ئایار 07, 2021

ئەمڕۆ شۆڕیجە و برایەتی لەپێناو گەیشتن بەیاری کۆتایی ڕووبەڕوی یەک دەبنەوە

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

بە ئەنجامدانی یەک یاری ئەمڕۆ یارییەکانی قۆناغی پێش کۆتایی خولی نایابی تازەپێگەیشتوانی کوردستان دەگاتە قۆناغی کۆتایی، ئەمڕۆیش لەشاری کەرکووک تازە پێگەیشتوانی شۆڕیجە میوانداری تازەپێگەیشتوانی برایەتی دەکات، تازەپێگەیشتوانی ئاشتی لەیاری کۆتاییدا چاوەڕی براوەی ئەو یارییە دەکات، یارییەکانی چواگۆشەی زێڕینی خولەکە بەشێوازی دەرچوون بە دوو دۆڕان ئەنجام دەدرێت.

شۆڕیجە و برایەتی بەیەک دەگەن
ئەمڕۆ لەسەر یاریگەی یانەی شۆڕیجە تازەپێگەیشتوانی برایەتی دەبێتە میوانی تازەپێگەیشتوانی شۆڕیجە، ئەم یارییە یاری گەیشتنە بەیاری کۆتایی و لەو پێناوەدا هەردوو یانە هەوڵی گەیشتن دەدەن.
ڕۆژی یەکشەممە تازەپێگەیشتوانی برایەتی بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە تازەپێگەیشتوانی ئاراراتی بردەوەو گەیشتە ئەم قۆناغە، شۆڕیجەیش دوای یارییەکی بەهێز بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لەگەڵ تازەپێگەیشتوانی ئاشتی دۆڕا، براوەی یارییەکەی ئەمڕۆ لە یاری کۆتایدا ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو لەسەر یاریگەی ئاشتی یاری کۆتایی ئەنجام دەدات و براوەیان دەبێتە پاڵەوانی خولەکە.
خولی نایابی تازەپێگەیشتوانی کوردستان، بە بەشداری ١٧ یانە بەڕێوەدەچێت، یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرابوون، لە کۆمەڵەیەی یانەکانی سلێمانی و کەرکووم هەردوو یانەی ئاشتی و شۆڕیجە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، یانەکانی ڕزگاری و سلێمانیش دابەزین بۆ ڕیزی تازەپێگەیشتوانی پلە یەک، لە کۆمەڵەی یانەکانی هەولێر و دهۆکیش یانەکانی برایەتی و ئارارات گەیشتونەتە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی هەندرێن و تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگەی هەولێر لەو کۆمەڵەیە دابەزیون.
ڕیزبەندی گۆڵکاران
تا ئێستە ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بەم شێوەیەیە:
١-ئیسماعیل ئیبراهیم / یانەی ئارارات ٧ گۆڵ
٢- ئارام سالار / یانەی شۆڕیجە ٦ گۆڵ
٣- ئیسماعیل ئەحمەد / یانەی ئاشتی ٥ گۆڵ
٤- هەورۆ حەمەد/ یانەی برایەتی ٥ گۆڵ

© 2017 Hawler