حوزەیران 29, 2022

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان: لەماوەی ساڵێکدا ١٣٠ هەزار لاوی کوردستان بەشدارییان لە چالاکییەکانمان کردووە

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٥٣ دامەزراوە. لەوکاتەدا، بەشداریی خەباتی چەکداری لە شۆڕشەکانی کورد کردووە و، لە پاڵ ئەو ئەرکەشدا، ڕۆڵی مەدەنییانەی خۆی وەک؛ ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی گێڕاوە. ڕێکخراوەکە، لە ١٨ی ئەم مانگەدا، یادی ٦٧ ەمین ساڵیادی خۆی دەکاتەوە. مەیسەر نهێڵی، سکرتێری ڕێکخراوەکە، ، بۆ "هەولێر" باس لە کاری ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکەیان دەکات.

* زەروورەتی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان
- مەیسەر نهێڵی: دامەزراندنی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٥٣، زەروورەتێکی شۆڕش و خەباتی مەدەنی بووە، لاوانی یەکێتییەکەمان لە شۆڕشەکانی کورد، بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، وەک؛ ئەیلوول و گوڵان و سەرهەڵدانەکانی دیکە، بەشدار بوونە. لە پاڵ ئەم ئەرکەشدا، لە ناو توێژی لاوان، ڕێکخراوەکە خاوەنی خەباتی مەدەنی بووە.

* یەکێتی لاوان، بووە بە سەکۆی کۆکردنەوەی لاوان و داخوازییەکانیان؟
- مەیسەر نهێڵی: گومانی تێدانییە، ڕێکخراوەکە ئەو ئەرکەی ڕاپەڕاندووە و، گەنجان و داخوازییەکانی تێدا کۆبووەتەوە. ئێمە توانیومانە، ببینە پردی پێکگەیشتنی لاوانی کوردستان و، داخوازییەکانی لاوانمان هەم لە ناوخۆ، گەیاندووەتە حکوومەت و پەرلەمان، هەم پەیامی جوانی هەرێمی کوردستانمان گەیاندووەتە جیهان، کە ئەو ئارامییەی کوردستان بەرهەمی خەباتی سەدان لاوی کورد بووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوەکە ئەندامی یەکێتی لاوانی جیهانییە.

* ئەندام بوون لە ڕێکخراوەکەتان ڕووی لە زیادبوونە یا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؟
مەیسەر نهێڵی: ژمارەی ئەندامانمان، ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە. ڕۆژانە دەیان لاو و گەنج، سەردانی ئۆفیسەکانمان دەکەن، بۆ دەرکردنی ناسنامەی ڕێکخراوەکە و، بوون بە ئەندامی ڕێکخراوەکە. ئەمەش بۆ ئەو ڕۆڵە بەرچاوە دەگەڕێتەوە کە ڕێکخراوەکە دەیبینێت لە پرسە گرنگەکان، زیادبوونی ئەندامانمان و کۆبوونەوەی لاوان لە دەوری ئەم ڕێکخراوە، وایکردووە ببێتە مەرجەعی لاوان و فشار لەسەر دەسەڵات دروستبکات لە خزمەتی لاوان. ئێمە بێ جیاوازی خزمەتی لاوان دەکەین، ئەندام بن لە ڕێکخراوەکەمان یا نا، بۆیە زۆرجار ژمارە نابێتە پێوەر بۆ قەبارەی ڕێکخراوەکامان، لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەماندا، لەماوەی ساڵێکدا، ١٣٠ هەزار لاوی کورد بەشدار بوون، ئەمەش گەورەیی قەبارەی ڕێکخراوەکە نیشاندەدات.

