ئەیلول 27, 2021

دەستوور و بنیادنانەوەی کوردستان

لەتیف دەلۆ

 

ماوەیەک لەمەوبەر باسی دەستووری کوردستان زۆر گەرم بوو، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ سەردەوە بو ئەگەر وەک ڕەشنووسینەکەی پێشووی بەسەردا نەیات بەهۆی نەقاییلبوونی چەند لایەنێکەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە لایەن هاوڵاتییانەوە و بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم.
کوردستان پێویستی بە دەستوورێکی بەهێز و بەپێز و ناوازەیە هەموو پێکهاتەکانی ناو خۆی کۆ بکاتەوە لە ژێر سێبەری داد و یەکسانیدا؛ یەکەم لە مافدا و دووهەم لە ئەرکدا بێ هیچ جیاوازییەک و هەمان ئاماژە بە یاسای ئاڵا و دروشمە نیشتمانیەکەی کوردستان بکرێت بە شێوەیەک هەردوو ڕەمزەکە سیما و ڕەنگی هەموو دانیشتوانی کوردستان بگرێتە خۆی، وەک هەموو هاوڵاتیەک خۆی تێدا بە ڕوونی ببینێتەوە، ئەگەر تەنها کەسێکیش بێت لەم هەرێمەدا چونکە مارانگاز ئەزانی ئێشوئازاری پێوەدان چییە.
بۆ دانانی دەسەڵاتێکی بەهێز تا کوردستان بخاتە سەر ڕێگایەکی بەرەو لووتکە و هەموو کێشە و ناکۆکیەکان لەناو بەرێت پێویستە سیستەمی دەسەڵات سەرۆکایەتی ناوەندی بێت و هاوڵاتیان خۆیان ڕاستەوخۆ سەرۆک هەڵبژێرن ئەگەر لە هەرچی حیزب و لایەنێک بێت بە گوێرەی دەنگ و دەسەڵاتەکەی نمونەیی بێت تا بەرەڵایی و جنێو و بیروڕای ڕووخێنەر کۆنتروڵ بکات وەک سەرۆکوەزیرانی سەنگاپۆر (لێ کوان یو) چۆن بە سزا و بە وردببینیەکی بەهێز هەموو ناکۆکیەکانی نێوان هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی نەهێشت کە پێک هاتبوون لە مەلاوی و چینی و مالیزی و ئەندەنوسی و سەنگاپۆری و چەندین نەتەوەی دیکە؛ تەنانەت سزای توندی خستە سەر جاوینی بنێشت و فڕەدانی هەر شتێک شار و کۆمەڵگا پیس و ناشیرین بکات؛ سەنگاپۆری لە گۆماوێکی چڵکنەوە کردە دەوڵەتێکی پیشەسازی و باڵەخانەی سەربەهەور و، گەندەڵانی ڕسوا کرد؛ لە شەرم و ئابڕووچووندا وەزیری گەشەپێدان خۆی کوشت؛ لە ئاست دەستپاکی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان وەک ئەو سیستەمە پێویستی بە سەرۆکێکە هەموو گەندەڵکاران لە کوردستاندا ئەگەر لە شەرما خۆیان و گەندەڵیەکانیان ڕاست دادوەری نەکرد سەرۆک بە هێزی دەسەڵات و سزا لێیان بسەنێتەوە، ئەگەر وانەبێ واتە خۆمان بە دەستی خۆمان کوردستان بەرەو هەمان کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و کۆچکردن و ئاوارەیی و تاڵانی و خاک سووتاندنێکی دیکەی توندتر ئەبەین و ئەم جارەیان دڵنیا بن تەڕ بەر لە وشک ئەسووتێنێ بە هۆی ناکۆکی و لاوازی کوردەوە.
لە کوردستاندا هیچ ناکۆکیەکی سوور نییە لە نێوان هەمو نەتەوەکاندا وەک ئەوەی لە نێوان کورد بە کوردا هەیە وەک بیروڕای سیاسی بووەتە ڕقوکینە، ئەوەی خەباتی گێڕاوە بۆ خاکی کوردستان و پێکهاتەکانی ئەبێ هەمووی بێنە سەر یەک ڕێگا؛ وەک وتەیەک هەیە ئەڵێ هەموو ڕێگاکان بۆ ڕۆما ئەچێت؛ ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە خەباتیان گێڕاوە هەموو بێ جیاوازی تا کوردستانێک بنیاد بکرێ نەتەوەکانی داهاتوو نەفرەت لە باوباپیرانیان نەکەن وەک ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لە کوشتن و تاڵانکردن کۆچکردن لە زێدی باوباپیران.
سەرسوڕمانە ترس لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و ناوەندی کە حکومەت بەهێز ئەکات؛ چونکە بۆ کەسێک نەبڕاوەتەوە و، بە گوێرەی هەڵبژاردنە و ئەوەی بڕوای بە خۆی نییە بگاتە ئەو پۆستە بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان، بۆچ لاوازی دەسەڵاتی کوردستان ئەکاتە ئامانج؟ خۆ گەلی کوردستان نەنوستووە تا تاکە کەسێک گەمە بە ئاییندەی بکات؟

 

© 2017 Hawler