ئایار 07, 2021

لاپۆرتا به‌ڵێنی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی به‌ مێسی داوه‌

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

 

رۆژنامه‌ی هه‌ولێر رۆژانه‌ نوێترین هه‌واڵ و پێشهاته‌ وه‌رزشییه‌كانی بۆ خوێنه‌رانی ده‌خاته‌ڕوو، راپۆرتی ئه‌مجاره‌مان زیاتر ته‌رخان كردووه‌ بۆ گرینگترین ئه‌و هه‌واڵ و رووداوانه‌ی كه‌ نزیكه‌ له‌ بارسێلۆنا له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ رووبدات.

بارسێلۆنا بڕیاری فرۆشتنی یاریزانێكی دا
دوای ئه‌وه‌ی جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ فلیپ کۆتینیۆ یاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆن كرا و ماوەیەکی دیکەش لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی ناچار كردووه‌ بیر له‌ فرۆشتنی ئه‌و یاریزانه‌ بكه‌نه‌وه‌.
پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا نووسیویه‌تی: دوای ئەوەی فلیپ کۆتینیۆ یاریزانی بەڕازیلی یانەکەیان نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بە هۆی ئەو پێکانەی لە ئەژنۆی چەپی تووشی بوو، لەو کاتەوە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، بەڵام بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاکنەبویەوە، بۆیە ئەمجارەیان لەلایەن رۆدریگۆ لاسمار پزیشکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و بە سەرپەرشتی تیمی پزیشکی یانەکەی، دووبارە نەشتەرگەری بۆ کرایەوە.
بارسا ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان دیاری نەکردووە، بەڵام مۆندۆدێپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە کە کۆتینیۆ بە هۆی ئەم نەشتەرگەریە، نزیکەی چوار مانگ لە یاریگاکان دادەبڕێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌مان سه‌رچاوه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی بارسێلۆنا بڕیاری كۆتاییان داوه‌ به‌ نیازن له‌گه‌ڵ چاكبوونه‌وه‌ی كۆتینیۆ ئه‌م یاریزانه‌ بفرۆشێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر كۆتینیۆ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بارسێلۆنا 5 یاری دیكه‌ بكات ده‌بێت 5 ملیۆن یۆرۆ بده‌نه‌ لیڤه‌رپوول.


