ئایار 07, 2021

لە یاریی کۆتایی خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی شاری سلێمانی ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە

ئەمڕۆ یارییەکانی خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان کۆتایی دێت، لەشاری سلێمانی و لەیاریگەی ئاشتی تازەپێگەیشتووانی ئاشتی میوانداری تازەپێگەیشتوان برایەتی دەکات، تازەپێگەیشتووانی برایەتی دوای بردنەوەی لە یانه‌ی شۆڕیجە گەیشتە یاریی کۆتایی، تازەپێگەیشتووانی ئاشتیش بەبێ دۆڕان خۆی گەیاندە یاری کۆتایی و پێشبینی دەکرێت یارییەکە لە ئاستێکی بەرزو لوتکە دابێت.

ئاشتی و برایەتی بەیەک دەگەن
ئەمڕۆ لە یاری کۆتایی خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، لەسەر یاریگەی یانەی ئاشتی لەشاری سلێمانی تازەپێگەیشتووانی برایەتی دەبێتە میوانی تازەپێگەیشتووانی ئاشتی، چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە بەشێوازی دەرچوون بە دوو دۆڕان بوو، ئاشتی دوای دوو بردنەوە گەیشتە یاریی کۆتایی، برایەتیش بەبردنەوەی لە یانەکانی ئارارات و شۆریجە گەیشتە ئەم قۆناغە.
هەردوو یانە لەقۆناغی کۆتایدا دووەمین جارە لەسەر هەمان یاریگە بەیەک دەگەن، دوای ئەوەی لەیاری یەکەمی نێوانیاندا تازەپێگەیشتووانی ئاشتی بەلێدانی سزا یارییەکەی بردەوە، بەڵام یارییەکەی ئەمڕۆ جیاوازتر دەبێ، چونکە هەردوو یانە شەڕی بوون بە پاڵەوان بوونی خولەکە دەکەن و گەرەکیانە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا قەڵغانی خولەکە بەدەست بهێنن.
خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، بە بەشداری ١٧ یانە بەڕێوەچوو، یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش کرابوون، لە کۆمەڵەیەی یانەکانی سلێمانی و کەرکووك، تازەپێگەیشتووانی یانەکانی ئاشتی و شۆڕیجە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، یانەکانی ڕزگاری و سلێمانیش دابەزین بۆ ڕیزی تازەپێگەیشتووانی پلە یەک، لە کۆمەڵەی یانەکانی هەولێر و دهۆکیش یانەکانی برایەتی و ئارارات گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، تازەپێگەیشتووانی یانەکانی هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر لەو کۆمەڵەیە دابەزیون.

ڕیزبەندی گۆڵکاران
تا ئێستە ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەیش بەم شێوەیەیە:
١-ئیسماعیل ئیبراهیم / یانەی ئارارات ٧ گۆڵ
٢- ئارام سالار / یانەی شۆڕیجە ٦ گۆڵ
٣- ئیسماعیل ئەحمەد / یانەی ئاشتی ٥ گۆڵ
٤- هەورۆ حەمەد/ یانەی برایەتی ٥ گۆڵ

© 2017 Hawler