ئایار 07, 2021

5 یانه‌ گه‌یشتنه‌ قۆناخی كۆتایی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان

لە یارییەکانی گەڕی سێزدەیەمی خولی نایابی کوردستان زاخۆ بەبردنەوەی لە دهۆک و پێشمەرگەی هەولێر بەیەکسان بوونی لەگەڵ هەندرێن گەیشتنە قۆناغی داهاتوو، سیروانی نوێ دوای ١٢ یاری توشی یەکەم دۆڕان بوو، شێروانە و برایەتیش بلیتی قۆناغی دووەمیان بڕی، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ دەخاتە ڕوو.

زاخۆ و سیروانی نوێ پێشەنگن
یارییەکانی گەڕی سێزدەیەم کۆتاییان هات، یانەکانی سیروانی نوێ و زاخۆ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گرتووە، لە یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم یانەی برایەتی دوای یەکسان بوونی لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ بلیتێکی قۆناغی داهاتووی بڕی، یانەی سۆرانیش سیروانی نوێی توشی یەکەم شکست کرد لەم وەرزەو بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەی لێبردەوە.
لەدواین یاری ئەو کۆمەڵەیەیشدا هەردوو یانەی شێروانە میوانداری یانەی هەڵۆی کرد و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لێبردەوە، تیپەکەی دەڤەری گەرمیان خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو.
لە کۆمەڵەی دووەمیشدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەبێ گۆڵ لەگەڵ هەندرێن یەکسان بوو، بە ٢٢ خاڵ خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو، یانەی زاخۆ دێربی بادینانی لە یانەی دهۆک بردەوەو وەک یەکەم یانە لەو کۆمەڵەیە خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو، دەربەندیخانیش تا ڕادەیەک بێ هیوا بوو لەگەیشتن بە قۆناغی کۆتایی دوای ئەوەی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی ئارارات یەکسان بوو، پێشمەرگەی سلێمانی زیاتر لەدابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان نزیک بووە و توشی حەوتەم شکست بوو بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ دێربی سلێمانی بە نەورۆز دۆڕاند.

چەند ئامارێک لەسەر خولەکە
دوای تێپەڕبوونی سێزدە گەڕ ٩١ یاری ئەنجامدراون، ١٩٦ گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢.١ گۆڵە، یاری نێوان هەولێر و شێروانە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە، کە ٧ گۆڵ بووە، بەهادین بەکر هێرشبەری سیروانی نوێ خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەیە، کە لە گەڕی دووەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەولێر لە چرکەی ١٣ دا گۆڵی تۆمارکرد، یاریزانی یانەی هەولێر عەبدولقادر ئەیوب بچوکترین یاریزانە لە خولەکە کە گۆڵ تۆمار بکات و لە تەمەنی ١٧ ساڵی لە گەڕی سێیەمی خولەکە لەبەرانبەر بە یانەی هەڵۆ گۆڵی تۆمار کرد، تا ئێستە هەر یەک لە یونس سلێمانی ڕاهێنەری پێشووی نەورۆز، سلێمان ڕەمەزانی ڕاهێنەری دهۆک دینۆ میکائیل ڕاهێنەری یانەی هەڵۆ و سەلاح مەحموود ڕاهێنەری دەربەندیخان وازیان لە پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکان هێناوە، هەروەها عادل عەلی یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی شێروانە دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەم وازی لە ئەرکەکەی هێنا، یانەی سیروانی نوێ، خاوەنی زۆرترین بردنەوەیە کە ٨ بردنەوەیە، یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و دهۆک، خاوەنی زۆرترتن دۆڕانن کە ٧ دۆڕانە، یانەی سیروانی نوێ خاوەنی زۆرترین گۆڵە کە لە ١٢ یاریدا ٢٥ گۆڵی تۆمار کردووە، یانەکانی هەڵۆ و دهۆک خاوەنی هەژارترین هێڵی هێرشبەرەن کە تەنیا ٦ گۆڵیان تۆمار کردووە، یانەکانی هەولێر و سۆران لاوازترین هێڵی بەرگریان هەیە و ٢٢ جار تۆڕی گۆڵەکەیان هەژێندراوە، یانەی زاخۆ خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگریە و تەنیا ٥ گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی سێزدەیەم کە ٩١ یاری ئەنجامدراوە، تا ئێستە یاریزانی یانەی چەمچەماڵ عومەر مەحەمەد و یاریزانی یانەی سیروانی نوێ بەهادین بەکر خاوەنی زۆرترین گۆڵن و ٨ گۆڵیان تۆمار کردووە.
ڕیزبەندی گۆڵکارانیش بەم شێوەیەیە:
1- بەهادین بەکر ٨ گۆڵ / یانەی سیروانی نوێ
2- عومەر محەمەد ٨ گۆڵ / یانەی چەمچەماڵ
3- ژیار گۆڤەند ٥ گۆڵ / یانەی برایەتی
4- سەفین مەنسور ٥ گۆڵ / یانەی برایەتی
5- عەبدوڵڵا سەربەست ٥ گۆڵ / یانەی پێشمەرگەی هەولێر
6- ئاسۆ ڕۆستەم ٤ گۆڵ / یانەی نەورۆز
7- عەلی کاکە مینە ٤ گۆڵ / یانەی شێروانە
8- ئەرکان ڕەحیم ٤ گۆڵ / یانەی شێروانە
9– دیار عەلی ٤ گۆڵ / یانەی دەربەندیخان

یارییەکانی گەڕی چواردەیەم:
یارییەکانی گەڕی چواردەیەمی خولەکە ڕۆژی سێشەممە بە ئەنجامدانی ٧ یاری لە یەک کاتدا بەم شێوەیە بەڕێوەبچنەوە:
کۆمەڵەی یەکەم:
برایەتی - شێروانە/ یاریگەی برایەتی
هەڵۆ - سۆران/ یاریگەی بلێ
هەولێر - چەمچەماڵ / یاریگەی دووەمی شەهید فڕانسۆ هەریری
یانەی سیروانی نوێ چاوەڕوانە
کۆمەڵەی دووەم:
پێشمەرگەی سلێمانی - پێشمەرگەی هەولێر / یاریگەی فەرماندەیی
دهۆک - نەورۆز/ یاریگەی دهۆک
هەندرێن - ئارارات/ یاریگەی هەندرێن
دەربەندیخان - زاخۆ/ یاریگەی دەربەندیخان

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:
کۆمەڵەی یەکەم:
١- سیروانی نوێ ٢٧ خاڵ
٢- شێروانە ١٩ خاڵ
٣- برایەتی ١٨ خاڵ
٤- چەمچەماڵ ١٥ خاڵ
٥- سۆران ١٣ خاڵ
٦- هەولێر ٩ خاڵ
٧- هەڵۆ ٥ خاڵ
کۆمەڵەی دووەم:
١- زاخۆ ٢٤ خاڵ
٢- پێشمەرگەی هەولێر ٢٢ خاڵ
٣- هەندرێن ٢١ خاڵ
٤- دەربەندیخان ١٨ خاڵ
٥- ئارارات١٦ خاڵ
٦- نەورۆز ١٥ خاڵ
٧- دهۆک ١٢ خاڵ
٨- پێشمەرگەی سلێمانی ١٠ خاڵ

هێمن ئەسکەندەر - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 28 ئازار 2021 10:25
© 2017 Hawler