تشرینی یەکەم 15, 2021

حەمە سەعید حەسەن

کە چیرۆکێک دەنووســـیت، ســـەرنجی خوێنـــەر بۆ ئەوە ڕامەکێشـــە، ئەوەی دەیگێڕیتەوە، ڕووی داوە، ئاخر ئەگەر وات کرد، وەک ئەوە وایە، ددانت بەوەدا نابێـــت، بەرهەمەکەت چیرۆک نییە، هەواڵە. چیرۆکـــی واقیعی ئەوە نییە، لە واقیـــع لای نەدابێت، ئەوەیە بە خەیاڵ ئـــاو درابێت، ئاخر چیرۆک بە قەڵەمی خەیاڵ دەنووســـرێت و چیرۆکنووس وێنەی واقیع بەدەم گۆڕانەوە دەکێشێت. ئەگەر توانات هەر هێندەیە، ئەوە بگێڕیتەوە کە بەسەر خۆت هاتووە، ئەوە لێت عەیان بێت، چیرۆکنووس نیت، لە باشترین دۆخدا ڕاپۆرتنووسیت. هۆڵدەرلین دەڵێت: (ئینســـان کە بیر دەکاتەوە، دەرۆزەکەرە، بەڵام کە خەون دەبینێت، خوداوەنـــدە،) ئەو بۆیە گوتم کە واقیع دەگێڕیتەوە، هەواڵنووســـیت، بەڵام کە خەیاڵێکی بەپیت دەخەیە گەڕ، ئەدیبیت. ئەدەب نابێت واقیعی بێت، پێویستە لادان بێـــت لە واقیع، ئاخر ئـــەوە ئەرکی ئەدەبە، ســـنوور ببەزێنێت، بەردی بناغـــەی دابونەریت بلەقێنێت و پۆشـــاکی ژێرەوەی ڕەوشـــتی باو، بداتە بەر
هەتاو.
ماریـــۆ ڤارگاس یۆســـا کە زۆر جار ئەدەبێک دەنووســـێت، لـــە ئێرۆتیکای تێدەپەڕێنێـــت و لە پۆڕنۆگرافی نزیک دەبێتەوە، دەڵێت: (ئەوە گرنگ نییە لە ماڵەوە چیمان هەیە، ئەوە گرنگە لەگەڵ کێدا دەژین.) ئاخۆ لەگەڵ کەســـێکی وشکوبرینگی ناحاڵیدا دەژین، یان لەگەڵ کەسێکی خەیاڵفراوان؟ گرنگ ئەوەیە هاوژینی کەســـێک بین، دڵی لەبەر ڕێژنەی ڕووناکیدا بێدار بووبێتەوە. یۆسا لە ڕۆمانی: (دەفتەرەکانی دۆن ڕیگۆبێرتۆ)دا دەڵێت: (کە ئارەزووی ســـێکس بە باڵایی گەییشـــتووە، زادەی ئەو سنوور و بەربەســـتە ئەخلاقییانەیە کە ئایین دایهێناون، ئەوە بۆیە پێوەندیی نێوان عاشـــقان، لە ئیرلاند گەرموگوڕترە وەک لە ئینگلاند، لای کاسۆلیک سەرچڵانەترە وەک لای پرۆتستانت، لە ئیسپانیا و
ئیتالیا، گەشەسەندووترە، وەک لە ئەڵمانیا و سوێد.
موسوڵمان زوو زوو داوا لە کچی بچووک دەکات، کۆشی دابپۆشێت، کریستیان کچی بچووک ناچار دەکات، وەها دابنیشـــێت، ئەژنۆیەکانی لە یەکدییەوە نزیک بن، بەڵام لەگەڵ ئەم سنوور و سانسۆرانەیشدا، هێشتا ئەو ژنانەی لە قوتابخانە دینییەکاندا خوێندوویانە، لە ڕووی سێکســـییەوە، خەیاڵفراوانتر و ئاگرینترن، وەک لەوانـــەی لە قوتابخانە عەلمانییەکانـــدا خوێندوویانە. ئەو کارەکتەرانەی یۆســـا دەیانخوڵقێنێت، هەرچەندە کەسانی ڕاســـتەقینە نین، زادەی خەیاڵن، بەڵام هەر لە کەسانە دەچن کە لە دەوروبەرمان دەژین. ئەدەب ئاوێنەی واقیع نییە، (خۆراکی ڕۆحێکی یاخیبووە، مانیفێســـتی جاڕدانی بەرەنگاربوونەوەیە، ئاخر ئینسان شکۆمەندیی بە میراتی بۆ نامێنێتەوە دەبێت خۆی پەیدای بکات. تا بەسەر زماندا زاڵ نەبین، نە دەزانین بیر بکەینەوە، نە پێمان دەکرێت خەیاڵ وەگەڕ بخەین و نە دەتوانین ڕەخنە بگرین.زەحمەتە هیچ دەســـەڵاتێک بتوانێت گەمە بە ئاوەزی ئەوانە بکات کە دەخوێننەوە.

© 2017 Hawler