكی خراپدا تێپه‌ڕی.
گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ به‌رشلۆنه‌، ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی شۆڕشێكی تازه‌ له‌ یانه‌كه‌ و بواری بازاڕگێریی یانه‌كه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ خاوه‌ن گرانترین بۆندی مێژووی تۆپی پێیه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لایه‌نێكی نه‌رێنیی نێیمار، تووشبوونیه‌تی به‌ پێكان، به‌ تایبه‌ت له‌ كاته‌ هه‌ستیار و گرینگه‌كاندا، ته‌نانه‌ت به‌ تێپه‌ڕبوونی كات، ئه‌و پێكانانه‌ زیاتر بوونه‌.