تشرینی یەکەم 15, 2021

گەڕانەوەی فەرەنسا و بەریتانیا

ھێما نیازی حەمە عەزیز

 

فەرەنسا و بەریتانیا دەیانەوێت ڕۆڵێكی كاریگەرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بگێڕن، پاڵنەری ئەو خواستە بەشێكی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە هەردوو دەوڵەت لە سەدەی بیستدا ڕۆڵیان لە دابەشكردن و بەڕێوەبردنی عێراق و سووریا و لوبناندا گێڕاوە و هێشتا بە چاوی گرنگییەوە تێیدەڕوانن. بەشێكیشی پەیوەندی بەو بۆشاییە سیاسییانەوە هەیە كە لە بەرەنجامی سیاسەیی نوێی ئەمەریکا لە ناوچەكەدا كەوتووەتەوە.
دوو كابینەی پێشووی ئەمەریکا، ئەو ڕاشكاوییەی دەرخست كە ئەمەریکا بوونێكی ڕێژەیی خۆی لە ناوچەكەدا دەبێت. ئەمەریکا دەمێنێتەوە و كاریگەریشی دەمێنێت، بەڵام ئەگەرێكی بەهێزە تا ماوەیەك ڕۆڵی پۆلیسیی خۆی لە ناوچەكە لاوازبكات. ئەمە بەو مانایە نیە ڕۆژئاوا چاو لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین لاببات، بۆیە لەسەر ئاستی هاوپەیمانی، دەشێت بەریتانیا وەكو دەوڵەتی بەهێز و فەرەنساش وەكو دەوڵەتێكی بەپێگەی یەكێتیی ئەوروپا بوونی سیاسی و ئابووریی خۆیان لە ناوچەكەدا لە جیاتی ئەمەریکا بەهێزبكەنەوە. ئەم ستراتیژە هەم هەوڵێكە بۆ پاراستنی ڕەوتی لیبرالیزمی ڕۆژئاوا بەرانبەر هەژموونی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی دوور، هەم دەلاقەیەكە بۆ كۆكردنەوەی كۆمەڵێك بەرژەوەندیی ئابووری و تەناهی وكەمكردنەوەی شەپۆلی كۆچبەران بۆ ئەوروپا.
دابەشكردنی ئەو ڕۆڵانە پەیوەندییەكی بەهێزی بە دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەیە. لەبارەی عێراقەوە ڕاستە ئەو دوو دەوڵەتە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و دەستگرتن بەدۆخی باوەوە ناچارن پشتی عێراق بگرن، بەڵام ئەوە ڕوونە تا دوو دەیەی دیكە عێراق بە وڵاتی میلیشیایی و نادامەزراوەیی دەمێنێتەوە، ئەوەش سەرەنجامەكەی نادیار دەبێت. لەبەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە سێگۆشەی ئێران و توركیا و عێراقدا گرنگیی خۆی بۆ ڕۆژئاوا دەردەخات. هەرێمی كوردستان تا ڕاددەیەكی زۆر دۆخی لە عێراق جیاوازە، سەلماندوویەتی خۆی نەك هەڕەشە نیە، بەڵكو نوایەكی ئارامە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. باشووری كوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵە مێژووییەی كە بەریتانیا و فەرەنسا لە دابەشكردنیدا بەسەریاندا سەپاند، هێشتا چاوی لە هاوكاری و كاركردنە لەگەڵ ئەوروپا، بۆیە بە جۆرێك لە هاوسەنگییەوە، ئەوەندەی چاوی لەسەر ڕۆژئاوایە، هێندە هیوای لەسەر هاوسێكانی هەڵنەچنیوە. ئەم دیدگایە لەلای ڕۆژئاوا ڕۆشنە و دەشێت پەیوەندیی بەهێزتری لەسەر هەڵبچنرێت تا ڕاددەی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییە لە ئایندەدا.
دەمێنێتەوە هەرێمی كوردستان لە ناوخۆدا خۆی بەهێزبكات و بتوانێت بەرژەوەندیی گەورەتر لەگەڵ هاوپەیمانان بونیات بنێت. ئەو بەرژەوەندیسازییە كە ڕەوتی مێژوویی باشووری كوردستان دەگۆڕێت، دەبێت لە چوارچێوەی هاوكاریی شەڕی تیرۆر زیاتر بڕوات. ئەمەش پەیوەندییەكی پتەوی بە بەهێزبوونی ناوخۆیی و بازاڕی كێبەركێی ئازاد و هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو و فراوانكردنی ئازادییەكانەوە هەیە. ئەم ڕوانگەیە دەشێت متمانەی وەبەرهێنانی سیاسی و ستراتیژی بۆ هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستاندا بسەلمێنێت. هەر ئەوەشە وادەكات هەرێمی كوردستان پارێزراوتر بێت و نەیارە كلاسیكییەكانی ڕادەستی واقیعێكی نوێی سیاسی بن و نەتوانن نكۆڵی لێ بكەن.

© 2017 Hawler