ئەیلول 27, 2021

 

عومه‌ر حسێن

  

هه‌ر بتبینم شیعرم بۆ د

گڕی شاگه‌شكه‌یه‌كی خۆش

سه‌راپا گیانم داده‌گرێ

ڕۆحم ڕووت رووت ده‌بێته‌وه‌ و گۆرانی بۆ باڵات ده‌چڕێ!

ده‌مگوت:

به‌ر له‌تۆ دنیا له ‌سوڕی مت بوونا ده‌مه‌یی

هه‌موو شتێ سڕ ده‌بوو له‌ ڕۆحی به‌فردا

هه‌موو شتێ كپ ده‌بوو له ‌بێده‌نگی به‌رد دا

هاتی، به‌ رووبارێك له‌ شه‌وقه‌وه‌

به‌ باهۆزێ له‌ كه‌یف سه‌وداوه‌

جیلوه‌ی نازت پژانده‌ بتخانه‌ی دنیاوه‌

ئیتر وه‌رزێ هات جیاواز، له‌هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ

پێیده‌ڵێن وه‌رزی ژیانه‌وه‌. . وه‌رزی پێنجه‌مین

* * *

له ‌ئه‌فسانه‌ی هه‌ور ده‌چیت، كه‌داده‌كه‌ی

وه‌رزێ دێت زۆر زۆر جوانتر

دڵگیر تر له‌ هه‌رچوار وه‌رزی ساڵ

پڕ پڕه‌ له‌ خورپه‌ خورپی دڵ. . جمه‌ی خوێن

پڕ پڕه‌ له‌ په‌لكه‌ زێرینه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ

له‌ بۆنی ته‌ڕیه‌تی ناو به‌هار

پڕ پڕه‌ له ‌نمه‌ی باران و

هاژه‌ی عاتیفه‌و قه‌لبه‌زه‌ی سۆز

داوه‌ستاو له‌ سووتانێكی نارنجی و

ته‌نكه‌ دوكه‌ڵێكی په‌مه‌یی

په‌نگ خواردوو له‌شنه‌ی سه‌مفۆنیاو

بۆنی عه‌ترێكی رۆمانسی

پێیده‌ڵێن وه‌رزی پێنجه‌مین

***

له‌ ئه‌فسانه‌ی خۆر ده‌چیت. . كه‌ هه‌ڵدێیت!

شه‌به‌نگی شه‌وقێك وه‌ك

ته‌قینی گه‌ینی گێلاسێك

وه‌ك پژانی خوێنی هه‌نارێك

خه‌رمانه‌ی تیشكێكی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ

له‌ ده‌وری روخسارت ده‌كێشێ

زۆر جوانتر له‌ هی مانگ

ئیتر وه‌رزێ دێت

جیاواز له‌ چوار وه‌رزی ساڵ

وه‌رزی سووتان وهه‌ناسه‌و ئاوێزانی رۆح

پیده‌لێن وه‌رزی پێنجه‌مین

***

سووتانی بخوورێك

كه‌ بۆ مه‌یلی گه‌یشتنت ده‌سووتێ

ئه‌و ناوه‌ قانگ ده‌دا، له‌ بۆنێ زۆر خه‌ستر له‌ مه‌ینی خوێن

دووكه‌ڵێك زۆر ته‌نكتر له‌ ڕه‌نگی ئاو

سروتێ، كه‌هه‌ر له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی نوێژی خوا ده‌چێت

به‌بارته‌قای ئاسمان داوه‌ستاو له‌ به‌فری سه‌رمه‌دی

په‌نگ خواردوو له‌بۆنی ته‌ڕیه‌تی ئه‌وین و

هه‌ناسه‌ی شیعری نوێ

پیده‌ڵێن وه‌رزی پێنجه‌مین

وه‌رزی عاشق بوون!

 

2004 رانیه

 

© 2017 Hawler