نێیمار ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ لای مێسی
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی له‌ بارسێلۆنا نزیك بووه‌ته‌وه‌، سه‌رله‌نوێ جارێكی دیكه‌ ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار دا سیلڤا بۆ بارسێلۆنا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و به‌پێی سه‌رچاوه‌كان یانه‌ كه‌ته‌لۆنیه‌كه‌ هه‌وڵده‌دات نێیمار بۆ هاوشانی مێسی بگه‌ڕێنێـته‌وه‌.
پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرای كردووه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا ئاره‌زوو ده‌كات له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ نێیمار دا سیلڤا واژۆ بكات، له‌ كاتێكدا پێگه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌فته‌كانی رابردوو سانجێرمان و نێیمار له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رۆژنامه‌ی سپۆرت نووسیویه‌تی خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ زاهاڤی گه‌وره‌ بریكاری یاریزانان كۆبووه‌ته‌وه‌ و داوای لێكردووه‌ بچێته‌ نێو گفتووگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بۆ بارسێلۆنا.
رۆژنامه‌ی موندۆی دیپۆرتیڤۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ نێیمار زانیویه‌تی مێسی له‌ بارسێلۆنا ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ گفتووگۆیه‌كانی بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان راگرت و ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه‌ هاوشانی مێسی له‌ یانه‌ گه‌وره‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا یاری بكات.
نێیمار دا سیلڤای 29 ساڵ، له‌ یانه‌ی سانتۆسی به‌رازیلی ده‌ستی به‌ یاریكردن كردووه‌، دواتر له‌ هاوینی 2013 خولی به‌رازیلی جێهیشت و به‌ گرێبه‌ستێكی 88 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا له‌ كۆی 186 یاری، 105 گۆڵ و 76 ئاسیستی كردووه‌، پاشان له‌ هاوینی 2017 به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا به‌ 222 ملیۆن یۆرۆ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ كۆی 105 یاری، 83 گۆڵ و 47 ئاسیستی كردووه‌، له‌ به‌شێكی زۆری یارییه‌كان به‌هۆی پێكان و كارتی سووره‌وه‌ دابڕاوه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ پرێمه‌رلیگ چه‌ندان یاری لوتكه‌ ده‌كرێن
له‌ گه‌ڕی 31ـه‌می خولی نایابی ئینگلیزی 4 یاری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ده‌كرێن، له‌ یاری لوتكه‌دا تۆتێنهام و مانچێسته‌ر یونایتد رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
له‌ كاتژمێر 2:00ـی دوای نیوه‌ڕۆ یانه‌ی بێرنلی میوانداریی یانه‌ی نیوكاسڵ یونایتد ده‌كات، ئه‌م دوو یانه‌یه‌ هه‌ردووكیان ئه‌م وه‌رزه‌ دۆخیان باش نییه‌، شه‌ڕی هه‌ردووكیان دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ هێڵی سووری دابه‌زین، به‌و پێیه‌ی بێرنلی به‌ 33 خاڵ له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نیوكاسڵ به‌ 29 خاڵ له‌ خانه‌ی شازده‌یه‌می ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ دێت.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا یانه‌ی وێستهام یونایتد و لێسته‌ر سیتی له‌ كاتژمێر 04:05 خوله‌كی ئیواره‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ئه‌م دوو یانه‌یه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ شه‌ڕی بڕینی بلیتی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو ده‌كه‌ن و به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌بینرێن، لێسته‌ر سیتی به‌ 56 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی جێگیر بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی وێستهام به‌ 52 خاڵ له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، خۆزێ مۆرینیۆی راهێنه‌ری پورتوگالی له‌گه‌ڵ تۆتێنهام رووبه‌ڕووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی پێشووی ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر 06:30ـی ئێواره‌ ده‌كرێت.
مانچێسته‌ر یونایتد ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستی به‌ره‌و پێشچووه‌، له‌ كۆی 30 یاری ته‌نیا 4 یاری دۆراندووه‌ و 17 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و تاڕاده‌یه‌ك زۆر له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ بێهیوا بووه‌، به‌ڵام له‌ گه‌یشتن به‌ بلیتێكی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو زۆر نزیك بووه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 60 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ دێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی تۆتێنهام به‌ راهێنه‌رایه‌تی خۆزێ مۆرینیۆ ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌نیا شه‌ڕی گه‌یشتن به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو ده‌كات، به‌و پێیه‌ی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 49 خاڵ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ پله‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندی دێت.
له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا، یانه‌ی ئارسێناڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌ ئه‌ركێكی ئاسان ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی شیفیڵد یونایتد.
ئارسێناڵ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ راهێنه‌رایه‌تی میكیل ئارتێتیا دۆخی له‌وپه‌ڕی خراپی دایه‌، به‌ده‌ستخستنی بلیتێكی یۆرۆپالیگی وه‌رزی داهاتوو مه‌منوونه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ كۆی 30 یاری 12 بردنه‌وه‌ و 12 شكست و 6 یه‌كسانبوونی هه‌یه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا یانه‌ی شیفیڵد یونایتد ئه‌م وه‌رزه‌ 24 یاری دۆڕاندووه‌ و به‌ 14 خاڵ له‌ خانه‌ی كۆتایی ریزبه‌ندی دێت و تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ ماڵئاواییكردن له‌ خولی نایابی نزیك بووه‌ته‌وه‌.

"وه‌رزی داهاتوو ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ یاری بۆ بارسێلۆنا ده‌كات"
به‌ گوێره‌ی میدیاكانی كه‌ته‌لۆنیا، خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا بڕیاری داوه‌ ئێرلینگ هالاند بۆ وه‌رزی داهاتوو هاوشانی مێسی جووت بكات و درێسی بارسێلۆنای پێ بپۆشێت.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو باوكی هالاند و مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی یاریزانه‌ نه‌رویجیه‌كه‌ی گه‌شتی شاری بارسێلۆنایان كرد و له‌لایه‌ن یاریده‌ده‌ری خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا پێشوازیان لێكرا.
جێرارد رۆمێرۆی و فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگیش ئه‌م هه‌واڵه‌یان پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ هاتنی باوكی هالاند و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی 100% ئه‌و یاریزانه‌ له‌ بارسێلۆنا نزیك ده‌كاته‌وه‌ و گفتووگۆیه‌كانیش له‌ نێوان بارسێلۆنا و ئه‌م یاریزانه‌ ده‌ستی پێكردووه‌.
چه‌ند رۆژێكیش به‌ر له‌ ئێستا سه‌رچاوه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ هالاند خانوویه‌كی له‌ شاری مه‌له‌گای ئیسپانیا كڕیوه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌نگۆی په‌یوه‌ندیكردنی به‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ ئیسپانیه‌كان زیاتر كرد.
ئێرلینگ هالاندی نه‌رویجی به‌هۆی ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند بووه‌ته‌ ئامانجی كۆمه‌ڵێك له‌ یانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا و به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیش بارسێلۆنا نزیكترینه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌.
ئێرلینگ هالاندی ته‌مه‌ن 20 ساڵ، له‌گه‌ڵ یانه‌ی دۆرتمۆند له‌ كۆی 49 یاری 49 گۆڵ و 11 ئاسیستی كردووه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دۆرتمۆند له‌ هاوینی 2022 كۆتایی دێت، به‌ گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا یانه‌ ئه‌ڵمانیاییه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ به‌ ئۆفه‌رێكی 150 ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یاریزانه‌ بێت.

© 2017 Hawler