تەمموز 24, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

ھۆشیار سیوەیلی 

 

دوای بیست ساڵ لە (ئازادکردن) ی ئەفغانستان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتوەکان و ھاوپەیمانەکانییەوە و بەردەوامبوونی جەنگ دژی بزووتنەوەی تالیبان لە سەردەمی سێ سەرۆکی ئەمەریکادا، سەرۆکی چوارەم کۆتایی بە مانەوەی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان ھێنا و بەمەش لای خۆیەوە کۆتایی بەو جەنگە بەردوامەدا ھێنا. ھەرچەندە پێشتر سەرۆک بایدن ڕایگەیاندبوو کە پێویستە تا ١١ی ئەیلول کشانەوەکە تەواو بێت و دواتر ئەم وادەیەی پێشخست و بوە ٣١ی ئاب، بەڵام زۆر بەر لەم وادەیەش کشانەوەکە تەواو کرا و ئێستا کەمتر لە ٥٠٠ سەرباز و کارمەندی پەیوەندار ماونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ھێزەکانی تاڵیبان لە جەنگەکەیاندا دژی حکومەت و سوپای ئەفغانستان سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەھێنن و بەشی زۆری ناوچەکانی وڵاتیان خستۆتە بندەستی خۆیانەوە و کەوتنی کابول نزیکبۆتەوە. ئەم کشانەوەیە کە زۆرێک لە شارەزایانی بواری جەنگ بە شکستی ئەمەریکا وسوپای ئەمەریکای دادەنێن بەرامبەر بزووتنەوەی تاڵیبان، ھاوشێوەی کشانەوەکەی ڤێتنامە لە ساڵی ١٩٧٣ دا.
لێکدانەوەی جیاواز بۆ ھۆکاری کشانەوەکە دەکرێت وخودی سەرۆک بایدن لایوایە ھۆکاری سەرەکی داگیرکردنی ئەنفغانستان لەناوبردنی القاعدە و ئوسامە بن لادن بوو کە بە کوشتنی بن لادن و لاوازکردنی القاعدە ئامانجەکە ھاتۆتەدی. ڕاوبۆچوونی تر لەمبارەیەوە ئەوەیە کە پلانی سەرەکی ئەمەریکا بریتیبوە لە ڕێگرتن لەوەی ئەفغانستان ببێتە بنکە و لانەی تێرۆریزم و دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەھێز کە بتوانێت ئەمن و ئاسایشی ولات و مافی مرۆڤ بپارێزێت، بەڵام ئەمەریکا لە ھێنانەدی ئەم ئامانجەی سەرکەوتوو نەبوە و گەڕانەوەی تالیبان بۆ سەر حوکم گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.
ھەرچەندە دۆخی عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا لە تەنیا دژایەتی تێرۆر گەورەترە، بەلام کاتێک مەسەلەی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات، یان مانەوەکە چیتر ھیچ ئامانجێکی سیتراتیژی ناھێنێتەدی و حکومەت و گەلانی عێراق بۆخۆیان بە تەنگ خۆیان و وڵاتەکەیانەوە نایەن، ئەوا کشانەوە لە عێراق دەبێتە کۆتایی ھێنان بە یەکێکیتر لە "جەنگە بێکۆتاییەکان" کە ئیدارە یەک لەدوای یەکەکان دەیانەوێت کۆتاییان پێبهێنن. ئەم ڕێچکەیە لە بیرکردنەوە و بڕیاری ویلایەتە یەکگرتوەکان شتێکی نامۆ نییە و ھەر ئەم پاڵنەرە بوو کە دوای ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨، ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١ دا ھێزەکانی کێشایەوە و جەنگی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا حکومەتی ئەو کاتەی عێراقی ناچار کرد داوای ھاتنەوەی سوپای ئەمەریکا بکات بۆ عێراق. ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق و شێوازی پێکهاتەی پەرلەمانی و حکومەت، سەرەرای ئاستی ھەڵچوونی کارە تێرۆریستییەکان، ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، بەڵام وەک باوە و دەوترێت ناکرێت ھێزێکی بیانی لە نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا سەرکەوتووبیت، ئەگەر نەتەوە و خەڵکی ئەو ولاتە خاوەن پرۆژەیەکی تۆکمەی خۆماڵی بۆ دەسپێکردن و سەرخستنی ئەو پرۆسەیە نەبن.

© 2017 Hawler