ئایار 07, 2021

چوار یانە ڕکەبەری دەکەن بۆ بڕینی دوو پلیتی گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

 

بە ئەنجامدانی دوو یاری سبەی چوار گۆشەی زێڕینی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دەسپێدەکات، لەیاری یەکەمی پێش کۆتایدا کە لە شەقڵاوە ئەنجام دەدرێت، یانەی شەقڵاوە میوانداری یانەی سەیدسادق دەکات، لەشاری کەرکووکیش یانەی ئاڵتون کۆپری میوانداری یانەی کۆیە دەکات، یارییەکانی ئەم قۆناغە بەشوای خول لەنێوان هەر چوار یانەکە بەڕێوەدەچن و کام دوو یانە زۆرترین خاڵ کۆبکەنەوە دەگەنە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

شەقڵاوە و سەیدسادق بەیەک دەگەن
ئ لەسەر یاریگەی یانەی شەقڵاوە یانەی سەیدسادق یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم، دەبێتە میوانی یانەی شەقڵاوە، کە ئەویش خاوەنی پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەم بوو، ئەم وەرزە یانەی سەیدسادق بەهەموو گڕوتینێکەوە بەشداری خولەکەی کردووە و گەرەکیەتی یەکێک بێت لەو تیپانەی وەرزی داهاتوو لە ڕیزی نایاب یاری دەکەن، یانەکە بە سەرکردایەتی ڕەمزی ساڵح و کۆمەڵێک یاریزانی ئەستێرە چاوی لەوەیە یەکەم بردنەوەی ئەو قۆناغە بەدەست بهێنێت، کوڕانی شەقڵاوەی خۆشناوەیەتیش بە فاکتەری یاریگەو هاندەرانیان ئەم یارییە ئەنجام دەدەن، شەقڵاوە ئەمساڵ بەپاڵپشتی ڕاهێنەرێک و سێ یاریزانی پیشەگەری ئێرانی ئەنجامەکانی باشن و چاویان لەوەیە ئەم قۆناغەیش لەسەر هەمان ڕیتمی قۆناغی یەکەم بەردەوام بن.
لەیاری دووەمی پێش کۆتایدا یانەی ئاڵتون کۆپری میوانداری یانەی کۆیە دەکات، ئەو دوو یانەیەیش بە ئامانجی گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان کۆشش دەکەن، ئاڵتون کۆپری نوێنەری یانەکانی کەرکووکە و دوای چەند ساڵێک دەیەوێت نوێنەری یانەکانی ئەو دەڤەرە بێت لە خولی نایاب، ئەم وەرزەیش یانەکە بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێت، یانەی کۆیەیش کە هەردەم لە خولی پلە یەک ژمارەیەکی قورس بووە، گەرەکیەتی خەونی چەند ساڵەی بکاتە ڕاستی و دوای چاوەڕوانیەکی زۆر بگاتە نایابی کوردستان، بۆیە ئەم یاریەیش لوتکەی و گرنگ دەبێت.
خشتەی یارییەکانی خولەکە
خشتەی سەرجەم یارییەکانی چوارگۆشەی زێڕینیش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
گەڕی یەکەم
شەقڵاوە - سەیدسادق / یاریگەی یاریگەی شەقڵاوە
ئاڵتون کۆپری - کۆیە/ یاریگەی بابەگوڕگوڕ
گەڕی دووەم
کۆیە - شەقڵاوە / یاریگەی کۆیە
سەیدسادق - ئاڵتون کۆپری / یاریگەی سەیدسادق
گەڕی سێیەم
شەقڵاوە - ئاڵتون کۆپری / یاریگەی شەقڵاوە
کۆیە - سەیدسادق / یاریگەی کۆیە
گەڕی چوارەم
ئاڵتون کۆپری - شەقڵاوە / یاریگەی بابەگوڕگوڕ
سەیدسادق - کۆیە/ یاریگەی سەیدسادق
گەڕی پێنجەم
شەقڵاوە - کۆیە / یاریگەی شەقڵاوە
ئاڵتون کۆپری - سەیدسادق/ یاریگەی بابەگوڕگوڕ
گەڕی شەشەم
سەیدسادق - شەقڵاوە / یاریگەی سیدسادق
کۆیە - ئاڵتون کۆپری / یاریگەی کۆیە

خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، بە بەشداری ١٢ یانە بەڕێوەچوو، یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرابوون، لە کۆمەڵەیەی یانەکانی سلێمانی و کەرکوو، هەردوو یانەی سەیدسادق و ئاڵتون کۆپری گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی خانەقین دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان، لە کۆمەڵەی یانەکانی هەولێر و دهۆکیش یانەکانی شەقڵاوە و کۆیە گەیشتونەتە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی ئاسۆ لەو کۆمەڵەیە دابەزیوە.

© 2017 Hawler