* ئەولەوییەتی کاری ڕێکخراوەییتان چییە؟
- مەیسەر نهێڵی: دوای کۆنگرەی هەشتەمی ڕێکخراوەکە، کۆمەڵێک لاوی دیکەی ئەم وڵاتە، هاتنە پێشەوە. بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، کە وتارێکی پێشکەشی لاوان کرد لە کۆنگرەدا و، دواتریش لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، جەختی لەوەکردەوە، ڕێکخراوی لاوان دەبێت لەسەر ڕەچەڵەکی ڕەسەنی خۆی بمێنێتەوە کە پەیامی بارزانی نەمرە و لەسەر دەستی ئەو دامەزراوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، پێشوازیی لێکردین و دووپاتی لە پاڵپشتی و یارمەتیدانی ڕێکخراوەکە کردەوە. دەبێت ئێمە پابەندی ئەو ڕێنماییانەی سەرۆک بارزانی بین، کە هەمیشە پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی هاندەری سەرەکی کارەکانی ئێمەیە.

* گرنگترین ئەو کارانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ لاوانتان کردوون چی بوون؟
- مەیسەر نهێڵی: یەکێک لەو کارانەی پێی سەربەرزین، خولی بارزانی نەمرە، توانیمان دوای ٩ ساڵ، لە سەرتاسەری کوردستان خولەکە بەڕیوە ببەین. تێیدا، پەیام و کلتوور و وتەکانی بارزانی نەمر، لەرێگای وەرزشەوە ئاوێتەی لاوان دەبن. لە ١٨ی شووباتی پاردا، کەرنەڤاڵێکی کلتووریمان، بۆ سەرجەم شارەکان سازکرد لە پیناو ئاشنابوونی لاوان بە کلتووری یەکدی و تێکەڵاوبوونیان. کردنەوەی خولی پێگەیاندنی لاوان، لە بارەگای مەشقی زێرەڤانی بۆ کادرانی لاوان، بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ بەردەوام بوو، کە تێیدا کۆڕ و سیمینار و خولی جیوازی تێدا بەڕێوەچوو. هەر لەماوەی ڕبردوودا، ڕاپرسییەکمان لەسەر ڕێژەی بێکاری لەنێو چینی لاواندا کرد و ڕاپرسییەکەمان پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد لە پێناو دۆزینەوەی چارسەری بێکاری. ئێمە کارمان لەسەر پێکەوەژیانی نەتەوەیی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە کوردستان کردووە، کارمان لەسەر ژینگەپارێزی کردووە و چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبووە لە بوارە گرنگەکان.

*بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرەکان چالاکیتان هەبوو، ئامانج و گرنگییەکه‌ی چی بوو؟
- مەیسەر نهێڵی: بابەتی ماددەهۆشبەرەکان، لە ناوەندی باڵای هەولێری ڕێکخراوەکە، کۆنفرانسێکمان سازکرد، دواتر ماوەی ٦ مانگ بەردەوام بووین لە بەستنی کۆڕ و سیمینار بۆ گەنجان و لاوانی کوردستان، سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر. وەک مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی لاوان، تونیمان بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەبارەی مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرەکان ١٣ خاڵ ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکەین. بە خۆشحاڵییەوە، بە هاوکاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی لە پێناو پاراستنی لاوانی کوردستان لە مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرەکان پەسەندکرد.

* لە ٦٧ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتان، پەیامتان بۆ لاوان چییە؟
- مەیسەر نهێڵی: لە ٦٧ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم لاوانی کوردستان و، ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان دەکەین، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. پەیامی ئێمە بۆ لاوان، ئەوەیە؛ چۆن لە شۆڕش و خەباتی چەکداریدا، پشکی شێر بەر لاوانی کوردستان کەوت لە قوربانیدان، چۆن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لاوان پێشەنگ بوون و، دواتریش لە ڕووبەڕووبوونەوه‌ی تیرۆرستانی داعش هەر لاوان پشکی شێری قوربانیدانیان بەرکەوت، دروستبوونی کوردستانێکی بەهێز بوون، بە هەمان شێوە، لە خەباتی مەدەنی بەردەوام بن، بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان. کە تێیدا باشتر خزمەتی لاوانی کوردستان بکرێت.

 

© 2017 Hawler