تشرینی یەکەم 15, 2021

ئەرێ پارەی جوێنەكانیان بدەینێ؟

فارس نەورۆڵی

 

پرۆسەی هەڵبژاردن واتە دیاریکردنی نوێنەرایەتی لەلایەن خەڵکەوە، ناکرێ هەموو خەڵک بڕوات بۆ پەرلەمان یان ئەنجوومەنەکان، بۆیە لە ڕێگای دەنگدانەوە نوێنەر دەنێرن بۆ ئەوەی لەوێ بەرگری لەمافەکانی ئەوان بکەن.
لە هەموو کایەکاندا جگە لەمە نوێنەر یان پەرلەمانتار هیچ وەزیفەی دیکەی نییە، ئەگەر چی بەداخەوە زۆرێک کە چاوی لە پەرلەمانە بۆ دەسکەوتی خۆیەتی نەک بۆچاکەی گشتی. ئێستا کوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی بانگەشەدایە ئەگەر چی هەندێ لە میدیا دەڵێن بانگەشەیەکی سارد و سڕە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەکرێ بڵێین بانگەشەیەکی ئەقڵانییە و دەنگدەر زیاتر هۆشیار بۆتەوە و قۆناغی ئیستیفزازییان تێپەڕاندووە، ئەگەرچی دەنگ دەبیسترێ بە زمانێکی نزم هێرش دەکاتە سەر پارتی، لە بەرامبەر ئەمەدا پارتی وەڵام ناداتەوە و بەردەوامە لە بانگەشەی خۆی.
پرسیارەکە ئەوەیە پارتی بۆ وەڵامی ئەو هێرشانە ناداتەوە؟ لەبەر ئەوەیە پارتی هەگبەکەی دوێنێی پڕە لە دەسکەوتی سیاسی و ئەمڕۆشی پڕە لە ئاوەدانی، یان سەرەڕای ئەو هەموو تەحەدییانەی دەوروبەر لە هەمانکاتدا پارتی هێزێکی تەحەدییە نەک ئیستفزازی، بەڵام ئەوانەی بە زمانی جنێو ڕەخنەی پارتی دەکەن دوێنێیان نییەو ئەمڕۆشیان جنێوە، لە کاتێکدا ڕکابەرایەتی ڕاستەقینە و سیاسەتی ڕاستەقینە ناتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدات ئەگەر ڕەچاوی مۆراڵی نەکردبێت.
هەر بۆیە ئەوانەی دەیانەوێ بە جنێودان بە پارتی و بە زمانی پیس دەنگ کۆبکەنەوە بە هەڵەدا چوون، چونکە میڵەتی پاک و ڕەسەن نایەوێ دەمپیس نوينەرایەتی بکات. شوکر میڵەتی کورد میڵەتێکی دەم پاک و ڕەسەنە، هەر بۆیە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن پارتی بەرەو لوتکە دەڕوات و جنێو فرۆشەکان هەر لە پێدەشتن. میڵەتی هۆشیار چۆن کەسێک خزمەتێکی گەورەی ئەدەبی و هونەری میڵەتەکەی دەکات خەڵاتی ڕێزلێنان و پێزانینی پێدەبەخشن ئاواش لە پرۆسەی سیاسیدا دەنگ دەبەخشنە ئەو لایەنەی کە ڕاستگۆیانە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا خزمەت بە میڵەتەکەی دەکات. هەر بۆیە پارتی براوەی گەمەی هەڵبژاردنە، بۆیە بە باوەڕی من ڕۆژێک دێت ئەو جنێو فرۆشانە دێن و داوای پارەی جنێوەکانیان لە پارتی دەکەن، چونکە لە کۆتاییدا تێدەگەن بەو جوێنانە چی خزمەتی پارتییان کردووە. بۆیە داوام لە هەموو پارتییەک هەیە بە زمانی ئیستیفزاز وەڵامی ئیستفزاز نەدەنەوە لەسەر هێڵی مۆراڵ رکەبەرایەتی بکەن.

© 2017 Hawler